١٢ی گوڵان ڕۆژی ڕێزگرتن لە خەباتی شکۆداری مامۆستایان
لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی خەباتی مامۆستایانی ئێراندا ڕۆژی ١٢ی گوڵان وەک ڕۆژی مامۆستا ناودێر کراوە. شەست و یەک ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی ١٢ی گوڵانی ساڵی ١٣٤٠دا هەزاران مامۆستا بە داخوازیی بردنەسەرەوەی مووچەی مانگانە لە بەهارستان کۆبوونەوە و خوازیاری دیدار لەگەڵ سەرۆکی مەجلیس بوون. هێزەکانی پۆلیسی ڕژیمی پەهلەوی هێرشیان کردە سەر ئەم کۆبوونەوەیە و بە باتۆم و ئاوپاش هەڵیان کوتایە سەریان. لەم ڕۆژەدا سەرۆکی کەڵانتەریی بەهارستان، سەرگورد ناسر شەهرستانی، بەرەو مامۆستایانی خەباتکار، لەوانە ئەبولحەسەن خانعەلی، مامۆستا و خوێندکاری قۆناغی دوکتورای فەلسەفەی تاران تەقەی کرد و بوو بەهۆی گیان بەختکردنی و دوو مامۆستای دیکەش برینداربوون. لە ڕێکەوتی ١٨ی گوڵانی هەمان ساڵدا، کۆبوونەوەی بەرینی مامۆستایان، بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک ڕۆژی ١٢ی گوڵانی بە یادی مانگرتنی مامۆستایان و ڕێزگرتن لە یادی دوکتور خانعەلی، وەک ڕۆژی مامۆستا ڕاگەیاند و دیارییان کرد کە لەم ڕۆژەدا هەموو ساڵێ هەموو مەدرەسە و ناوەندە فەرهەنگییەکان لە سەرتاسەری وڵات دابخرێن. حکوومەتی پەهلەوی لەژێر گوشاری خەباتی مامۆستایاندا ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی مامۆستا بەفەرمی ناسی.
بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە هەوڵی دا کە ئەم ڕۆژە مێژووییە لە ناوەرۆکی خەباتکارانەی خۆی بەتاڵ بکات. ڕژیمی ئیسلامی تیرۆری مورتەزا موتەهەری، سەرۆکی شۆرای دژەشۆڕشی ئیسلامی و یەکێک لە تیۆریسیەنە کۆنەپەرستەکانی لە یازدەی گوڵانی ١٣٥٨دا بە دەرفەت زانی و هەوڵی دا ١٢ی گوڵان ڕۆژی مامۆستا بەناوی ئەم تیۆریسیەنە کۆنەپەرستە ئیسلامییەوە بکات. بەڵام ئەم ساختەکارییە هیچکات لەلایەن کۆمەڵگەی مامۆستایانی ئێرانەوە قەبووڵ نەکرا و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بەخاتری خەباتی مامۆستایان و مەرگی مامۆستای گیان بەختکردوو دوکتور خانعەلی، ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی مامۆستا دەزانن.
ئەمساڵ شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی حەوتووی مامۆستا لە هەموو مامۆستایانی لەسەرکار و خانەنشیکراو و ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی خانعەلی و هەموو مامۆستایانی گیان بەختکردووی ڕێگای پەروەردە و ئازادیخوازی و یەکسانی لە هەموو مامۆستایانی ئێران بانگهێشتی دا کە بۆ بەدواداچوونی خواستە وەدی نەهاتووەکانیان، ڕۆژی ١١ی گوڵان لە هەموو ناوەندەکانی ئۆستان و شارستانەکان لە بەرامبەر ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان دەست بدەنە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان لەم بانگهێشتەدا ڕایگەیاند: “لەو جێگەوە کە ئەم ڕۆژە بەرابەرە لەگەڵ ئەوەڵی مەی و ڕۆژی جیهانیی کرێکار و زۆربەی دایک و باوکانی خوێندکاران ئێمە کرێکاران و زەحمەتکێشانین و داخوازیی مامۆستایان لەوانە پەرەوەردەی بەخۆڕایی و ستاندارد، بردنەسەرەوەی ئاستی مووچە بۆ سەرووی هێڵی هەژاری، مافی کۆبوونەوە و ڕێکخستن و مافی چالاکیی ئازادانە و ئازادیی مامۆستایان و کرێکاران لەگەڵ هەموو توێژە کرێکارییەکان هاوبەشە. شۆرای هاوئاهەنگیی وێڕای پیرۆزبایی ئەوەڵی مانگی مەی لە کرێکارانی شەریفی جیهان و ئێران و داکۆکی لە داخوازیی و مافی ناڕەزایەتیی کرێکاران، داوا لە دایک و باوکی خوێندکاران دەکات کە بۆ وەدیهاتنی داخوازییەکانی خۆیان و دیفاع لە ئەسڵی پەروەردەی بەخۆڕایی و بەکوالیتی، لە داخوازیی مامۆستایان کە بەشێک لە داخوازیی زۆرینەی کۆمەڵگەیە پشتیوانی بکەن و دیمەنی واقعیی یەکگرتوویی مامۆستایان و باقیی توێژە کۆمەڵایەتییەکان نیشان بدەن.”
