ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەر، شەقام و زانکۆکانی ئێران دیمەنی ڕەزمی شۆڕشگێڕانە و پڕ گوڕوتینی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بوو. لە هێندێک شار بەتایبەت لە کوردستان ناڕەزایەتییەکانی شەقام لەگەڵ مانگرتنی گشتی تێکەڵ بوو. لە شاری سنە لەسەر بانگەوازی “لاوانی شۆڕشگێڕی گەڕەکەکانی سنە” و بۆ هاوپشتی و هاوئاهەنگی لەگەڵ ناڕەزایەتیی سەرانسەری، شەقامی خاڵە جۆراوجۆرەکانی شار بوون بە مەیدانی خەباتی شۆڕشگێڕانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و نەسرەوتوو. لە هێندێک شوێنی شار خۆپیشاندەران پاشەکشەیان بە هێزە ئەمنی و نیزامی کرد و ڕاویان نان. لە جەرەیانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم بینای کەڵانتەریی عەباس ئاوا و پادگانی سپای پاسداران ئاگر تێبەردرا. لە شاری سنە لاوانی شۆڕشگێڕ چەندین جار بەکرێگیراوانی ڕێژیمیان خستە تەڵەوە و کەرەستەکانی سەرکوتیان لێ ئاگر تێبەردان و پاشان ئازادیان کردن. هاوکات لە شارەکانی سەقز، بۆکان، مەهاباد، جوانڕۆ، دیواندەرە و کرماشان و دێگولان، ناڕەزایەتی پڕ گوڕوتینی ژنان و پیاوانی شۆڕشگێڕ بەهۆی هێرشی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆنەپەرستی جەهل و سەرمایە بوو بە شەڕ و تێکهەڵچوون. لە شاری سەقزی زادگای ژینا ناڕەزایەتییەکان بە ڕێپێوانی کچانی خوێندکار کە ڕووسەرییەکانیان هەڵدەسووڕاند و دروشمیان دەوتەوە، دەستی پێکرد. لە شاری سنە و بۆکانیش کچانی خوێندکار ڕووسەرییەکانیان لەسەر کردەوە و ڕێپێوانیان کرد. لە جوانڕۆ و کامیاران پەلاماری هێزی ئەمنییەتی و پۆلیس بەرەوڕووی خۆڕاگری بوێرانەی لاوان بووەوە و پاشەکشەی پێکرا. لە هەموو شارەکان لاوان بە تاکتیکی درووستکردنی ڕێبەندان و سووتاندنی لاستیک بەرەنگاری پێشڕەویی هێزەکانی دوژمن بوونەوە. لە جەرەیانی ئەم ناڕەزایەتییانەدا دوو کەس لە ناڕازییان بە ناوەکانی پەیمان مەنبەری و داریوش عەلیزادە گیانیان بەخت کرد و دەیان کەس لە شارە جیاجیاکان بریندار و دەستبەسەر کران.
لە تاران ناڕەزایەتییەکان هاوکات لە چەندین شوێنی شار بەڕێوەچوون. چەندین جێ لە شەقامی ئازادی و شەقامی ئینقلاب، چوارڕێی وەلی عەسر، لالەزار، بازاڕی تاران، سەعدی، ناسرخوسرەو، پازدەی خۆرداد، سەعادەت ئاباد، نارمەک، شەقامی شەریعەتی، چەند شوێنێک لە نازی ئاباد، قەڵای حەسەن خان و سێ ڕای ئازەری، جەنەت ئاباد، سێ ڕای فەلاح، پامنار و بڵواری ئەبوزەر، بوون بە مەیدانی ناڕەزایەتی و خەباتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز. لە هەمووی ئەم شوێنانە درووشم دژبە حکوومەت وترایەوە و لەگەڵ هێرشی هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، شەڕ و تێکهەڵچوون دەستی پێکرد. لاوانی خەباتکار و شۆڕشگێڕ بە تاکتیکی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە لە چەندین شوێنی شار بەشێوەی هاوکات و بە درووستکردنی ڕێبەندان لەسەر شەقامەکان بۆ سنووردارکردنی هێزی مانۆڕ و خاوکردنەوەی جموجۆڵی دوژمن، دەربازکردنی دەستگیرکراوان و گرتنەوەی ناوچەیەک لە شار بۆ چەندین سەعات هێزی پۆلیس و سەرکوتگەریان گێژ و سەرلێشێواو کرد. ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە هیچ شوێنێک هێرشی دڕندانەی هێزە سەرکوتگەرەکانیان بێ وەڵام نەهێشتەوە و لەم ڕۆژەدا چەندین جار هێزە سەرکوتگەرەکانیان ڕاو نا. بێگومان لە جەرگەی ئەم ئاڵوگۆڕ و نەبەردانە دایە کە گۆڕانکاریی پێکهاتوو لە وشیاریی بەکۆمەڵی جەماوەر کە هێشتا ماهیەتێکی نێوە شاراوەی هەیە، خۆی نیشان دەدات.
