بەهۆی هەستانی لافاو لە ویلایەتەکانی سوودان، زیاتر لە ٧٠ هاووڵاتیی گیانیان لەدەست داوە و زیانێکی زۆریش بە موڵک و ماڵی خەڵک گەیشتووە و بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون.
هاوکات مانگی سووری سوودان ڕایگەیاندووە، کارەساتی لافاو و باران لە پارێزگای “ئەبو حەمەد” لە ویلایەتی ڕووباری نیل، بووتە هۆی گیان لەدەستدانی ٣٤ کەس و برینداربوونی ٥٨٨ کەسی دیکە و نزیکەی ٩٦ هەزار خێزانیش زیانیان پێگەیشتووە. مانگی سووریی سوودان باسی لەوەش کردووە، زیاتر لە ٣٢ هەزار ماڵ بەهۆی لافاوەکەوە داڕماوە، هەروەها ١٥٠ دامەزراوەی خزمەتگوزاریش وێران بوونە. لە لایەکی دیکەوە، ژووری تەکنیکی بۆ حاڵەتە فریاگوزاریەکانی پاییز لە ویلایەتی باکوور، ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەی کە ویلایەتەکەی گرتووەتەوە، ١٤ کەس گیانیان ڵەدەست داوە. هەروەها ٨٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.