مامۆستایانی ئێران بە هەبوونی پێشینەی خەباتکارانە و تەداعی بوونەوەی خەباتیان لەگەڵ هێزە سێکۆلار و چەپەکان هەمیشە لە بواری پێگەی پیشەیی و سیاسییەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کەوتوونەتە ژێر گوشاری بەرین و سەرکوتەوە. لە باروودۆخی ئێستادا نزیکەی سێ لەسەر چواری مامۆستایانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاری دان. لە پەنا ئەم ژمارەیە لە مامۆستایان، کۆمەڵێک سیخوڕ و ڕاهاتووی ڕانتخۆری حەوزەکان بوونیان هەیە کە ئەمانە بەرپرسی بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی دژەکلتووریی ڕژیم لە ناوەندەکانی فێرکردنن. ئەم گەڵاڵانە لەناو خودی وەزارەتی پەروەردە و بارهێناندا لەلایەن حەوزە و ناوەندەکانی تەبلیغاتی ئیسلامی، دەزگاکانی سیخوڕیی سپا، بەسیج و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئامادە دەکرێن و بەرکردەوە دەردێن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەماوەی پتر لە چوار دەیە لە دەسەڵاتی خۆی بە دەخاڵەت دانی مەزهەب لە بابەتی پەروەردە و بارهێناندا هەوڵی داوە تا مەدرەسە و زانکۆکان بکاتە ناوەندی بانگەشە و بڵاوکردنەوەی جەهل و خورافەی مەزهەبی.
مامۆستایان سەرەڕای پاکسازی، بەدیلگیران و ئەشکەنجە و ئێعدامی مامۆستایانی کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ لەلایەن ڕژیمەوە بەتایبەت لە دەیەی ٨٠ی هەتاوییەوە بەرەو ئەملا خەباتی خۆیان دەست پێکردەوە. لەم ساڵانەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان، کەسایەتییەکانی وەک مامۆستای شۆڕشگێڕ و خەباتکار فەرزاد کەمانگەر، هاشم شەعبان نەژاد “شاعیر و وێبڵاگنووس”، هادی ڕاشێدیی ئێعدام کرد و چەندین مامۆستای خەباتکاری دیکەی خستە زیندانەوە. بەڵام خەباتی مامۆستایان سەرەڕای گوشاری بەردەوام و ڕەشبگیریی چالاکانیان، هەم لە بوار شکڵ و هەم لە بواری درووشم و داخوازییەوە، بەشێوەی بابەتی لەو چوارچێوە بەرتەسکانەی کە هێندێک لە ڕێکخراوە پیشەییەکانی لایەنگری ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی پێناسەیان کردبوو، یەکجار واوەتر چوون.
لەدوای ئاخێزە سەرانسەرییەکانی بێبەشانی شار لە بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ بەرەو ئەملا، بزووتنەوەی داخوازیی مامۆستایانیش بەردەوام قووڵتر و بەرینتر بووەتەوە. ئەم ئاخێزانە باروودۆخی سیاسییان بۆ پەرەسەندنی بزووتنەوەی داخوازیی کرێکاران و مامۆستایان و بێبەشان گۆڕی و خاڵی وەرچەرخان بوون لە پەرەپێدان و قووڵترکردنەوە و سیاسیترکردنەوەی ئەم بزووتنەوانە. لەم قۆناغەدا بەو دەلیلە کە ناڕازییان بەباشی لەوە گەیشتوون کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئیمکانی وڵامدانەوە بە داخوازییەکانیان لە ئاستی بەریندا بوونی نییە، ناڕەزایەتییەکانیان پانتایی سیاسی بەخۆی دەگرێت و گشت ڕژیمی ئیسلامی دەباتە ژێر پرسیارەوە. مامۆستایانی ئێران لە مانگەکانی ڕابردوودا بە بەرپاکردنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی زەرفییەتی خۆیان بۆ کاریگەری دانان لەسەر کەشوهەوای سیاسی کۆمەڵگە نیشان داوە. مامۆستایان بە تەئکیدکردنیان لەسەر خواستی خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموو منداڵان و هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردن و بردنەسەرەوەی مۆچەکان بۆ سەرووی هێڵی هەژاری و خواستی ڕێگری لە خسووسی سازی و کاڵایی بوونی پەروەردە و دەرمانی بەخۆڕایی، لەڕاستیدا خواستی کرێکاران و بەشێکی بەرین لە حەقدەست وەرگران و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەیان هێناوەتە گۆڕێ. ئەگەر مامۆستایان لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەی ئەمساڵدا دەست لەناو دەستی باقیی بەشەکانی چینی کرێکار و خانەنشینکراوان دەنگیان هەڵبڕی و خواستەکانی خۆیان هاوار کرد، ڕیشەی هەر لەم ڕاستییانە دایە. پێشڕەویی خەباتی مامۆستایان بۆ داسەپاندنی داخوازییەکانیان و ئازادکردنی مامۆستایان و کرێکاران و گشت بەندکراوانی سیاسی، لەگرەوی یەکڕیزی و هاوپشتیی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و لەگرەوی گرتنەبەری تاکتیکی گونجاو بۆ یەکگرتوویی و سەرتاسەری کردنەوەی زیاتری ئەم ناڕەزایەتییانە دایە.