بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕ، ڕامین شکاک، خەڵکی سەڵماس لە کاتی هێرشی سپای پاسدارن بۆ ماڵی کۆڵبەرەکان کوژراوە و چەند کۆڵبەرێکی دیکەش بریندار بوونە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای کوژران و بریندار بوونی چەند کۆڵبەرێک تێکهەڵچوون لەنێوان هێزەکانی سپا و کۆڵبەرەکان هاتووەتە ئاراوە و دوو پاسداریش بریندار بوون. شایانی باسە، ماڵی کۆڵبەرەکان لە ئەنجامی هێرشی سپای پاسداران بە چەکی ئاڕ پی جی بە تەواوی وێران بووە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆڵبەرێکی بریندار، دوای شەڕێکی ٦ کاتژمێری لەگەڵ سپای پاسداران دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بە پێی دوایین زانیارییکان، هێزەکانی سپای پاسداران بە بیانووی هەبوونی هێزەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەو گوندە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو کۆڵبەرانە.