بەپێی زانیارییەکان ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی خەرمانان، ئیدارەی ئەماکن و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم لە چەند بەشی سەرەکی بازاڕی سەقز و بە ئامادە بوون لە کۆمەڵێک دووکان، داوایان لەو دووکاندارانە کردووە کە لە مانگرتنە پێشووەکان دووکانیان داخستبوو، بەڵێننامەی نووسراویان لێ وەرگرتوون کە ڕۆژی شەمە، دووکانەکانیان دانەخەن.
هەروەها لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگەی تێلێفۆنەوە هۆشداریان بە دووکاندارەکانی دیکە داوە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا خۆیان لە داخستنی دووکانەکانیان بەدوور بگرن.
تەنیا دوو ڕۆژ تا ساڵوەگەڕی “ژینا (مەهسا) ئەمینی” ماوە و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵگا لە زیاد بوون دایە. زۆربەیان ڕۆژانە بۆ ئیدارەی ئیتڵاعات بانگهێشت دەکرێن و بۆ ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکی نەکەن بەڵێننامەیان لێ وەردەگیرێت.