ئەرتەشی ئۆردۆن ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەز ڕایگەیاند: کە پیلانێکی نیزامی دەیان کەس لە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و سووریەی کە چووبوونە ناو خاکی ئۆردۆنەوە، پووچەڵ کردووەتەوە.
کاربەدەستانی نیزامیی ئۆردۆن ڕایانگەیاند ئەو کەسانە ڕاکێتهاوێژ، تەقەمەنی و مینیان پێ بووە و ئەرتەشی ئۆردۆن توانیویەتی ماشینێکیان کە پڕ لە تەقەمەنی بووە تێکبشکێنێت.
سەمیح ئەلموعایەتە وەزیری پێشووی هەواڵگریی ئۆردۆن لەسەر ئەم بابەتە وتی: ئێمە دەزانین کە کێ لە پشتی ئەم کارەیە. کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لەم میلیشیایانە دەکات و ئەمە کردەوەیەکی نیزامی دوژمنکارانە بە دژی ئۆردۆن لەناو خاکی خۆیەتی.
لە ئاکامی ئەم هەوڵە تازەی میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی و سووریە بۆ بردنی چەکوچۆڵ بۆ ناو وڵاتی ئۆردۆن، سەربازێکی ئۆردۆنی و زیاتر لە ١٠ میلیشیای سەر بە ڕژیمی ئیسلامی کوژراون.
هەر لەم پێوەندییەدا ئەرتەشی ئۆردۆن ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژانی ڕابردووشدا چەند تێکهەڵچوونێک لەگەڵ کەسانێک کە ویستوویانە سنووری ئەو وڵاتە تێپەڕ بکەن و سەربازانی ئۆردۆنی لەسەر سنوورەکان بکەنە ئامانج، ڕووی داوە.
ئۆردۆن گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسی قاچاخی چەکوچۆڵ و ماددە هۆشبەرەکان بۆ ناو وڵاتەکەی دەزانێت.