فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ناڕەزایەتی و مانگرتنی ١٤ و ١٥ و ١٦ی سەرماوەز، ئەزموونێکی بەنرخ
چوارشەممە ۱۶-۰۹-۱۴۰۱   |  07-12-2022
ناڕەزایەتی و مانگرتنی ١٤ و ١٥ و ١٦ی سەرماوەز، ئەزموونێکی بەنرخ

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بە قارەمانیەتی و بوێریی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، شەقام و زانکۆ و مەدرەسە و کارخانەکانی کردووەتە مەیدانی نەبەرد و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی. ئەوان ئیرادەیان کردووە کە بە کەمتر لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ڕازی نەبن. دروست هەر ئەم ئیرادە و پایەداری و خۆڕاگرییەش بووەتە ڕەمزی درێژەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە. هەر ئەوەندە بەسە تا سەرنج بدەینە سەدان بانگەواز بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتی لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ و ١٦ی سەرماوەز تا بەرینایی ئەم ئاخێزە ببینین. لە کرێکارانی پڕۆژەیی نەوت تا کارخانەکانی فولاد، لە کرێکارانی ماشێنسازییەکان تا ئێران خودرەو و سایپا، لە زەوبی ئاهەنی ئیسفەهانەوە تا زوغاڵی سەنگ، مس، تەڵا و فیروزە، لە شۆفیر کامیۆنەکانەوە تا شۆفیرانی خەتی واحید، لە بازاڕیانەوە تا کامیۆنداران، لە شۆرای هەماهەنگیی سینفیی فەرهەنگیان تا بانگەوازی کادری دەرمان، لە دانشجوەکانەوە تا دانش ئاموزەکان و کۆمەڵێکی بەرین لە لاوانی شۆڕشگێڕ و کۆمیتەی گەڕەکاکی شارە جۆراوجۆرەکان، لە بانگەوازەکانی خۆیاندا ڕایانگەیاندووە کە بۆ درێژەی بزووتنەوە و دژبە تاوانەکانی ڕژیم بۆ ئازادیی گشت زیندانییانی سیاسی دەست دەدەنە ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەراسەری. هەموو ئەمانە نیشانی دەدات کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ خۆیەکلاکردنەوە لەگەڵ ڕژیم پێشڕەویی خۆی درێژە پێدەدات.

لەو ماوەیەدا ڕژیم پەنای بردووەتە تەنیا تاکتیکی خۆی واتە سەرکوت. بەکرێگیراوانی جەنایەتکاری ڕژیم بە سیلاحی جەنگی بەرەو خەڵک تەقەیان کرد. کوردستان و سیستان و بەلوچستانیان خەڵتانی خوێن کرد. فەزای پادگانییان بەسەر زانکۆ و مەدرەسەکاندا زاڵ کرد. لە زۆربەی شارەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی خەباتکاران. سەرانی ڕژیم لەو خەیاڵە خاوەدا بوون کە دەتوانن ئاگرێک کە سەرتاسەری کۆمەڵگەی داگرتووە خامۆش بکەن. بۆ جارێکی دیکە زەینیەتی مێژوویی کۆمەڵگە کارنامەی زیاتر لە چوار دەیە حاکمیەتی سەرمایەداری – ئیسلامی و وەحشگەرییەکانی بینی. بەڵام ئیتر ئەوە دەیەی شەست نییە کە کوشتاری ڕژیم فەزای خۆف و سەرسووڕمان بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ بکات و قوربانییان بخرێنە گۆڕە بێ ناو و نیشانەکانەوە. ئەمجارەیان خەڵک مەراسیمی بەخاک سپاردنی ئازیزانیشیان کردە مەیدانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەکرێگیراوانی سەرکوتگەری ڕژیم. ئەمجارەیان لاوان سینگیان کردە قەڵغان و سەربەرزانە و بوێرانە شەو و ڕۆژ هاتنە خەیابانەکان و بۆ ڕاماڵینی هێزی سەرکوتگەر و بۆ دیفاع لە خۆیان پازگا و ناوەندەکانی سەرکوتی ڕژیمیان ئاگر تێبەردا.

