یەکێک لەو هێزە سیاسییانەی کە لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا لە گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێوەیەکی بەرچاو حزووریان بووە، گرووپە جۆراوجۆرەکانی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بوون. گۆڕانکاریی بێ ئەژماری سیاسی و کۆمەڵایەتی لەم ناوچەیە و ڕەنگدانەوەی بەرین و ڕاستەوخۆیان لەئاستی نێونەتوەییدا تا ڕادەیەکی زۆر، بۆ ڕۆڵی هێزە سیاسییە ئسیلامییەکان دەگەڕێتەوە. ئەم ناوچەیە لە ئێستادا لەناو ئاگری شەڕی خوێناوی و مەرگباری فرقەیی و دەستتێوەردانی نیزامیی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستی ناوچەکەدا دەسووتێت و بووەتە مەیدانی ڕمبازێنی ڕەوتە میلیشیا ئیسلامییەکان. چەندین دەیەیە کە ئەم ڕەوتە کۆنەپەرستانە، پاردۆکسئاسا، هێندێک جار بە خزمەتکردن و هاوئاراستەیی لەگەڵ هێزە ئیمپریالیستەکان و هێندێک جاریش بە دژایەتییەکی نیوەچڵ لەگەڵیان، بوونەتە ئەکتەری سەرەکیی گۆڕەپانی سیاسەتی ژێئۆپۆلیتیکی ناوچەیی و جیهانی.
سەرهەڵدانی قارچ ئاسای ئەم ڕەوتانە لە قۆناغە جۆراوجۆرە مێژووییەکان و حزووریان لە بزووتنەوەی سیاسی و یان بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لە هێندێک وڵات و داسەپاندنی سیاسەتی کۆنەپەرستانە و کەشوهەوای دیکتاتۆری و زەبروزەنگ بەسەر کۆمەڵگا، ئاکامی پەرەسەەندنی نیزامی سەرمایەداری و کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەروەها کێبەرکێی ژێئۆپۆلیتیکی و کێشمەکێشی نێوان دەسەڵاتە گەورەکانی جیهان و ناوچەکە بووە. دوایین نموونەشی بەدەسەڵات گەیشتنەوەی دووبارەی هێزی کۆنەپەرستی تاڵەبان لە ئەفغانستان لەڕێگەی سات و سەودای دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاوایە و ئەم کۆمەڵگایە بووەتە جەحەنەمێکی تاریک بۆ زۆربەی خەڵکی ئازاردیتووی ئەم وڵاتە.
هەرکات دەستەواژەی “ئیسلامی سیاسی” بەکار دێنین، مەبەستمان لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو ڕەوتە سیاسی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەن کە لەناو گەشە و پێگەیشتنی پەیوەندەکانی سەرمایەداری و لە ئاکامی بۆشایی سیاسی – ئایدیۆلۆژیک لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا سەریان هەڵداوە و بەردەوام هەوڵیان داوە دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە بگرن تا لەم ڕێگەوە فەرمان و باوەڕە ئسیلامییەکان بە بەرینترین شێوە بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن. بیر و تیۆریی ئسیلامی سیاسی لە دوایین ساڵەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و لەناو باروودۆخێکدا سەریهەڵدا کە ڕەوتی مۆدێرنیزاسیۆن و گەشەی سەرمایەداری، شان بە شانی دەسەڵاتداریەتیی ئیمپریالیسم، ئەم کۆمەڵگایانەی تووشی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی کرد. ئەم گۆڕانکارییانە لە لایەکەوە چینەکانی پێشووی نیزامی فێئۆدالیی بەرەو نابوودی برد و بۆ نموونە بە دوور خستنەوەی ڕووحانییە مەزهەبییەکان و نوێنەرانی توێژە ناوەڕاستەکانی وردەبۆرژوازیی سوننەتی لە کاروباری یاساییی و بەڕێوەبەری ئەم وڵاتانە، کاردانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەوانی لێکەوتەوە و بەستێنە بابەتییەکانی سەرهەڵدانی ئیسلامیی سیاسیی خوڵقاند. ئەم هێزانە لە دژایەتی لەگەڵ بۆرژوازی و لە ترسی لەدەستدانی بەرژەوەند و پێگەی چینایەتییان و هەروەها بێتوانا لە دانی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتوو، دواکەوتوویی ئۆتۆپیایییان کرد بە ئاسۆی سیاسیی خۆیان.
