فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هێرشی سایبێری بۆ سەر وێستگەکانی سووتەمەنی لە ئێران
سێشەممە ۲۸-۰۹-۱۴۰۲   |  19-12-2023

دوابەدوای پچڕانی خزمەتگوزارییەکان لە بەنزینخانەکانی سەرتاسەری ئێران لە سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەزدا، وەزیری نەوتی ڕژیم ڕایگەیاند کە هێرشی سایبێریان کراوەتە سەر، دوابەدوای ئەوە گرووپی هاککێری ”گۆنجێشکی دەڕندە” بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشەی وەئەستۆ گرت.
جەواد ئەوجی وەزیری نەوتی ڕژیم بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە خزمەتگوزارییەکان لە نزیکەی ٧٠ لەسەدی بەنزینخانەکانی ئێران پەکیان کەوتووە و تەنیا ٣٠ لەسەدی بەنزینخانەکان کار دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، گرووپی هاککێری ناسراو بە “گۆنجێشکی دەڕندە” کە کۆماری ئیسلامی پێێ وایە سەر بە ئیسرائیلە، ڕۆژی دووشەممە لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس و کەناڵی تێلێگرامیی خۆی بەرپرسیارێتی ئەم هێرشە سایبێرییەی وەئەستۆ گرت.
ئەم گرووپە نووسیویەتی: ”ئێمە، گرووپی گۆنجێشکی دەڕندە، جارێکی دیکە سیستمی دابینکردنی سووتەمەنیی کۆماری ئیسلامیمان کردە ئامانج. خامنەیی! وەک پێشتر هۆشداریمان دابوو، بەرامبەر بە جموجۆل و هەوڵە خراپەکانتان لە ناوچەکەدا کاردانەوەمان دەبێت.”
هێرشی سایبێری بۆ سەر وێستگەکانی سووتەمەنی و ژێرخانەکانی دیکەی ئێران پێشتریش ڕووی داوە، ساڵی ڕابردوو لە مانگی پووشپەڕدا تەنیا ڕۆژێک دوای پەسەندکردنی گەڵاڵەی پێکهێنانی ڕێکخراوی پەدافەندی غەیری عامیل لە مەجلیسی ڕژیم، هێڵی بەرهەمهێنانی سێ کارگەی گەورەی پۆڵای ئێران بەهۆی هێرشێکی سایبێری تووشی پچڕان بوو.
جێگەی ئاماژەیە کە پێشتر گرووپی “گۆنجێشکی دەڕندە” بەرپرسیارییەتی هێرشی سایبێری بۆ سەر تۆڕی شەمەندەفەری ئێرانیشی لە ئەستۆ گرتبوو.