واقعییەت ئەوەیە کە خەڵک شتێکیان نییە بۆ لەدەست دان. ئەم خەڵکە ڕۆژانە ئاکامە دڵتەزێنەکانی حاشیەنشینی، زۆربوونی ژمارەی منداڵانی کار، بێکاریی ملیۆنیی و ژیان بەسەر بردن لەژێر هێڵی هەژاری هەست پێ دەکەن. ژنانی ئەم کۆمەڵگەیە زیاتر لە چوار دەیەیە بەدیل گیراون. کرێکاران بەخاتری داواکردنی سەرەتاییترین مافیان دراونەتە بەر شەلاق و گولـلە. ئەم خەڵکە بە بەند کێشرانی مامۆستایان، خانەنشینان، کرێکاران، ژنان، ژینگەپارێزان، نووسەران، وێبڵاگ نووسان، هونەمەندان، بە بەندکێشرانی ئازادی و حورمەتی ئینسانیان بینیوە و چیتر حازر نین لە ژێر چەرخ دەندەکانی ئەم سیستمە دژە ئینسانییەدا بژین. بێ دەلیل نییە کە شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی پەیمانیی نەوت لە فەراخانی پشتیوانیی خۆی لە ناڕەزایەتی سێ ڕۆژەدا دەنووسێت: „ئەم ناڕەزایەتییانە دژ بە سەرکوت، دژبە ئیدامەی دەستگیرکردن و تەقەکردن لە ناڕازییان، دژبە دەرکردنی حوکمی موحاربە بۆ لاوان و خەڵکێکە کە ژانی هاوبەشیان هەیە و لە ڕاستیدا ناڕەزایەتییە دژبەو هەمووە هەژاری و بێ مافییە”. هەروەها لە درێژەدا دەنووسێت: „ئێمە کرێکارانی پەیمانی پڕۆژەیی نەوت شان بە شانی هەموو خەڵکی ئێران لەم ڕۆژە ئیعتڕازییە پشتیوانی دەکەین. هەموو کرێکارانی زیندانی، موعەلیمان و خوێندکارانی دەستبەسەرکراو و دەیان هەزار دەستبەسەرکراوی ئەم دوایانە، دەبێ ئازاد بکرێن. حوکمی موحاربە و زیندان دەبێ هەڵوەشێتەوە و مەحکوومە. بۆ ئێمەی خەڵک ڕێگایەک بێجگەلە خەباتی یەکگرتوو بۆ دیفاع لە ژیانمان نەماوەتەوە”.

ئێستا بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە ئیتر ڕاوەستان ناناسێت و سوورە لەسەر ئەوەیکە ڕژیم بڕووخێنێت. لە هەمان حاڵدا هەموومان دەزانین کە ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە بۆ ڕێگری لە ڕووخانی خۆی، ماشێنی سەرکوتەکەی بۆ ساتێکیش ڕاناگرێت. پەیامی حکوومەتی جەنایەتکاران ڕوونە، سەرکوت و کوشتار لە خەیابان و ئەشکەنجە و ئێعدام لە زیندانەکان. پێویستە کوشتار، گرتن و ئەشکەنجە و ئێعدام بەری پێ بگیرێت. بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کوشتار و دەستگیرییەکانی ڕژیم هیچ ڕێگایەک بێجگەلە ئیدامە و پەرەپێدانی خەباتی شۆڕشگێڕانە، بێجگەلە جەماوەریتر کردنەوەی هەرچی زیاتر ئیعترازەکان، وێکخستنی ناڕەزایەتیی شەقام و مانگرتنی کرێکاری و مانگرتنی گشتی بوونی نییە. تەنیا بە جەماوەریتر کردنەوەی هەرچی زیاتری ناڕەزایەتییەکانی ئێستا، بە سەراسەری کردنەوەی هەرچی زیاتری ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە و بە بەرپاکردنی مانگرتنی سیاسیی گشتی، ماشێنی سەرکوت و کوشتاری ڕژیمی ئیسلامی زەمینگیر دەکرێت. ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی ڕۆژانی ١٤ و ١٥ و ١٦ی سەرماوەز هەنگاوێکی بەنرخە لەم ڕاستایەدا. لە تۆڕی پێکەوە پەیوەنددراوی ژنان و پیاوانی شۆڕشگێڕ لە مەحەلاتی شارەکانی ئێران، لە هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری، لە چالاکان و ڕێبەران و ناوەندەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری، لە مامۆستایان و خوێندکاران چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونەکانی هەتا ئێستا بۆ هەرچی جەماوەریتر کردنەوە و سەرانسەری کردنەوەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە تێبکۆشن. پێویستە بە بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەرین لە بەرامبەر زیندان و ئەشکەنجەخانەکانی ڕژیم حوکمی ئازادیی سەرجەم زیندانییانی سیاسی دەربکەین.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co