فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

١٦ی سەرماوەز، ئەرک و ئاسۆی بزووتنەوەی خوێندکاری
دوشەممە ۱۳-۰۹-۱۴۰۲   |  04-12-2023

١٦ی مانگی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار، وەبیرهێنەرەوەی هێرشی ڕژیمی دیکتاتۆریی سەڵتەنەتی پەهلەوی بۆسەر زانکۆی تارانە. ٧٠ ساڵ لەمەوبەر نزیکەی چوار مانگ دوای کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢، خوێندکاران دژبە سەفەری ڕیچارد نیکسۆن جێگری ئەوکاتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ئێران و دژبە ڕێکخەرانی کوودەتا، زانکۆی تارانیان کرد بە مەیدانی ناڕەزایەتی. هێزە تایبەتەکانی ئەرتەشی کوودەتا کە لەئاست پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی خوێندکاران نیگەران بوون لە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزدا هێرشیان کردە سەر زانکۆی تاران. لە جەرەیانی ئەم هێرشەی ئەرتەشی ڕژیمی سەڵتەنەتی پەهلەویدا سێ کەس لە خوێندکاران بە ناوەکانی مستەفا بۆزۆرگ نیا، ئەحمەد قەندچی و مێهدی شەریعەت ڕەزەوی درانە بەر گولـلە و گیانیان لەدەستدا و سەدان کەس لە خوێندکاران دەستبەسەر و بریندار کران. لەو کاتەوە ١٦ی سەرماوەز بە نیشانەی هێمای خەبات دژی دیکتاتۆری لەلایەن ناوەندە خوێندکارییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ڕۆژی خوێندکار ناوزەد کرا. بزووتنەوەی خوێندکاری سەرەڕای هەوراز و نشێوەکانی، زیاتر لە ٧٠ ساڵ خەباتی دژ بە دیکتاتۆری سەڵتەنەتی پەهلەوی و ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیدا تۆمار کردووە.

ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا لە ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار نزیک دەبینەوە کە زیاتر لە یەک ساڵ بەسەر ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا تێپەڕیوە. بزووتنەوەی خوێندکاری لە ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ لە حاڵێکدا کە کوردستانی شۆڕشگێڕ گوڕوتینی ناڕەزایەتی و خەبات دژبە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا دایگرتبوو، لەئاستێکی کەم وێنەدا هاتە مەیدان و بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “ئێمە هەموومان مەهساین” زانکۆیان کردە مەیدانی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەدژی گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. بزووتنەوەی خوێندکاری لەماوەی مانگەکانی ڕابردووشدا یەکێک لە ناوەندە داغەکانی دیفاع لە دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی ژینا و موقاومەت بەرامبەر بە سیاسەتی دژەژن و هێرشی بەرنامەڕێژیکراوی ڕژیمی ئیسلامی بۆسەر زانکۆکان بووە.

لە هەلومەرجی ئێستادا، بزووتنەوەی خوێندکاری وەک یەکێک لە ستوونەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانە، پێویستە داخوازیی گەڵاکراوی ناو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بە پەیگیرترین و ڕادیکاڵترین شێوە نوێنەرایەتی بکات و پشتیوانیی لێ بکات. بەشی چەپ و ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاری لە بەرامبەر لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە ڕاستەکان، لە سەڵتەنەتخوازانەوە بگرە تا کۆماریخوازانی لائیک و سێکۆلار و لیبڕاڵ، کە دەیانهەوێ ئەم بزووتنەوەیە بەلاڕێدا بەرن، تەنیا بە هێنانەگۆڕی ئەم داخوازییە دیموکراتیکانە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینی کرێکار و بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانە کە دەتوانێ ئەم ئەرکە بەسەرەنجام بگەیەنێ و لەگەڵ بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندی قووڵتر بەرقەرار بکات.

لە بارودۆخی ئێستادا بەهۆی ئەوەیکە بەشێکی گەورە لە هەڵسووڕاوان و بەدەنە و پایگای بزووتنەوەی خوێندکاری ژنانی لاو پێکی دێنن، پرسی ژنان کە ڕۆڵی پێشەنگیان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا هەبووە، بۆ بزووتنەوەی خوێندکاری یەکجار گرینگە. بۆیە پێویستە ڕەوتی سۆسیالیستیی بزووتنەوەی خوێندکاری بەشێک لە هێزی خۆی بە شێوەیەکی تایبەتمەند و سیستماتیک بۆ پرسەکانی بزووتنەوەی ژنان تەرخان بکات و یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی ڕەوتی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی لە بزووتنەوەی ژناندا. بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی خوێندکاران، خوێندکارانی کچ دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لە هێنانە مەیدانی ژنانی کرێکار لە ناوچە هەژارەکان و پەراوێزی شارەکان. هاتنە مەیدانی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە ئاستی جەماوەریدا یەکێکە لە ڕێگاکانی بەردەوامبوون و جەماوەریکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا.

بەو پێیەی هەڵسوڕاوان و هەموو بەدەنەی بزووتنەوەی خوێندکاری لە خوێندکارانی سەر بە نەتەوە جیاوازەکان پێکهاتوون، هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە تەفرەقەیەک لە ڕیزەکانی خوێندکاران لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی، یەکێک لە ئەرکەکانی بەشی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستیی بزووتنەوەی خوێندکارانە. بەتایبەت لە هەلومەرجی ئێستادا هەر دووبەرەکییەک لە بزووتنەوەی خوێندکاراندا لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی، زیانێکی بەرین بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە دەگەیەنێت. لەم پێوەندییەدا ڕەخنەگرتن لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی و شۆڤێنیزم و ناسیۆنالیزم لە نێو نەتەوە ستەملێکراوەکاندا یەکجار گرینگە و پێویستە بەشێوەی بەردەوام و پەیگیر ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی بۆ نەمانی ستەمی نەتەوەیی بانگەشە و تەبلیغ بکرێت.

بزووتنەوەی خوێندکاری بەهۆی پێکهاتەیەک کە هەیەتی بەشێوەی سرووشتی توانای ئەوەی هەیە ببێتە یەکگرتووی بەهێزی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی لاوان دژبە گوشاری بێسنووری ئابووری، دژبە بێ مافیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، دژبە بەربەستی کلتووری و سیاسی. واتە ئەوانەی وا شەقامیان کردووەتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئیسلامی. لەم ڕاستایەدا پێویستە هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری لەگەڵ تۆڕی لاوانی شۆڕشگێڕ کە ڕێکخەر و ڕێبەری ناڕەزایەتییەکانن لە گەڕەکانی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، پەیوەندیی چالاکیان هەبێت. پێکهێنانی ئەم پەیوەندییە زیندوویانە و هاوئاهەنگ کردنی ناڕەزایەتییەکان، لە پێداویستییەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و لە پێداویستییەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامییە.

بەشی سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری سەرەڕای ئەرکە گرینگەکانی سەرەوە پێویستە لەبواری تەبلیغی جیهانی بینیی کۆمۆنیستی و دیفاع لە ئیعتبارە زانستییەکەی و دەخاڵەتگەری لە چالاکی و جەداڵی نەزەری کە مێکانیسمێکی گونجاوە بۆ کاریگەری دانان لەسەر خوێندکاران و بارهێنانی کادری چەپ، لێبڕاوانە هەوڵ بدات. لە بارودۆخی ئێستادا دیفاع لە سۆسیالیسم و تێکۆشان بۆ بەهێزکردنی وتاری سۆسیالیستی بەرامبەر بە وتاری لیبرالیسمی بورژوازی دەتوانێ گەورەترین خزمەتی هەڵسووڕاوانی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاری بێت لەپێناو لابردنی بەربەستە زەینییەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی کرێکاری. لەلایەکی دیکەوە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی لە کۆماریخوازانی لائیک و سێکۆلارەوە بگرە تا ڕەوتی سۆسیال دیموکرات و ڕێفۆرمیست و شۆرای مودیریەتی گوزار بە ئامانجی دەست بەدەست کردنی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر سەری جەماوەرەوە لەژێرناوی دووری کردن لە توندوتیژی، دژبە شۆڕش تۆوی گومان و ناباوەڕی دەچێنن. ڕەخنەی ڕادیکاڵ و ڕیشەیی سازشکاری، ڕێکار و ئاڵتێرناتیڤسازیی ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن، یەکێک لە ئەرکەکانی سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی خوێندکارییە.

بەشی چەپ و ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاری لە بارودۆخێکدا کە کۆمەڵگە کەوتووەتە پێگەیەکی شۆڕشگێڕانەوە لەپێناو وڵامدانەوە بەم پێداویستییانە و بۆ درێژەدانی چالاکییەکانی، بەرلە هەموو شتێک پێویستە ڕیزەکانی خۆی ڕێکخراو و یەکگرتوو بکات. لە هەمان حاڵدا سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری پێویستە لەڕێگەی پێوەندیان لەگەڵ تۆڕەکانی چالاکانی خوێندکاری لە زانکۆ جۆراوجۆرەکانی ئێران پێداویستییەکانی پێکهێنانی شۆرای هەماهەنگیی ناوەندە خوێندکارییەکان و ڕێبەریی سەرانسەریی ئەم بزووتنەوەیە دابین بکەن. لەو جێگەوە کە ڕێبەریی مەحەلی لەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیەدا توانای وڵامدانەوەی بە خواستەکانی بزووتنەوەی سەرانسەری خوێندکاران نییە، پێکهێنانی ئەمجۆرە ناوەندانە کۆمەک دەکات کە بزووتنەوەی خوێندکاری یەکپارچەتر و هەماهەنگتر دژبە کۆماری ئیسلامی و سەرکوتگەرییەکانی بێتە مەیدان.

جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانەی ئاماژەیان پێدرا و بە سەمەر گەیاندنیان بە بێ تەحەزوبی کۆمۆنیستی وەک ناوەندی پەیوەنددان و هەماهەنگ کردنی هەموو بوارەکانی چالاکیی ئەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیە، کارێکی یەکجار دژوارە. سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری لەڕێگەی ڕێکخراو و حیزبی کۆمۆنیستییەوەیە کە دەتوان ئەرکەکانی سەرەوە بە یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری لەپێناو بەهێزکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەجێ بێنن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە