بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە هێرشێکدا بۆ سەر گوندی “سەریاس” سەر بە شاری پاوە، چەند هاووڵاتییەکیان دەستبەسەر و هاووڵاتییەکی دیکەیان بەناوی “فواد حسێنی” بریندارکردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢ی گەلاوێژ، هێزە چەکدارەکانی ڕژیم، کە پێکهاتبوون لە ٢٠ ئۆتۆمبێل هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی کاسبکاران لە گوندی سەریاس سەر بە شاری پاوە و چەندین هاووڵاتییان بە ناوەکانی “سەروەت حسێنی، تاعەت ساڵحی، سەمیر شۆشمێ، ئارمان مەحموودی و خەبات عەزیزی” بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەرکردووە. هەروەها، لە ئەنجامی بەرگری خەڵک لە بەرانبەر هێزەکانی ڕژیم، ئەم هێزانە ڕاستەوخۆ خەڵکیان داوەتە بەر دەستڕێژ کە بەهۆیەوە لانیکەم هاووڵاتییەک بەناوی فواد حسێنی برینداربووە. هاوکات هێزەکانی ڕژیم هێرشیان کردووەتە سەر گوندی “سورەتوو” سەر بە شاری سەوڵاوا کە لەگەڵ بەرەو ڕووبوونەوە خەڵک و کاسبکاران بوونەتەوە. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای ڕوودانی ئەم تێکهەڵچوونە هێزەکانی ڕژیم لەم گوندەدا جێگیربوون.