بەڵام بیری تازە سەرهەڵداوی ئیسلامی نەیتوانی تا نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم لە ساحەی دەسەڵاتی سیاسیدا دەورونەخش بنوێنێت. خاڵێکی وەرچەرخانی گرینگی مێژوویی کە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بەرەو گۆڕەپانی سیاسی و گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی برد، گۆڕانکارییەکانی پێوەندیدار بە شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی لە ئێران و شەڕی ناوخۆیی لە ئەفغانستان بوو.
بەسەرەنجدان بەم واقعییەتە کە بڕبڕەی پشتی پێگەی کۆمەڵایەتی ڕەوتی ئیسلامیی شیعە لە ئێران، وردەبۆرژوازیی سوننەتی (بەتایبەت بازاڕییان و ئاخوندەکان) بوون، پاگرتنی ئەم ڕەوتەش کاردانەوەیەک بوو بەو ئاڵوگۆڕانەی کە گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەداری، ئیسلاحاتی ئەرزی و ڕەوتی مۆدێرنیزاسیۆن پێکی هێنابوو. بەڵام یەکێک لەو فاکتۆرە گرینگانەی کە ئیسلامییەکانی لە ساڵی ٥٧دا بەدەسەڵات گەیاند، دەستتێوەردانی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاوا لە چارەنووسی ئەم شۆڕشەدابوو. لە سەردەمی “شەڕی سارد”دا هێزی پێشکەوتووخواز و چەپ بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی هەڕەشەی جیدی ئەحیساب دەهات. کێبەرکێ و کێشمەکێشی نێوان بلۆکی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات، بەستێنەکانی پشتیوانیی ڕۆژاوای بە ڕێبەریی ئەمریکا لە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی پێکهێنا. سیاسەتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بلۆکی ڕۆژاوا و گشت بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، بەشێوازی جۆراوجۆر و بە پشتیوانی لە هێزە کۆنەپەرست و دژە کۆمۆنیستەکان، واتە پشتیوانی لە ڕەوتە ئیسلامییەکان لە ئێران، ئەفغانستان و وڵاتانی عەرەبی بەرەوپێش دەچوو. پشتیوانی لە ئیسلامییەکان لە ئێران تا دانانیان لەسەر کورسیی دەسەڵاتی سیاسی لە ساڵی ٥٧، ئاڵقەیەک لەو “پشتێنە سەوزە” بوو کە دژبە دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان پێکیان هێنابوو.
“شەڕی نیابەتی”ی ئەمریکا لە ئەفغانستان دژبە یەکیەتیی سۆڤیەت، نموونەیەکی دیکە لەو کردەوانەیە کە ئیمپریالیسمی ئەمریکا سازوبەرگی جەنگیی گرووپە جەهادییەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ شۆرەوی دابین کرد. لەناو ئەم شەڕە درێژخایەنەدابوو کە موجاهدینی ئەفغان، ئەلقاعیدە و تاڵەبان سەریان هەڵدا و بە یارمەتیی پشتیوانیی بێ دەریغ و بەرینی ماڵی و نیزامی پەرەیان سەند و سەرەنجام توندڕەوترینیان لە قالبی “تاڵەبان”دا، بە پشتیوانیی جیددیی پاکستان، عەرەبستان و ئەمریکا، توانییان دەسەڵات بەدەستەوە بگرن و ئیماراتی ئیسلامیی ئەفغانستان لە ساڵی ١٩٩٦ پێک بێنن. گرووپە جۆراوجۆرە جەهادییەکان پاش گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە ئەفغانستان، هێزەکانی خۆیان بۆ باقیی شوێنەکانی دیکەی جیهان لەوانە بووسنی، کەشمیر و شوێنەکانی دیکە بەئامانجی وەڕێخستنی شەڕە موقەدەسەکانیان ڕەوانە کرد. هەروەها “عەرەبە ئەفغانییەکان” مۆدێل و ئیلهامبەخشی هەموو ئەو شەڕکەرە دەرەکییانە بوون کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە ڕیزەکانی داعش لە شەڕی عێراق و سووریە پەیوەست بوون. ئەوان سەرەتا لە قالبی ئەلقاعیدە لە عێراق و دواتر لەژێرناوی داعش دەستیان دایە چالاکی و سەرەنجام لە ساڵی ٢٠١٤دا “دەوڵەتی ئیسلامی”یان ڕاگەیاند.
