فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هاووڵاتیەکی خەلکی بۆکان بۆ جارێکی تر دەستبەسەر کرایەوە
چوارشەممە ۰۴-۱۱-۱۴۰۲   |  24-01-2024

ڕۆژی سێشەممە ٣ ڕێبەندان، مەتین حەسەنی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، جارێکی دیکە لە ماڵی خۆیان و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرایەوە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، دوو ڕۆژ دوای ئەوەی کە مەتین سەردانی سەر گلکۆی یەڵدا ئاقافەزڵی کرد و گرتەڤیدیۆیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردەوە، دەستبەسەر کرا.
یەڵدا ئاقافەزڵی، هونەرمەندی ناڕازی کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی بزووتنەوەی ژینا لە شاری تاران و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ئازادبوونی لە بەندیخانە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.
هەروەها مەتین حەسەنی سەردانی گلکۆی گیانبەختکردووانی دیکەی وەک؛ ژینا ئەمینی، نیکا شاکەرەمی و کیان پیرفلەک کردبوو.
شایانی باسە کە ئەو لاوە بریندارە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خوێناویی خەزەڵوەری ١٣٩٨، بە تەقەی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی چاوی چەپی بریندار بووە.
ناوبراو مانگی سەرماوەزی ١٣٩٨ لە کاتێکدا کە بۆ چارەسەریی چاوە بریندارەکەی لە تاران لەژێر چاودێریی پزیشکدا بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە لە ناوەندێکی پزیشکی دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد بوو.