دوابەدوای بڵاوبوونەوەی نامەی ناڕەزایی زیاتر لە ٨٠٠ زیندانیی سیاسی لە زیندانی ورمێ، گاردی زیندان هێرشی کردەسەر بەندی زیندانیانی سیاسی.
ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەشەممە، هێزە سەرکوتگەرەکانی گاردی زیندان بە شیوەیەکی وەحشیانە دەستیان کرد بە لێدانی زیندانییەکان و لەناوبردنی کەلوپەلی شەخسی زیندانیەکان. دەگوترێ ئەم هێرشە لە تۆڵەی ناڕەزایەتی زیندانیان لە بەرامبەر بارودۆخی نالەباری زیندان و خراپ بەڕێوەبردنی پەیمان خانزادە بەرپرسی زیندان ئەنجام دراوە.
بەهۆی ئەم هێرشە وەحشیانە ٢کەس لە زیندانیانی سیاسی بە ناوەکانی: حەسەن عۆمەرپوور و ئەشکان عۆسمان نژاد لە ناڕەزایەتی بەم کردەوەیە ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەرداوە و لاقیان بەسەختی سووتاوە، هەروەها ٥ زیندانی تریش لەم هێرشەدا بریندار بوون.
پەیمان خانزادە، بەرپرسی زیندان، دوای ئەم ڕووداوە، دەرگای زیندانیانی سیاسیی قوفڵ کردووە و ڕێگری لە گواستنەوەی بریندارەکان بۆ بێهداری کرد.
ئەم کارە نامرۆڤانە لە حاڵێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراوی زیندانی ورمێ بەرامبەر بە بارودۆخی نالەباری ئەو زیندانە، گوشاری دەروونی و چەندین خۆکوژی لەم زیندانەدا ناڕەزایەتیان دەربڕی و خوازیاری دەرکردنی پەیمان خانزادە، بەرپرسی زیندان بوون.