ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمە، شێرزاد ئەحمەدی نژاد، تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان کە مانگێک پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ورمێ ڕفێندرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی ئەو ناوەندە حکوومەتییەدا گیانی لەدەست داوە.
ناوەندەکانی ڕژیم رۆژی سێشەممە پەیوەندیی تەلەفۆنییان بە بنەماڵەی ئەحمەدی نژادەوە گرتووە و ڕایانگەیاندوو کە بۆ ئازادیی کاتی کوڕەکەیان بارمتە دانێن، بەڵام رۆژی چوارشەممە بەو بنەماڵەیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان گیانی لەدەست داوە و هۆکاری مردنەکەشیان جەڵتەی دڵ ڕاگەیاندووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەحمەدی نژاد ڕایگەیاند: “ئێمە لە ڕێگەی سەرچاوەی جێگای متمانەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە شێرزاد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە و ناوەندە حکوومەتییەکان تا ئامادە نین تەرمی شێرزاد ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە”.
بەپێی زانیارییەکان، شێرزاد ئەحمەدینژاد، ڕۆژی چوارشەممە، ٢۶ی ڕێبەندان، هاوڕێ لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوی خالق محەممەدنژاد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە گواستراونەتەوە کە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووسی خالق محەممەدنژاد لە بەردەستدا نییە.