ڕۆژی هەینی ٧ی گوڵان، سدیق محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادرکەرەم راگەیاند، کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە رێگەی درۆنەوە بۆردوومان کراوە و تا ئێستا قەبارەی زیانەکان نەزانراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەکانی رابردوودا چەندین جار هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ و بەهۆی هێرشەکانەوە، هەناردەكردنی گاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرابوو.
ئەم کێڵگەیە رۆژانە چوار هەزار و ٢٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت کە لەو بڕە ٢٨٠٠ مێگاواتی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەوەش دەمێنێتەوە رەوانەی هەردوو پارێزگای کەرکووک و مووسڵ دەکرێت. شایانی باسە،لە ئەنجامی ئەم هێرشە چوار کرێکاری ئەم پڕۆژەیە کە خەڵکی یەمەن بوون بە ناوەکانی “حیسام مەممەد ئەحمەد، عەوەز عەبدە عەلی، عەلی عەبوود ئەحمەد و یووسف یاسر حەموود” گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.