ئەگەر ئیسلامییەکان لە سەرەتای ڕێگاکەیاندا، بەردەوام تەپڵی “دژی داگیرکاریـ”ـیان دەکوتا و خوازیاری سەربەخۆیی “کۆمەڵگا ئیسلامییەکان” بوون، لە خاڵە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا، تەنیا بە پشتیوانیی ماڵی و نیزامیی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان بە نان و نەوایەک گەیشتن. بەڵام لە هێندێک قۆناغی دیکەدا« خۆیان “دژی ڕۆژاوا” نیشان دا و هەوڵیان دا کۆمەڵگا لەدەوری ئەم وتارە بێننە مەیدان. ئەگەر لە شوێنێک لە هەژاران و بێبەشان پشتیوانی دەکەن، لە قۆناغە هەستارەکاندا (بۆ نموونە شۆڕشی ئێران و گۆڕانکارییەکانی بەهاری عەرەبی) شۆڕشیان لێ زەوت دەکەن و دەیانبەنە ژێر تیغەوە و بە گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەست دەدەنە کەڵەکەکردنی سەروەت و سامانی ئەفسانەیی.
لەبواری چینایەتی، ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی ئیسلامی سیاسی نەتەنیا داکۆکیکاری پاراستنی خاوەنداریەتیی تایبەتن، بەڵکوو لەگەڵ تێپەڕینی کات، بەشێوازی خۆیان لەگەڵ یاساکانی سەرمایەداری خۆیان ڕێکخستووە و لەپێناو پاراستنی پەیوەندە چینایەتییەکاندا هەنگاویان هەڵگرتووە. کەوابوو، ئەم هێزانە نەتەنیا هەنگاوێک بەرەو گۆڕینی بنەڕەتیی پەیوەندی کار و سەرمایە هەڵناگرن و دژە سەرمایەدار نین، بەڵکوو یەکجار دژەشۆڕشن و بە شایەدیی مێژوو، خەباتی کرێکارانیان بۆ باشتر کردنی باروودۆخی ژیانیان و هەنگاو هەڵگرتنیان بەرەو شۆڕش، بە هێزی سەرکوت وڵام داوەتەوە. بەرزی و نزمیی سیاسی و مەیلی بەیناوبەینییان لە ڕەوتە مێژووییەکاندا، تەنیا بەهۆی ناکارامەیی سیاسی و بێ ئاسۆییان لە مەیدانی کردەوەدا بووە. هەرکات باروودۆخەکە بە قازانجیان بێت، نەتەنیا دژبە سەرمایەداری و سیاسەتی ئیمپریالیستەکان نین، بەڵکوو ئەزموونی مێژوویی سەلمێنەری ئەم حەقیقەتەیە کە لە هیچ هەوڵێک بۆ مانەوە و درێژەی نیزامی چینایەتیی سەرمایەداری دەریغ ناکەن.
فاکتۆرێکی دیکە کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی هێزە جۆراوجۆرەکانی ئیسلامی سیاسی، قەیران و نەهامەتیی ئابووری و کۆمەڵایەتییە لەناو کۆمەڵگادا. هەژاری و فەلاکەت، برسییەتی و بێکاری و شەڕ و ئاوارەیی، هەستیی کۆمەڵایەتیی کرێکاران و ژێردەستانی بەرەو نابوودی دەبات و لە جەرگەی ئەم باروودۆخەدا، ناڕەزایەتی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان سەر هەڵدەدەن. لەسەر بەستێنی ئەم باروودۆخە، ئەگەر هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان مەیدانداری هێنانە مەیدان و ڕێبەریی ئەم خەباتە نەبن، بەستێنی بابەتیی دەخاڵەتگەریی هێزە کۆنەپەرستەکانی ئیسلامی سیاسی پێک دێت. دیارە هێزە میلیشیا ئیسیلامییەکان هەروا لە گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا حزوورییان هەیە و زۆرێک لەوان لەلایەن دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە پشتیوانییان لێ دەکرێت. کەوابوو تەنیا بە هەوڵ بۆ لەقاودانی هەمەلایەنەی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و هەروەها هێنانە مەیدان و ڕێکخستن لەناو کرێکارن و زەحمەتکێشان و تەبلیغ و بانگەشەی سیاسەتی پێشڕەو و سۆسیالیستی دەتوانین هێزە کۆنەپەرستەکان لەگەڵ ئاستەنگی بەرەوڕوو بکەینەوە و ڕەوتی پەراوێزخستنیان ئاسان بکەینەوە. بەشداریی بەرچاو و مێژوویی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان لە کوردستان، ئەزموونێکی درەوشاوەیە کە هەرکات کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان ڕێبەری و هیدایەتی خەباتی کۆمەڵایەتی بەدەستەوە بگرن، جێگایەک بۆ سەرهەڵدان و ڕۆڵگێریی ئیسلامی سیاسی نامێنێتەوە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە