شارستانی ئیزە لە پارێزگای خووزستان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی مانگی گوڵان بۆ جارێکی دیکە شایەدی حزووری خەڵکی ناڕازی لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی شار بوو. خەڵکی ئەمشارە لە ناڕەزایەتی دژبە شەپۆلی گرانیی بێوێنە و بەتایبەت نرخی کاڵا سەرەکییەکانی وەک برینج و گۆشت و هەروەها بە وتنەوەی درووشم دژبە ئیبراهیم ڕەئیسی هاتنە سەر شەقامەکان. هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان لە شاری ئیزە، خەڵکی ناڕازی لە شارەکانی ئەندیمشک و شاری کورد هاتنەسەر شەقام و بەوتنەوەی “خامنەیی حەیا کە، دەسەڵات ڕەها کە”، “ڕەئیسی حەیا کە، دەسەڵات ڕەها کە” خوازیاری کەنارەگیرییان لە دەسەڵات بوون. هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم هەوڵیان دا بە هێرش کردنە سەر خۆپیشاندەران و بە تەقەکردن بەربە درێژەی ناڕەزایەتیی جەماوەری وەگیانهاتوو لە هەژاری و گرانی بگرن. ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام ڕۆژی پێنجشەممە کاتێک دەستی پێکرد کە دەوڵەتی ڕەئیسی لەژێرناوی “ئیسلاح و هاوسەنگکردنی قیمەت” بەڕەسمی نرخی ڕۆن، مریشک، هێلکە و شیرەمەنیی بردە سەرێ. چەند ڕۆژ پێشتریش خەڵک لە شارەکانی سووسەنگێرد، فەلاحییەی شادگان، بێهبەهان، دێزفوول و سەرپۆلی زەهاب دژبە گرانی و چوونەسەرەوەی سەرسووڕهێنەری قیمەتەکان هاتبوونە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو. دەزگا ئەمنییەکانی دێزفوول ژمارەیەکی یەکجار زۆر هێزی ئینتزامی و ئەمنییەتییان بەشەو ڕەوانەی شوێنی کۆبوونەوەی خەڵک کردبوو و ناڕازییان بە وتنەوەی درووشمی “مەترسن، مەترسن، ئێمە هەموومان پێکەوەین” بەرەنگاریان بوونەوە.
بەهۆی لابردنی دراوی تەرجیحیی ٤٢٠٠ تمەنی، هەموو کاڵا پێویستەکانی خەڵک، بەردەوام و بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر گرانتر بوون. لە حاڵێکدا کە وتەبێژی دەوڵەت لە وتووێژ لەگەڵ میدیا دەوڵەتییەکان باسی لەوە دەکرد کە “قیمەتی نان تا کۆتایی ساڵ ناگۆڕدرێت و سەرۆک کۆمار ئیزنی گرانبوونی نانی نەداوە.” ڕۆژی ٦ی مانگی گوڵان لەسەر داوای وەزارەتی کەشاوەرزی و بە تەئیدی ڕێکخراوی پشتیوانی لە بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەران، نرخی ئاردی سینف و سەنعەت ئازاد کرا و بەو پێیە قیمەتی ئارد ٥ بەرابەر بوو و لە کیلۆی ٢٥٠٠ تمەنەوە گەیشتە ١٢ هەزار تمەن. هەروەها ئیبراهیم سیامی، بەڕێوەبەری زانیاریی ئابووریی وەزارەتی ئابووری، ڕۆژی ١٤ی گوڵان باسی لە سەهمییەبەندی و فرۆشتنی نان بە کۆدی میللی کرد. ئەم شەپۆلە لە گرانی و ناڕەزایەتیی خەڵک لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، ناکۆکی و کێشمەکێشی ناو دەسەڵاتی توندتر کردووەتەوە.
جەلیل ڕەحیمی جەهان ئابادی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی مەجلیس لە تویتێکی هوشدارئامێزدا ڕووبە دەوڵەتی ڕەئیسی نووسیی: “ئازادکردنی قیمەتی ئارد و حیسابکردنی بەپێی نرخی جیهانی بە دۆلار، هەڵەی گەورەی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری دەوڵەتە. ئەگەر قەرار بێت هەزینەی خەڵک بەپێی قیمەتی جیهانی بێت ئەوکات داهاتیشیان دەبێت لەئاستی جیهانیدا بێت و بە دۆلار بۆیان جیساب بکرێت نەک بە ڕیاڵی بێ ئەرزش. با سەبری خەڵک تاقی نەکەینەوە، ڕادەی تەحەمولی خەڵک ساڵەهایە گەیشتووەتە خوارترین ئاستی خۆی”. ئەم وتانە نیشانەی ئەوەیە کە باروودۆخی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێران هێندە دژوار و تاقەت پڕووکێنە کە لە نوێنەرانی مەجلیسەوە بگرە تا بەشێک لە ئۆسوولگەرایان و تەنانەت کەسانێکی وەک ڕەحیمیی جەهان ئابادی، کە بەردەواوم بە شاخ و باڵی دەوڵەتی ڕەئیسییاندا هەڵکوتووە، وەدەنگ هێناوە.
شەپۆلی ئەم دوایانەی گرانی و ناڕەزایەتیی جەماوەری وەگیانهاتووی خەڵک لە باروودۆخێکدایە کە ئیبراهیم ڕەئیسیی جەلاد بە درووشمی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گرانی و کێشەی بژێویی خەڵک کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی خۆی دەستپێکرد. بەڵام لە سەرەتای دەستبەکاربوونی دەوڵەتی ڕەئیسییەوە هەتا ئێستا نەتەنیا هیچ کرانەوەیەک لە ژیانی خەڵکدا پێکنەهاتووە، بەڵکوو بێکاری، تەوەرۆم و گرانی توندتر بووەتەوە و پانتاییەکی تازەیان بەخۆیان گرتووە. لەباروودۆخێکدا کە بەپێی ئاماری ڕەسمیی خودی کۆماری ئیسلامی پتر لە ٦٠ لەسەدی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، مانای توندبوونەوەی تەوەرۆم و گرانی و قووڵبوونەوەی مەودای حەقدەستی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەگەڵ هێڵی هەژاری شتێک نییە بێجگەلە پەرەسەندنی هێڵی هەژاریی موتڵەق. گومان لەوەدا نییە کە پەرەسەندنی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری نەتەنیا درێژەی مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان حەتمی دەکات، بەڵکوو بەستێنی تەقینەوە کۆمەڵایەتییەکانیش ئامادە دەکات. ناڕەزایەتی دژبەم شەپۆلە لە گرانی دەتوانێت ببێتە بەستێنێک بۆ پێکەوە پەیوەنددانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری، ناڕەزایەتیی مامۆستایان و ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام. پێکەوە پەیوەست بوون و سەرانسەری بوونەوەی ئەم ناڕەزایەتییانەیە کە دەتوانێت پاشەکشە بکات بە دەستدرێژیی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بۆسەر ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بەستێنی ڕێکخستنی سەرانسەریی ئەم ناڕەزایەتییانە ئامادە بکات.
لە جەرەیانی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام دژبە گرانی، جەماوەری وەگیانهاتوو بە وتنەوەی درووشم دژبە خامنەیی و ڕەئیسی و گشت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نیشانیان دا کە بۆ کردنەوەی گرێیەک لە کێشەکانیان هیچ هیوایەکیان بە باندەکانی دەسەڵات نییە. خەڵک دەزانن کە هۆکاری سەرەکیی گرانیی سەرسووڕهێنەر، هەژاری، بێکاری و بێبەشی خودی دەسەڵاتی ئیسلامییە.
کرێکارانی وشیار و جەماوەری بێبەش دەزانن کە تەنیا لەڕێگەی خەباتی یەکگرتووانە، یەکپارچە و سەرانسەرییەوەیە کە دەتوانن ئەم باروودۆخە بگۆڕن. خەبات دژبە گرانیی بەرین و بەردەوامی پێداویستییە سەرەکیەکانی خەڵک، خەبات بۆ بردنەسەرەوەی حەقدەست تا ئاستی دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی و خەبات بۆ دابینکردنی بیمەی بێکاری، بەستێنێکی گونجاوە بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی لە خەباتی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەریدا. لەسەر بەستێنی ئەم خەباتە، دەکرێت مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینکراوان و باقیی بەشەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام پێکەوە پەیوەند بدرێن و سەرانسەری ببنەوە. هەڵسووڕاوانی کرێکاری تەنیا لەسەر بەستێنی پەرەپێدان بە خەباتی کرێکاران دژبە هەژاری و گرانی و لەدەوری داخوازییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری دەتوانن یارمەتیدەری بابەتی سەرانسەری کردنەوەی ناڕەزایەتییەکان و ڕێکخستنی کرێکاران بن و ئاسۆی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی، دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆراییی کرێکاران، ڕیشەکێشکردنی هەژاری و پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و خۆشبژێو و بەدوور لە هەرجۆرە ستەمێک بخەنە بەردەم هەموو ستەملێکراوان و بێبەشانەوە.