فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا
پێنجشەممە ۱۶-۰۹-۱۴۰۲   |  07-12-2023

جووتیار ئەشرەفزادە، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری پیرانشار کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژینا”دا دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپاوە، جارێکی دیکە دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە کرا.
ڕۆژی سێشەممە؛ ١٥ی سەرماوەز، جووتیار ئەشرەفزادە، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری پیرانشار، پاش ئەوەی کە لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکان لەو شارە بانگ کراوە، دەستبەجێ دەستبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی سزای ٢١ مانگ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە کرا.
ئەو هاووڵاتییە یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی ژینا لە شاری پیرانشار بووە و لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی “پێکهێنانی باند و گرووپ دژی ئاسایشی نەتەوەیی”، سزای ٣ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا. دواتر ئەو سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ ٢١ مانگ بەندکردن کەم کرایەوە.
شایانی باسە کە هاوکات مەهوەش تەوەسولی، هاوژینی جووتیار ئەشرەفزادە، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی، لەلایەن هەر ئەو دادگایەوە سزای دوو ساڵ بەندکردن لە ماڵەوە بە پێبەندی ئەلیکترۆنیی بەسەردا سەپاوە.
مەهوەش تەوەسولی و جووتیار ئەشرەفزادە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕەزبەری ئەمسال لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری پیرانشار و لە ماڵی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کران، پاشان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانە ئازاد بوون.