هیوا عەزیزپوور، وەرزشکاری خەڵکی شاری سەقز کە لە ماوەی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد ببوو، لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامییەوە بەکۆی گشتی سزای ٣٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە دژی هێرشی کیمیاییی سیستەماتیکی ڕژیم بۆ سەر قوتابخانەکان ناڕەزایەتی دەربڕی و بەم هۆکارەشەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی یاسای کۆی سزاکان، زۆرترین سزا واتە سزای ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردنی ئەو هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێت. هیوا عەزیزپوور تەنیا بەهۆی ئەوەی کە پێی دەوترێت “ڤیدیۆهەڵگرتن لە نارەزایەتییەکان لەسەر ژاراویکردنی قوتابخانەکان” تۆمەتی ئەمنییەتی دراوەتە پاڵی و دادگایی کراوە.
ناوبراو ڕاهێنەری هونەری وەرزشی نینجایە و ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ڕەشەمەی پارەکە لە ماڵەکەی خۆی و لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرا و دوای ١١٨ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد بوو.