لەم ڕۆژەدا شوێنە جۆراوجۆرەکانی شاری مەشهەد، شاهین شاری ئەراک، ئیسفەهان، شیراز، ڕەشت، کاشان، کەرەج، ڕەفسەنجان، تەجریش، کرمان، ساری، کاشان، لوڕستان، بەندەر عەباس، بوجنورد، یەزد و … بوون بە شوێنی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و نەبەرد و ڕووبەڕووبوونەوەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دژبە هێزە سەرکوتگەرەکانی پۆلیس و گاردی ویژە و لیباس شەخسی. دەنگی درووشمەکانی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “مەرگ بۆ خامنەیی”، “ئاخوند دەبێ نەمێنێ”، “مەرگ بەر ویلایەت”، هەموو ئەم شارانەی داگرتبوو.
لە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەردا، زانکۆ واتە دڵی بەخورپەی ئاخێزی ژینا هەروا ناوەندی مانگرتن و ناڕەزایەتی بوو. خوێندکارانی شەریف لە شەقامەکانی دەورووبەری زانکۆ حەرەکەتیان کرد، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپا کرد و دروشمی مردن بۆ دیکتاتۆریان وتەوە. لە زانکۆی ئەلزەهرا، لەگەڵ چوونەژوورەوەی ڕەئیسیی جەلاد بۆ زانکۆ، خوێندکاران لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیاندا هاواریان کرد “ڕەئیسی بڕۆ گۆم بە”، “ئاخوند دەبێ نەمێنێ”. هەوڵی پەیوەست بوونی خەڵک بە خوێندکاران لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە ڕێگریی لێکرا. لە زانکۆی تەربیەت موعەلیم کۆبوونەوەیەکی گەورە بەڕێوەچوو و درووشمی ژن، ژیان، ئازادی وترایەوە. لە زانکۆی تاران، خوێندکاران بە دروشمی “خوێندکار دەمرێت زیللەت قەبووڵ ناکات” کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. لە ناوەندی فەنیی زانکۆی تاران، خوێندکاران لە چوارچێوەی زانکۆدا ڕێپێوانیان کرد و دژبە ڕێژیم دروشمیان وتەوە. لە زانکۆی تەورێز خوێندکاران بۆ هاوپشتی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام و هاوڕەزمانی خۆیان لە باقیی زانکۆکان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ڕێکخست. لەم ڕۆژەدا زانکۆی نوشیروانی بابۆلیش بوو بە مەیدانی ناڕەزایەتی و وتنەوەی درووشم دژبە دەسەڵات. جگە لەم زانکۆیانە، زانکۆی عەلامەی تەباتەبایی، زانکۆی زەنجان، زانکۆی گیلان، زانکۆی ئازادی ئیمامیە و خەیامی مەشهەد، زانکۆی دامغان، زانکۆکانی ئیسفەهان، زانکۆی بابۆل و چەندین زانکۆی دیکە بە ڕێپێوان و بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە دەورووبەری زانکۆکانیان و بە وتنەوەی درووشمی دژبە حکوومەت، مانگرتن و ناڕەزایەتییان درێژە پێدا.
کرێکاران، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز! خەباتی شۆڕشگێڕانە و پڕگوڕوتینی ئێوە لە ڕۆژی شەممە ١٦ی خەزەڵوەر لەسەر شەقام و لە زانکۆکان و خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەتان دژی هێرشی دڕندانەی هێزی سەرکوتگەری دژەشۆڕش، نیشانی دا کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا هەروا پڕخرۆش بەرەوپێش دەڕوات. گۆڕوتینی ئەم خەباتە بۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە سەرکوت و کوشتنی ناڕازییان و “ئاژاوەگێڕ” و “ساواکی” پێناسەکردنی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و خەڵکی ڕەنجدیتووی ئێران و نیسبەت دانی ڕەزمی شۆڕشگێڕانە بە دەسەڵاتە دەرەکییەکان، درۆیەکی ئاشکرا و بێشەرمانەیە و بیانوویەکی کۆنە و هەمیشەییە بۆ درێژەی جەنایەت و تاوانی دەسەڵاتی ئیسلامی. ئەم بوێری و گیانفیداییە بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە بوختانی بێشەرمانەی خامنەیی کە میدیاکانی حکوومەتیش دووپاتی دەکەنەوە بیانوویەکە بۆ هێرشی دڕندانەی هێزی ئینتزامی و ئەمنییەتی و “لیباس شەخسییەکان” بۆسەر خەباتکارانی شەقام و زانکۆ. درێژەی ناڕەزایەتییەکان و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی وەحشیانەی بەکرێگیراوانی سەرکوتگەری ڕێژیمی ئیسلامی، گرتنەبەری تاکتیکی کاریگەر و هاوئاهەنگ بۆ سنووردارکردنی هێزی مانۆڕی دوژمن لە شارە جۆراوجۆرەکان نیشانی دا کە بەپێچەوانەی سەرانی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی بورژوایی کە بەنیازن ناڕازییانی سەر شەقام لە چاوەڕوانیی فەرمان پێدان لەسەرەوە ڕابگرن، ئەم ناڕەزایەتییە ڕێبەرانی خۆی هەیە. ڕێبەرانێکی لاو و پڕگوڕوتین و بەئەزموون کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا چەندین ئاخێزی گەورە و چکۆلە و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ دوژمن تەجروبە کردووە.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە