فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

وەرشکستەیی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی، هەڕاجی ئەمواڵی دەوڵەتی
هەینی ۱۴-۱۱-۱۴۰۱   |  03-02-2023
وەرشکستەیی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی، هەڕاجی ئەمواڵی دەوڵەتی-komala

ڕۆژی سێشەممە ١١ی مانگی ڕێبەندان ئیبڕاهیم ڕەئیسی لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا دەرکەوت و هەوڵی دا بە ئەرقام و ئاماری درۆیین و ناواقعی بارودۆخی ئابووریی وەرشکستەی حکوومەت باش و لە حاڵی گەشەدا نیشان بدات. ئەو بەوپەڕی بێشەرمییەوە وتی :

“پێوەرە ئابوورییەکانی وڵات ڕوو لە باش بوونن. پاشکەوتی دراوی وڵات نۆرماڵە و هەوڵیش دەدرێ کە قیمەتی دراو لە بازاڕی ئازاددا بە قیمەتی “نیمایی” بگات. لە پاییزی ئەمساڵدا گەشەی ئابووریمان زیاتر لە ٣ لەسەد بوو، تەوەرۆمیش لە ٦٠ەوە گەیشتووەتە ٤٠ لەسەد. ڕوتبەبەندیی موعەلیمان ئەنجام دراوە، تەعرەفەی پەرستاران ئیسلاح کراوە و حقوقی خانەنشینان زیاد کراوە. ئاماری بێکاری گەیشتووەتە ٨.٢ و ئەمانە دەستکەوتێکی گەورەن”. ئەو بەم درۆیانەش ڕازی نەبوو و ئیدیعای کرد کە سەهمی کۆماری ئیسلامی لە تەجاڕەتی ناوچەکەدا چووەتە سەرێ.

ڕەئیسیی قاتڵ لەحاڵێکدا پەنا بۆ ئەم درۆودەلەسانە دەبات کە سندووقی نێونەتەوەیی پووڵ لە ڕاپۆرتی لێکدانەوەی وەزعییەتی ئابووریی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەند لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠دا ڕایگەیاند کە “پاشکەوتی قابیلی دەستڕەسی ئێران لە ١٢٢.٥ ملیارد دۆلار لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ چوار ملیارد دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٠ دابەزێوە”. بێگومان ئێستا دوای دوو ساڵ لەوەش زیاتر هاتووەتە خوارێ. ئیدیعای ڕەئیسی لە پێوەند لەگەڵ هاتنەخوارەوەی دۆلار لە ٤٣ هەزار و ٦٠٠ تمەنەوە بۆ نرخی نیمایی (نیزامی یەکپارچەی موعاملاتی ئەرزی) واتە ٢٨ هەزار و ٥٠٠ تمەن لە حاڵێکدایە کە هەواڵنێریی سپای پاسداران “تەسنیم” نووسیویەتی کە: “چیتر دۆلار سەهمیەیی تەوزیع ناکرێت” و ئەمەش نیشانەیەکی ترە لە تەواوبوونی پاشکەوتی دراویی حکوومەت. دیارە قیمەتی دۆلار لە بازاڕەکانی ئیرانیش تابعی مێکانیزمی عەرزە و تەقازایە لە سیستەمی ئابووریی نیۆلیبڕالیی سەرمایەداری. ئیدیعاکەی دیکەی ڕەئیسی سەبارەت بە گەشەی ئابووری و هاتنەخوارەوەی تەوەرۆم و باشتربوونی وەزعی مامۆستایان و خانەنشینان و پەرستاران لەوە بێ ئێعتبارترە کە باسی بکرێت. لەبەر ئەوەیکە ئەگەر دەوڵەت داهاتێکیشی وەگیر کەوێت دەبێ بکرێتە هەزینەی کەمەرشکێنی سپای پاسداران و باقیی ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتی و دەزگا تەبلیغاتییەکانی دەسەڵات، نە مامۆستایان و خانەنشینکراوان. هەر لەم حەفتەیەی ڕابردوودا شایەدی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان بەخاتری وەزعییەتی نالەباری گوزەرانیان بووین.

درۆ و فریوکارییەکی دیکەی ڕەئیسیی قاتڵ لەم شۆوە تەلەڤیزیۆنییەدا مەسەلەی چوونەسەرەوی سەهمی تەجاڕەتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی بوو. لەم پێوەندەدا سەرۆکی یەکیەتیی هەناردەکارانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی ڕایگەیاندووە کە: “ئێران لەبواری هەناردنەوە پێگەی گرینگی خۆی لە زۆرێک لە وڵاتان لەوانە عێراق و ئەفغانستان لەدەست داوە و تەرازی تەجاری مەنفییە”. لەلایەکی دیکەوە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و بەدوای گومبوونی دوو و نیو ملیارد دۆلار لە فڕۆکەخانەی بەغدا کە هەموو ئەنگوستەکانی تاوان لەم دزییەدا بەرەو کۆماری ئیسلامی ڕاکێشران، دەوڵەتی عێراق لەلایەن ئەمریکا و باقیی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ناوەندە ماڵییە نێونەتەوەییەکان بەتوندی کەوتووەتە ژێر گوشار و کۆنتڕۆڵەوە تا ڕێگاکانی چوونی دۆلار بۆ ئێران ببەسترێ. لەم پێوەندەدا ئەمریکا چەندین بانک و شیرکەتی سەربە جەریانی وابەستە بە کۆماری ئیسلامیی لە عێراق بەخاتری پێکهێنانی ئاسانکاری لە ناردنی دۆلار بۆ ئێران جەریمە و تەحریم کردووە.

