لە ئەنجامی هێرشی گرووپێکی توندئاژۆی سەلەفییەکان بۆ سەر بنەماڵەیەک لە شاری سنە، “کەریم قەوامی” کوژرا و براکەی “خالید قەوامی”، بەهۆی پێکرانی بەچەکی سارد لە چەشنی چەقۆ و قەمە بەسەختی برینداربوو و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، ئەم گرووپە توندئاژۆیە سەلەفییە لەژێر ناوی “ئیرتداد و کفر” هێرشیان کردووەتە سەر ئەم بنەماڵەیە لە گەڕەکی عەباساوای شاری سنە. شایانی باسە، کەهێزە حکوومەتیی و ئەمنییەکانی ڕژیم بە هیچ شێوەیەک دەست تێوەردانیان نەکردووە. جێگای ئاماژەیە، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، گرووپە سەلەفییەکان لە کوردستان لە ڕێگای کەناڵی ئینستاگرامی و تێلێگرامییەوە ڕاستەوخۆ، بەپشت بەستنی تاکڕەوانە و شەخسی خۆیان بۆ ئیسلام، لەژێر ناوی “فەتوا” هەڕەشەی کوشتن لە هاووڵاتییان دەکەن. شیاوی ئاماژە پێدانە کە سەرەڕای کۆنترۆڵی توندی ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر هەرچەشنە چالاکییەکی مەدەنی و سیاسی لە شارەکانی کوردستاندا، بەشێوەیەکی کردەیی هیچ هەنگاوێک بۆ ڕێگری لە هەڕەشەی ئەم کەسانە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتییان هەڵنەگیراوە.