ئەگەرچی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەهۆی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران مەجالی حزووری ئاشکرا و عەلەنیی نییە و هەڵسووڕاوانی تەشکیلاتیی ئەم حیزبە لەژێر چاوەدێری دان و زیندانی دەکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لایەنێکی بنەڕەتیی ستراتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پەرەپێدان و بەهێزکردنی چالاکیی ئاشکرا لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجە بەپەلە و درێژماوەکانی حیزبدایە. ئێمە دەمانهەوێ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو سەرکەوتن هیدایەت بکەین. دەمانهەوێ چینی کرێکار بۆ گرتنەدەستی چارەنووسی کۆمەڵگا ڕێکبخرێت. وەها کارێکی مەزن چۆن دەکرێ بەنهێنی ئەنجام بدرێت. وەها ئامانجێک بە بێ هەبوونی پەیوەندی بەرینی کۆمەڵایەتی لەگەڵ جەماوەری تێکۆشەر نایەنە دی. لەم ڕووەوە کار و چالاکیی ئاشکرا بوارێکی گرینگ و بنەڕەتییە لە ئامادەکاری بۆ شۆڕشی کرێکاریدا. کار بەشێوەی ئاشکرا و بەرینە کە بە پێشڕەوانی شۆڕش ئیمکانی هاتنە مەیدان لەئاستی جەماوەری دەبەخشێت. جۆرێک لە کاری ئاشکرا لە بارودۆخی دەسەڵاتی دیکتاتۆریشدا مومکینە بەڵام پەرەپێدان بەم چالاکییە بە گۆڕانی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی چینی کرێکارەوە گرێ دراوە. ئاشکرایە کە لە وڵاتێکی ژێر دیکتاتۆریی وەک ئێران مەرجێکی بەرەوپێشچوونی ئەم ڕەوتە ئەوەیە کە دوژمن لە بەرامبەر فشاری جەماوەر وە یان بەهۆکاری پێگەیەک کە تێیدایە، تا ئاستێک پاشەکشەی کردبێ. تەنانەت لەژێر توندترین دیکتاتۆرییەکانیشدا شێوازێک لە چالاکیی ئاشکرا مومکینە. لەم ڕووەوە پێویستە مێکانیزمەکانی کار لەم ئاستەدا بناسین و بیکەینە تێگەیشتنی گشتیی تێکۆشەران و و چالاکانی چەپ و کۆمۆنیستەکان. ئەگەرچی ڕێکخستن و پەیوەندییەکانی حیزب دەبێت بە پابەندبوون بە هەموو پرەنسیپ و میتۆدەکانی نهێنیکاری لە دوژمن بشاردرێنەوە و لەم ڕێگەوە درێژەی چالاکییان بپارێزرێ. بەڵام بواری ئاشکرا و عەلەنی هێزی خۆی لە کاری ئاشکرا وەردەگرێت و بە پەرەپێدان و پشتیوانیی زیاتر، ئیمکانی ئیدامەکارییەکەی دەپارێزرێ. ئاوێتەکردنی کاری نهێنی و ئاشکرا؛ ئەم بابەتە لەڕاستیدا جۆرێک لە فەن و هونەرە. جۆرێکی تایبەت لە چالاکییە کە تێکنیک و شێوازەکانی دەبێ بەردوام فێربین.
ئامانجی چالاکی ئاشکرا لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەر ئەو ئامانجانەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە کە بە ئەنجام دانی کاری ئاشکرا دەگیرێتە بەر. ڕێکخراوەکان و چالاکانی ئەم بوارە پردی پێوەندی حیزبەکان نین، بەڵام چالاکی ئەوان لە بواری واقێعی دەتوانێ یارمەتیدەری حیزب بێت. هەروەها حیزبیش بە شیکردنەوە و تەبلیغی سیاسەتەکانی خۆی، یارمەتیی چالاکانی بواری کاری ئاشکرا دەدات لە بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانیان.
هەروەک ئاماژەی پێکرا چالاکیی ئاشکرا بە پێی هاوسەنگیی هێز لە نێوان چینی دەسەڵاتدار و هێزی خەبات ڕێکدەخرێت. بۆ هەڵسەنگاندنی درووست و واقێعی هاوسەنگیی هێز لە هەر قۆناغێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، دەبێ لێکدانەوەیەکی سیاسی و ڕوونمان سەبارەت بە بارودۆخی گشتی هێزی بەرامبەر و پێگەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ئاستی وشیاری جەماوەری خەباتکار هەبێت. لە لێکدانەوەی هاوسەنگیی هێزدا هێندێک جار فاکتۆری گەورەتر، تەنانەت فاکتۆری ناوچەیی و جیهانی دەستیان هەیە. لەم شەڕەدا بەردەوام ئەگەری ئەوە لەئارادایە کە دوژمن دەست بداتە هێرش و توندوتیژی و ئەو یاسایانەی کە خۆی قەبووڵی کردوون پێشێلیان بکات. ڕێبەرانی لێهاتوو لە بواری چالاکی ئاشکرا بەلەبەرچاوگرتنی ئەگەری ڕوودانی ئەم جۆرە پێشهاتانە، دەبێ درێژەی ئەنجام دانی چالاکی ئاشکرا هەموار بکەن.
