نادیاربوونی چارەنووسی چالاکێکی ژینگەپارێز لە مەریوان
هەینی ۰۳-۰۶-۱۴۰۲   |  25-08-2023
فەرزاد جاوید، چالاکی ژینگەپارێز و ئەندامی ئەنجوومەنی چیای سەوزی شاری مەریوان، ١١ ڕۆژ لەمەوبەر لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە لەو شارە دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو چالاکە ژینگەپارێزە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا، لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە. جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، فەرزاد جاوید لە لایەن ژمارەیەک لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری مەریوان دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.