نیوزلەند ١٨ بەرپرسی ئەمنییەتی- قەزایی دیکەی کۆماری ئیسلامیی بەهۆی دەستێدابوونیان لە سەرکوتی خەڵک لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا، خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە. ئەبولقاسم سەڵواتی، بەرپرسی لقی ١٥ی دادگای تاران، محەممەد موقیسە دادوەری دیوانی باڵا و دادگای ئینقلابی تاران، مووسا ئاسف حوسێنی، دادوەری دادگای ئینقلابی کەرج و حوسێن نەجات، جێگری فەرماندەی قەرارگای ساروڵڵا، لەو کەسانەن کە تەحریم کراون.
دەولەتی نیوزلەند لە ڕاستای پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا، ڕێکەوتی ١٥ی فێورییەی ئەمساڵ و ١٢ی دێسامبری ساڵی ڕابردووش، چەندین بەرپرسی ڕژیمی ئیسلامی تەحریم کردبوو.
هاوکات لەگەڵ ڕاپەڕینی شۆرشگێڕانەی خەلکی ئێران دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، دەوڵەتی نیوزلەند ڕایگەیاندبوو کە وتووێژە مافە مرۆییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە خەڵکی ئەو وڵاتەی لە سەرەتاییترین مافەکان بێبەش کردووە، هەڵدەپەسێرێت.