بۆ بەدەست هێنانی سەرکەوتن لە حەرەکەتێکی ئاشکرادا، نیشاندانی ڕاستییەکانی کۆمەڵگا و داخوازییەکانیان، بەکردەوە دەرهێنانیان لە کورت ماوەدا، متمانە کردن بە ڕێبەری، پاراستنی یەکگرتوویی جەماوەری خەباتکار تا کۆتایی ئەم شەڕە، سەلماندنی هەر دەستکەوت و سەرکەوتنێک ئەگەر چکۆلەش بێ بۆ درێژەدان بەم شەڕە چینایەتییە، لە پێویستییەکانی ئەم حەرەکەتە دێتە ئەژمار.
بەڵام چالاکی ئاشکراش سنوور و ئاستەنگی خۆی هەیە.ئاشکرایە کە چالاکانی ئەم بوارە لە جەرگەی پێشڕەوی و پاشەکشە و سازش لە چوارچێوەی ئیمکانات و بەربەستەکاندا، کاری خۆیان دەبەنە پێشەوە. بۆیە نابێ کاری ئەوان لەژێر زەڕڕەبینی ئیدئولۆژیکدا بێت. بەڵام ئەم هەڵوێستە بەو مانایە نییە کە هیچ بەربەستێک لەسەر ڕێگای چالاکی ئەواندا نییە. کاری ئاشکرا نابێ لە ئاستی ئامادەیی جەماوەر بۆ گرتنەبەری شێوازی ڕادیکاڵ بەرامبەر بە دوژمن، لەدواتر بێت. کاری ئاشکرا نابێ ناوەڕۆکی دوژمنانی چینی کرێکار لە جەماوەری کرێکاران بشارێتەوە. چالاکی ئاشکرا نابێ ببێتە هۆی جیایی و تەفرەقە لە ناو ڕیزی کرێکاراندا. ڕێکار و تاکتیکەکانی ئەم بوارە بە پێی هاوسەنگیی هێزی جەماوەر دەچێتە پێشەوە و نابێ ببێتە نۆرم و یاسای نەگۆڕ.
بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتی بە شێوەی سرووشتی و ئاشکرا، ڕەوتی چەپ و کۆمۆنیست بەهێز دەکات. هەر بۆیە نابێ ڕێگە بدرێ ڕووحیاتی سێکتاریستی و سازمانپەرستانە لەم بوارەدا، بەهێز بێت. ڕواڵەتێکی چارەنووسساز لە هەر چالاکییەکی ئاشکرادا، ڕێکخستنی هاوکاری لە نێوان بۆچوونە جیاوازەکان لە کەشێکی ئارام و دێمۆکراتیکدایە. کاتێک کە پێ دەنێینە بواری چالاکی ئاشکراوە، بە واتای ئەوەیە کە چووینەتە ناو پێوەندییەکی دیاریکراوی کۆمەڵگا بە هەموو بۆچوونەکانەوە. هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست کە بە شێوەی ئاشکرا کار دەکەن، کەسانێکی توندڕۆ و وشک نین، بەڵکوو لە هەر کوێنێ بن نیشانی دەدەن کە هیچ بەرژەوەندییەکیان جگە لە بەرژەوەندی چینی کرێکار و زەحمەتکێش نییە. هەر بۆیە، لە ئەگەری پێویستدا زۆرترین مەیدان بە مەبەستی بە سەرئەنجام گەیاندنی حەرەکەتێکی مافخوازانە دەدرێ.
ڕێبەری کردنی چالاکییەکی ئاشکرا و یاسایی، پێویستی بە وشیاری و زانستی سیاسی لە هەموو بوارەکاندا هەیە. ڕێبەرانی ئەم جووڵانەوەیە دەبێ گرینگییەکی زۆر بە بردنەسەری ئاستی زانستی سیاسی خۆیان بدەن. هەڵسووڕاوێکی بواری کاری ئاشکرا دەبێ بارودۆخی عەینی کۆمەڵگا بە تەواوی وردەکارییەکانییەوە بناسێت و زانیاریی خۆی لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوام بباتە سەرێ.
کاری ئاشکرا، هەڵسووڕانێکی ناڕێکوپێک و ناسازماندراو نییە. ئەگەرچی ئەمڕۆ هێشتا ڕێکخراوی جەماوەری و کرێکاریی بەرین پێکنەهاتووە یاخود لە قۆناغی سەرەتای پێکهاتن دان، بەڵام ئەوەیکە لە کردەوەدا هەیە، تۆڕێک لە هەڵسووڕاوانی پێشڕەو لەم بوارەدایە کە پەیوەندییەکی بەربڵاویان هەیە. لەم پەیوەندییانە دەبێ بۆ بەرەوپێشبردنی ڕێکخراوتر و هوشیارانەتری کاری ئاشکرا کەڵک وەربگیرێت.