لە بارودۆخێکدا لە ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار نزیک دەبینەوە کە بزووتنەوەی خوێندکاری زیاتر لە دوو مانگ و نیوە سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی، دەستبەسەرکردنی بەرین، دەرکردن و ئەمنییەتی کردنی فەزای زانکۆکان هەروا لەئاستێکی بەریندا بەرامبەر بە سەرکوتگەرانی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی ڕاوەستاوە و بووەتە یەکێک لە سەنگەرەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە. لە وەها هەلومەرجێکدا حکوومەتی ئیسلامی کە لە زەرفییەت و کارایی سیاسی بزووتنەوەی خوێندکاری وەک زەنگی هوشداری هێزە گەورەترە کۆمەڵایەتییەکان ئاگادارە، فەزای پادگانیی زاڵ بەسەر زانکۆکانی توندتر کردووەتەوە و زۆر جار هێرشی کردووەتە سەر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکاران. سەرانی ڕژیمی ئیسلامی بەخاتری ترسیان بەردەوامبوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانیان کۆنتڕۆڵکردنی فەزای زانکۆکانە. ئەم گۆڕانکارییانە نیشانی دەدات کە فەزای زانکۆ تا چ ئەندازە لە ژێر کاریگەریی فەزای زاڵ بەسەر کۆمەڵگەدایە. ئەگەر گۆڕانکاری و ڕیزبەندیی ناو بزووتنەوەی خوێندکاری پەیوەندییان بە ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگەوە نەبووایە، بزووتنەوەی خوێندکاری نەیدەتوانی لە جەرگەی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەدا ڕۆڵی مێژوویی خۆی ببینێت. بۆیە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە هەر شوێنێک جەماوەری بێبەش بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافی پێشێلکراو و دژبە سیاسەتی ڕیازەتی ئابووریی دەوڵەتانی سەرمایەداری هاتوونەتە مەیدان، بەشی سۆسیالیست و چەپی بزووتنەوەی خوێندکاری و لاوان لە ڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتەدا بوون.
لە بارودۆخی سیاسیی ئێستادا و بەلەبەرچاوگرتنی پێگەیەک کە بزووتنەوەی خوێندکاری لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێراندا هەیەتی یەکێک لە چاوەڕوانییەکان ئەوەیە کە داخوازیی دیموکراتیکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بە پەیگیرترین و ڕادیکاڵترین شێوە نوێنەرایەتی بکات و پشتیوانیی لێ بکات. لە حاڵێکدا کە یەکێک لە خواستە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە، بزووتنەوەی خوێندکاری پێویستە بە سەهمی خۆی وێنەیەکی کامڵ لە مانای ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لەناو خەڵکدا ڕەواج بدات و ئاستی چاوەڕوانیی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بەجۆرێک بەرز بکەنەوە کە هیچ کام لە بەشەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی نەتوانن بە دەست بە دەست کردنی دەسەڵات لەسەر سەری خەڵکەوە، شۆڕش لەبار بەرن. لەم ڕاستایەدا پێویستە لەسەر ئیدارەی شۆرایی کۆمەڵگە لە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی تەئکید بکرێت. ئیدارەی شۆرایی یانی ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراو، چەوساوەکان و بەرهەمهێنەرانی هەموو سەروەتی کۆمەڵگا دەسەڵاتی سیاسی بگرنە دەست و لە پێکهاتەیەکی شۆراییدا ڕاستەوخۆ لە بەڕێوەبردن و مودیریەتی کۆمەڵگەدا دەورونەخشیان بێت. ئێستا کە دروشمی ئازادی – ئازادی جەماوەری بووەتەوە، پێویستە ئەم ڕوانگەیە لە ئازادی ڕەواج بدرێت کە ئازادی تەنیا بە مانای ڕزگاری لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری دینی نییە، بەڵکوو بە مانای ڕزگاریی یەکجاری لە دەسەڵاتی ئابووری، سیاسی و کەلتووریی سەرمایە و بەمانای ڕزگاری لە هەموو پەیوەند و موناسبات و ناوەندی کۆیلکردنی مرۆڤ و سەرکوتی بۆرژوازییە و پێویستە هەوڵ بدرێت کە ئەم ڕوانینە لە ئازادی جەماوەری بێتەوە.
بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووەتە یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری و بەگشتی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە کۆمەڵگەدا. لەماوەی زیاتر لە دوو مانگ و نیوی ڕابردوودا و لە جەرەیانی ئەم ناڕەزایەتی و نەبەردانەی شەقامدا زیاتر لە ٥٠٠ مرۆڤی خەباتکار لەسەر شەقامەکان و یان لە ئەشکەنجەخانەکانی ڕژیمدا گیانیان بەختکردووە و هەزاران کەس بریندار بوون و زیاتر لە ١٥ هەزار کەسیش دەستبەسەرکراون و ڕفێندراون. لەم ماوەیەدا دەیان خوێندکار گیانیان لەدەست داوە و هەزاران خوێندکار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیراون و ڕفێندراون. لەم ڕووەوە پێویستە مەحکووم کردنی جەنایاتی ڕژیم و دروشمی ئازادیی دەستبەجێی خوێندکارانی بەندکراو و سەرجەم بەندکراوانی سیاسی لە هەموو شوێنێک، لە شەقام و زانکۆ و مەدرەسە دەنگ بداتەوە. پێویستە بەرامبەر زیندانەکانی ڕژیم بکەینە شوێنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسی.
کرێکاران، خوێندکاران، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز! با ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار بکەینە ڕۆژی ئاخێزی سەرانسەری بۆ ئازادیی خوێندکارانی بەندکراو و سەرجەم بەندکراوانی سیاسی
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران