لەم کۆبوونەوەیەدا کرێکارانی ئێران نوێنەریان نییە.
نە دەست و پەیوەندەکانی کۆماری ئیسلامی؛ نە ئەو ئەتەشەکول سازانەی لە دەرەوەی وڵات بەتەمای نوێنەرایەتی کردنی کرێکارانن؛ هیچ کامیان نوێنەری ڕاستەقینەی کرێکارانی ئێران نین.
١١٢هەمین کۆنفڕانسی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە ڕۆژانی ٣ تا ١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٤ لە ژنێڤ بەڕێوەدەچێت. کرێکارانی ئێران بەهۆی سەرکوت و بێبەریکردن لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، هیچ مافێکیان لەوانە مافی ڕێکخستن و مافی هەڵبژاردنی نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان نییە. بە درێژایی تەمەنی ٤٥ ساڵەی کۆماری ئیسلامی، هەر هەوڵێک بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوەی سەربەخۆ و گۆڕینی بارودۆخی سەختی کار و ژیان بەرەوڕووی سەرکوت و زیندان بووەتەوە. هەر لەم پەیوەندییەدا ڕێکخراوی جیهانیی کاریش سەرەڕای ئەو مەنشوور و یاسایانەی کە پێیان دەوترێ یاسا بنەڕەتییەکانی کار، هیچ بایەخێکی بە بەرژوەندی کرێکارانی ئێران نەداوە و هەروەک هاودەست و یارمەتیدەری کۆماری ئیسلامی، ڕێکخراوە حکوومەتییەکانی وەک خانەی کاریگەر و شۆرای ئیسلامییەکانی کار و نوێنەرانی دەستچنی ئەوانی لەجیاتی نوێنەرانی ڕاستەقینە قەبووڵ کردووە و بەم کردەوە دژەکرێکارییەی ئیعتباری بە دوژمنانی کرێکاران بەخشیوە. لەم ڕووەوە ئێمە کرێکاران و ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان و خانەنشینان خوازیاری وەرنەگرتنی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ڕێکخراوی جیهانیی کارین و خوازیاری بانگهێشت کردنی نوێنەرانی ڕاستەقینە و سەربەخۆی کرێکارانین.
داخوازییەکانمان بریتین لە:
- ئازادیی دەستبەجێ و بێشەرت و مەرجی کرێکارانی زیندانی و هەموو زیندانییانی سیاسی.
- مافی ڕێکخستن، ناڕەزایەتی، مانگرتن، ئەمنیەتی پیشە.
- هەڵوەشاندنەوەی بەتایبەتکردن، گرێبەستی کاتی، هەڵوەشاندنەوەی شیرکەتە پەیمانکارییەکانی دابینکردنی هێزی کار.
- هێنانەخواری تەمەنی خانەنشینی، زیادکردنی حەقدەست، کەمکردنەوەی سەعاتی کار.
- قەدەغەکردنی هەڵاواردن لەدژی کرێکارانی کۆچبەر لە ئێران.
- قەدەغەکردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی و یەکسانبوونی حەقدەست و یارمەتیی کار بۆ ژنان و پیاوانی کرێکار.
- قەدەغەکردنی کاری منداڵان و دابینکردنی بژێوی ژیان.
- خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و خوێندنی بێبەرامبەر.
- هەڵوەشاندنەوەی دەستبەسەرکردن، زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدام.
بێگومان کرێکاران بۆ بەدیهێنانی ئەم داخوازییانە جگە لە خەباتی ڕێکخراو و سازماندانی ڕێکخراوەی جەماوەری خۆیان هیچ ڕێگایەکی تریان نییە. کرێکارانی ئێران لە ئاستی نێونەتەوەییدا پێویستیان بە هاودەنگی و پشتیوانیی ژنان و پیاوانی کرێکارە.
بژی هاوپشتیی جیهانیی کرێکاران و سپاس بۆ هەوڵ و تێکۆشانی هاوکارانمان بەخاتری ئاکسیۆنی ٧ی ژوئەن کە ڕووبەڕووی شوێنی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە ژنێڤ، لە ناڕەزایەتی بە بەشداریی هەیئەتی دژەکرێکاریی ئێران کۆبوونەوەیان بەرپا کردووە. دەستیان بەگەرمی دەگوشین.
١٢ی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی
سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە
گرووپی یەکیەتیی خانەنشینەکان
کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان
کرێکارانی خانەنشینی خووزستان