شڵەژاویی بارودۆخی ئابووریی ڕژیم کاری گەیاندووەتە جێیەک کە بۆ دابینکردنی کەسریی بوودجەی نزیک بە پێنجسەد هەزار ملیارد تمەن لە لایەحەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٢ حکوومەتی ئیسلامی بیر لە فرۆشتنی ئەمواڵی دەوڵەتی بکاتەوە. خامنەیی لەڕاستای سیاسەتی خسووسی سازی و وەدەستهێنانی داهات، چەند مانگ لەمەوبەر دووبارە دەستووری داوە کە تەرحێک بۆ فرۆشتنی ئەمواڵی دەوڵەتی ئامادە بکەن. ئەم تەرحە دەستبەجێ ئامادە بوو و حەفتەی ڕابردوودا لە کۆبوونەوەی بەناو “شۆرای باڵای هاوئاهەنگیی ئابووری”ی سەرانی سێ دەزگا پەسند کرا و بەئامانجی ڕێگری لە ناڕەزایەتیی باندەکانی حکوومەت ڕایانگەیاند کە لەلایەن خامنەییشەوە تەئید کراوە. شۆرای نیگەهبانیش دەستبەجێ ڕایگەیاند کە “ئەم پەسندکراوە ئیرادێکی یاسایی نییە”. بەپێی ئەم تەرحە هەیئەتێکی حەوت کەسی بە بەرپرسایەتیی محەممەد مۆخبێر جێگری ڕەئیسی بەناوی “هەیئەتی باڵای مولدسازیی داراییەکانی دەوڵەت” بە ئیختیاراتی کامڵ و پارێزراوبوونی قەزایی، دەتوانێ ئەمواڵی “مازادی دەوڵەت” بفرۆشێت. بۆ قایمکاری و ڕێگری لە هەرجۆرە دژایەتییەک لەگەڵ ئەم تەرحە بەسەرنجدان بە هەستاربوونی وەزعییەتی ئێستا و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی پێنج مانگی ڕابردوو، مەجلیسی کۆنەپەرست ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو تەرحێکی لەژێرناوی “سزادانی نەزەری ناکارناسانە” پەسند کرد و تەوزیحی دا کە: ”خستنەڕووی ئەم مادەیە دەتوانێت بنەمایەکی یاسایی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چالاکییە دژە ئەمنییەکان دابین بکات”. بەئامانجی کپ کردنی هەموو دەنگێکی ناڕازی دژبەم تەرحە، خامنەییش مەجبوور بوو دووبارە بڕواتەوە سەر مەنبەر و بۆ جەمعێک بەناوی “بەرهەمهێنەران و خاوەنکاران”، زەروورەتی هەڕاجی ئەمواڵی دەوڵەتی تەوزیح بدات و بڵێ کە ئەم سیاسەتە وردبینانە داڕێژراوە و هۆشداریش بدا کە کەس حەقی نییە لەدژی ئەم پەسندکراوە ئیعتراز بکات.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەم تەرحە لەلایەن زۆرێک تەنانەت هێندێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕژیم درایە بەر ڕەخنە و ناڕەزایەتی. بەشێک لە ئیعتڕازات نیسبەت بەم تەرحە، بەهۆی دانی ئیختیاراتی لەڕادە بەدەرە بە هەیئەتی دیاریکراو. بەسەرنجدان بە گەندەڵی و ڕانتخۆری و دزیی جێکەوتوو لەناو هەموو ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی، سپاردنی وەها تەرحێکی کەڵان بەتایبەت بە ئیختیارات و مەسوونییەتی قەزایی و بەبێ وڵامدانەوەی ئەندامانی “هەیئەتی باڵای مولدسازیی داراییەکانی دەوڵەت” بە هیچ ئۆرگانێکی حکوومەتی، فورسەتێکی گونجاوە بۆ تاڵانکاریی سەران و کاربەدەستانی و مۆرەکانی ڕژیم. ئەمواڵێک کە لەژێرناوی “واگوزاری”دا دەبێ هەڕاج بکرێ بریتین لە شیرکەت و ناوەندەکان، قەسر و بیناکان، پارک و باغەکان، زەمینە بەهادارەکان و زۆرێک لە ئەمواڵی یەکجار گران قیمەت. کاربەدەستان و بەرپرسانی باندەکانی حکوومەت هەر ئێستاوە بۆ بەدەستهێنانی سەهمی زیاتر خۆیان ئامادە کردووە. لەم نیزامە گەندەڵەدا وەها ئەمواڵێک بە قیمەتێکی یەکجار کەم واگوزار دەکرێن. خەڵک نموونەکەیان لە گەندەڵیی واگوزاریی یان (خسووسی سازی) نەیشەکەری حەفت تەپە بە ئەسەدبەیگی و ڕۆستەمی بینی کە چۆن ئەم ناوەندە گەورەیان بە قیمەتی کەمتر لە یەک دەهومی ئەرزشی خۆی ( کە ئەویش وەرنەگیرا) خستە ئیختیار ئەوانەوە. وە بەمجۆرە کایەیان بە ژیان و گوزەرانی هەزاران کرێکاری ئەم ناوەندە کرد. بێجگەلە ئەوە ئەم باندە گەندەڵەی هاودەستی سەرانی حکوومەتی ئیسلامی بەم بیانووەوە یەک و نیو ملیارد دۆلار دراوی دەوڵەتییان لە پووڵی خەڵک دزی. بێگومان تەرحی فرۆشتنی ئەمواڵی دەوڵەتیش هەمان چارەنووسی بەسەر دێت و گیرفانی سەرمایەداران پڕتر و سفرەی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی بێبەش بەتاڵتر دەکات و قەیران و ئیفلاسی کۆماری ئیسلامی چارەسەر ناکات. دەسەڵاتی ئیسلامیی گەندەڵ و جەنایەتکار پێویستە لەڕێگەی درێژە و گەشەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بڕووخێت و لەسەر وێرانەکانی ئاڵای حکوومەتی شۆرایی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشان هەڵکرێ.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co