فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

٥٤ وڵاتی جیهان خوازیاری کۆتاییهێنان بە سەرکوتی ژنان و مافەکانی خەلکی ئێران بوون
چوارشەممە ۰۱-۰۱-۱۴۰۳   |  20-03-2024

٥٤ وڵات لە بەیاننامەیەکدا ڕوو لە شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای ڕەخنەگرتن لە نالەباربوونی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران داوایان کرد کە کۆماری ئیسلامی، کۆتایی بە پشتیوانی لە پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران بێنێت.
ئەم وڵاتانە لە بەیاننامەکەی خۆیاندا جەختیان لەسەر نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە مافەکانی ژنان کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە بەپێی گەڵاڵەیەک کە بڕیارە لەلایەن مەجلیسی ڕژیمەوە پەسەند بکرێ، ئەو ژنانەی کە حیجابی زۆرەملێ ڕەچاو نەکەن، بە ١٠ ساڵ زیندان و لێدانی قامچی و قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران مەحکووم دەکرێن.
لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بە سەرکوتی ناڕەزایەتیەکانی شۆڕشی ژینا کراوە کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لەم سەرکوتکارییەدا بەئەنقەست جینایەت دژی مرۆڤایەتی، سەرکوتی ڕەگەزی و توندوتیژی دژی ژنانی ئەنجام داوە.
دەوڵەتی بریتانیاش لەم کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانی نالەبار ناو لێبرد و ڕایگەیاند کە لە ساڵی ڕابردوودا، ڕژیمی ئیسلامی زیاتر لە ٨٠٠ کەسی لە سێدارە داوە و لە سەرکوتی ژنان بەردەوام بووە و دەنگی ژنانی بە سەرکوت کپ کردووە.
نوێنەری بریتانیا ڕایگەاند کە کەشی ئازادییە مەدەنییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێ و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ دەکرێنە ئامانجی سەرکوتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی.