فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرانسەری لە سێهەمین ساڵیادی تاوانێکی دژەمرۆییدا
شەممە ۱۷-۱۰-۱۴۰۱   |  07-01-2023

یەکشەممە ١٨ی مانگی بەفرانبار بەرابەر لەگەڵ ٨ی ژانویە، سێهەمین ساڵوەگەڕی بەردانەوەی فڕۆکەی ئۆکراینییە لەلایەن  سپای پاسدارانەوە کە بەهۆیەوە ١٧٦ کەس گیانیان لەدەست دا. سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دوای ئەنجامدانی ئەم جەنایەتە خۆفناکە، لە ترسی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەڕێگەی سەدا و سیما و باقیی میدیا و بڵینگۆ تەبلیغاتییەکانیان کەمپەینی درۆیان خستە ڕێ تا بەڵکوو بتوانن حەقیقەتی بەربوونەوەی ئەم فڕۆکەیە لە چاوی خەڵکی ئێران و بیروڕای گشتی لە ئاستی جیهان بشارنەوە. سەرانی ڕژیم دوای سێ ڕۆژ درۆنانەوە و لەژێر گوشاری ناتەباوێژیییەکانی خۆیان بە سەرشۆڕییەوە دانیان بەوە دانا کە فڕۆکەی موسافربەریی تاران – کیێڤ بە مووشەکی بالستیکیی سپای پاسداران بەربووەتەوە. سەرانی ڕژیم کە لەم سێ ڕۆژەدا بە بێشەرمییەوە هۆکاری بەربوونەوەی فڕۆکەکەیان کێشەی تێکنیکی ڕاگەیاندبوو، ئەمجارەیان لە بارودۆخێکدا کە ئیتر نەدەکرا جەنایەتەکەیان بشارنەوە، بۆ خۆفریودان ئیدیعای ئەوەیان کرد کە فەزای جەنگی لەم ڕۆژەدا و ئەگەری هێرشی ئاسمانی بووەتە هۆی ئەم ڕووداوە. بەڵام سێ ڕۆژ درۆودەلەسە و ناتەباوێژی بۆ خەڵک ڕوونی کردبووەوە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی چۆن حەقیقەتەکان دەکاتە قوربانیی بەرژەوەندی خۆی. هەربۆیە چەند سەعات لە دان پێدانانی ڕژیم بە بەردانەوەی ئەم فڕۆکەیە تێنەپەڕیبوو کە خوێندکارانی زانکۆی ئەمیرکەبیر، شەریف و هەزاران کەس لە خەڵکی تاران دژبەم جەنایەتە دەستیان دایە ناڕەزایەتی. ژنان و پیاوانی بوێر و ئازادیخواز بە دروشمی “بەسیجی، سپاهی، داعشی ئێمە ئێوەن”، “سپاهی حەیا کە، مەملەکەت ڕەها کە”، “ئەم هەمووە ساڵە جەنایەت، مەرگ بۆ ویلایەت”، “مەرگ بۆ خامنەیی”، “بە من مەڵێ فیتنەگەر، فیتنە ئەتۆی ستەمگەر”، تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خۆیان دژبەم جەنایەتە هاوار کرد. ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و دلێر دەنگیان هەڵبڕی و هاواریان دەکرد: “ئێمە جەنگاوەرین”، “کوشتەمان نەدا کە سازش بکەین، ڕێبەری قاتڵ ستایش بکەین”. خەباتکاران بوێرانە بەرەنگاری هێرشی مۆتۆرسوارانی گاردی ویژە و تەقەی گازی فرمێسکڕێژ بوونەوە. بۆ سەرانی ڕژیم دەرکەوت کە کارناواڵی سێ ڕۆژەیان بۆ قاسم سولەیمانی ئەم فەرماندە جەنایەتکارەی سپا و ڕێژەی تەرمەکان هیچ کاریگەرییەکی نەبووە و بووەتەوە هیچ.

 ماوەیەک دوای بەردانەوەی فڕۆکەکە لەلایەن سپای پاسدارانەوە، خامنەیی وەک فەرماندەی گشت هێزەکانی ڕژیم لە خوتبەی نوێژی جومعەیدا لەجیاتی عوزر خواستن، لە فەرماندەکانی سپا بەخاتری تەوزیحی درۆیینیان بە خەڵک سەبارەت بە بەردانەوەی فڕۆکەکە دەستخۆشیی کرد. ئەو لەوە تووڕە بوو کە جەماوەری خەڵکی ئێران دەستبەجێ هاتنە شەقامەکان و ئەم جەنایەتەیان بە دروشمەکانی وەک “نابوود بێ کۆماری ئیسلامی”، “مەرگ بۆ خامنەیی” و بە دڕاندنی وێنەی قاسم سولەیمانی مەحکووم کردبوو. ئێستا کە سێ ساڵ لەم تاوانە دژە مرۆییە تێپەڕیوە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا وڵامێکی بە بنەماڵەی گیان بەختکردووان و خەڵکی ئێران و بیروڕای گشتیی لە ئاستی جیهاندا نەداوەتەوە، نەتەنیا کۆمەکی بە ڕوونکردنەوەی دۆسیەی ئەم جەنایەتە نەکردووە، نەتەنیا هۆکار و بڕیاردەرانی تەقەکردنی لەم فڕۆکە موسافیربەرییە نەناساندووە، بەڵکوو دەزگا ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسداران  و دەزگای  قەزایی ڕژیم هێشتا بەردەوامن لە ئەشکەنجەدان، زیندانیکردن و تۆمارکردنی دۆسیە بۆ ئەوانەی ناڕەزایەتییان دژبەم تاوانە دەربڕیوە.

  ئێستا لە بارودۆخێکدا لە سەروبەندی سێهەمین ساڵوەگەڕی بەردانەوەی فڕۆکەی موسافیربەریی پی ئێس ٧٥٢ و ئەم جەنایەتە دژەمرۆییە لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی داین، کە نزیکەی چوار مانگ بەسەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران تێپەڕیوە. لەم ماوەیەدا حزووری ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە ناڕەزایەتیی شەقام، لە زانکۆ و مەدرەسە و لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکان و بە دروشمی شۆڕشگێڕانە و تاکتیکی جۆراوجۆر، مانگرتنی کرێکاری، مانگرتنی بازاڕییان لەو شارانەی کە ناوەندی داغی ئەم ناڕەزایەتییانە بوون و بە گشتی ڕەوتی بارودۆخی سیاسیی، وشیاربوونی حەماوەری خەڵکی لەئاست زەروورەتی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانی بەڕوونی نیشان داوە. ئێستا لە سەروبەندی  سێهەمین ساڵهاتی ئەم جەنایەتە دژەمرۆییەدا دەیان ڕێکخراو و ناوەندی جۆراوجۆری خوێندکاری، لاوانی شۆڕشگێڕی گەڕەکەکان، دایکانی شۆڕش و پێشڕەو لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران  دەست لەناو دەستی یەک بانگەوازی بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرانسەرییان بۆ ڕۆژی ١٨ی مانگی سەرماوەز دەرکردووە. بە بەشداریکردن و پەیوەست بوون بەم ناڕەزایەتی و مانگرتنە سەرانسەرییە، با بۆ جارێکی دیکە مۆری ئەم تاوانە دژەمرۆییە لەناوچاوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بدەین و وزەیەکی تازە ببەخشین بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لەپێناو ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co