چوار هاووڵاتی ڵە شارەکانی دێهلۆران، بۆکان، سنە و جوانڕۆ، بە دوای دەستبەسەر کرانیان لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە و هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، [ئەمین داوەری] خەڵکی شاری دێهلۆران سەر بە پارێزگای ئیلام، وێڕای تێپەڕبوونی چوار مانگ لە دەستبەسەرکرانی، هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و شوێنی ڕاگیرانی نادیارە. هەروەها [ڕەئووف شێخ مەعروفی]، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، شەوی دووشەممە رێکەوتی ٥ی بەفرانبار لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراوە و چارەنووسی نادیارە. لە لایەکی دیکەوە هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوی [ماهان بابایی] تەمەن ١٤ ساڵ، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بەفرانبار، لە ماڵی خۆیان و لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕفێندراوە و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی نادیارە. هاوکات [وریا قەمەری]، تەمەن ٣٧ ساڵ و هەڵسووڕاوی کرێکاری خەڵکی شاری سنە، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بەفرانبار، لە سێ ڕێیانی نمەکی ئەو شارە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.