
ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ئۆکتۆبر بەرابەر لەگەڵ ١٣ی ڕەزبەر، لەلایەن ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی و کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار (ئای ئێڵ ئۆ) وەک ڕۆژی جیهانی مامۆستایان دیاری کراوە.
ڕێوڕەسم و ئاکسیۆنەکانی ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٩٤ەوە بەڕێوە دەچێت. مامۆستایان وەک بەشێک لە چینی کرێکار و زەحمەتکێش لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە خەبات دژبە سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری کە لەلایەن دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانەوە سەپاوە، لە ئورووپا و ئەمریکا و شوێنەکانی دیکەی جیهان دەورونەخشێکی بەرچاویان بینیوە. بەپێی ئاماری یونسکۆ، یەک لەسەر سێی مامۆستایانی جیهان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرمایەداران زانست وەک کاڵایەک دەفرۆشن و قازانجی نجوومی لە زەحمەت و ماندووویەتیی مامۆستایان بەدەست دێنن. ڕۆژی جیهانیی مامۆستا بۆ کرێکاران وەبیرهێنەرەوەی بێمافیی داسەپاو بەسەر مامۆستایان، خەباتی ئەوان لەدژی بێ مافی، بەسەرکردنەوەی دەستکەوتەکان، پێویستی هاوپشتی جیهانی و بەرگری لە داخوازییەکانیانە.
لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی خەباتی مامۆستایانی ئێراندا ڕۆژی ١٢ی گوڵان وەک ڕۆژی مامۆستا ناودێر کراوە. ٦٤ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی ١٢ی گوڵانی ساڵی ١٣٤٠دا هەزاران مامۆستا بە داخوازیی بردنەسەری مووچەی مانگانە لە بەهارستان کۆبوونەوە بەڵام لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ڕژیمی دیکتاتۆری سەڵتەنەتیی پەهلەوی هێرشیان کرایە سەر. لەو ڕۆژەدا ئەبولحەسەن خانعەلی مامۆستای تێکۆشەر لە تاران درایە بەر گولـلە و گیانی لەدەستدا. لە ڕێکەوتی ١٨ی گوڵانی هەمان ساڵدا، کۆبوونەوەی بەرینی مامۆستایان، بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک ڕۆژی ١٢ی گوڵانی بە یادی مانگرتنی مامۆستایان و ڕێزگرتن لە یادی دوکتور خانعەلی، وەک ڕۆژی مامۆستا ڕاگەیاند. حکوومەتی پەهلەوی لەژێر گوشاری خەباتی مامۆستایاندا ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی مامۆستا بەفەرمی ناسی.
بەڵام لە پشت ٥ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی هاوپشتیی جیهانی مامۆستایان، واقعییەتی چینایەتی هەیە. مامۆستایەتی، وەک پیشەیەکی سەرەکی لە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار و فەرهەنگی کۆمەڵگا، لە جەرگەی کێشمەکێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بووە. لە ئەمریکای لاتینەوە هەتا ئورووپا و لە ئاسیاوە هەتا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خوێندنگاکان نەک هەر شوێنی پەروەردە، بەڵکوو مەیدانی موقاومەت و ناڕەزایەتی لەدژی نابەرابەری و سوڵتە بوون. لە شیلی و ئارژانتین، مانگرتنی مامۆستایان لەدژی سیاسەتی ڕیازەتی و بەتایبەت کردنی پەروەردە، بەشێک لە بزووتنەوەی جەماوەری لەدژی نیولیبرالیسم بوو. لە ئەمریکا شەپۆلی “مانگرتنی سوور” لە ئەیالەتەکانی وەک ویرجینیا و ئۆکلاهاما نیشانی دا کە مامۆستایان دەتوانن ببنە هێزێکی گەورەتر لە سینفی خۆیان. لە فەڕانسە بەشداریی مامۆسایان لە ناڕەزایەتییەکان لەدژی یاسای کار و سیاسەتەکانی مەکرۆن، نیشانی دا کە خەباتی مامۆستایان بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتێکی چینایەتیی بەرینتر. لە هێند و پاکستان، مانگرتنی مامۆستایان پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ بزووتنەوەی گوندنشینان و کرێکاران هەیە و نیشانی دەدات کە مەدرەسە بووەتە سەنگەری هاوبەش بۆ خەبات و خۆڕاگری. ئەم حەقیقەتانە پێمان دەڵێن کە مەدرەسە تەنیا شوێنێک بۆ پەروەردە و گواستنەوەی زانست نییە، بەڵکوو بوارێکە بۆ شکڵدان بە هوشیاریی چینایەتی و ئیمکانی ڕزگاریی بەکۆمەڵ.
لە ئێرانیش مامۆستایان سەرەڕای پاکتاوکردن، فشاری پۆلیسی، گرتن، ئەشکەنجە و ئێعدام، بەشێکی دانەبڕاو بوون لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا. خەباتی مامۆستایان سەرەڕای گوشاری بەردەوام و ڕەشبگیریی چالاکانیان، هەم لە بواری شێواز و هەم لە بواری دروشم و داخوازییەوە، بەشێوەی بابەتی لەو چوارچێوە بەرتەسکانەی کە هێندێک لە ڕێکخراوە پیشەییەکانی لایەنگری ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی پێناسەیان کردبوو، یەکجار واوەتر چووە و هەرچی زیاتر ناوەرۆکی سیاسی و ڕادیکاڵی بەخۆوە گرتووە.
لەڕاستیدا دوای ئاخێزە سەرانسەرییەکانی بێبەشانی شار لە بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ کە بەناوی ڕەمزی ژیناوە دەستیپێکرد، بزووتنەوەی داخوازیی مامۆستایانیش بەردەوام قووڵتر و بەرینتر بووەتەوە. ئەم ئاخێزانە بارودۆخی سیاسییان بۆ پەرەسەندنی بزووتنەوەی داخوازیی کرێکاران و مامۆستایان و بێبەشان گۆڕی و خاڵی وەرچەرخان بوون لە پەرەپێدان و قووڵترکردنەوە و سیاسیترکردنەوەی ئەم بزووتنەوانە. لەم قۆناغەدا بەو دەلیلە کە ناڕازییان بەباشی لەوە گەیشتوون کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئیمکانی وڵامدانەوە بە داخوازییەکانیان لە ئاستی بەریندا بوونی نییە، ناڕەزایەتییەکانیان پانتایی سیاسی بەخۆی گرتووە و گشت ڕژیمی ئیسلامی دەبەنە ژێر پرسیارەوە. مامۆستایانی ئێران بە بەرپاکردنی چەندین مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری وێڕای ڕاگەیاندنی هەڵوێستی لێبڕاوانە بەرامبەر بە هێرشی ڕژیم بۆسەر ژنان و بە وتنی “نا”یەکی بەهێز بە شانۆی هەڵبژاردنی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران، زەرفیەت و تواناکانی خۆیان بۆ کاریگەری دانان لەسەر کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگا نیشان داوە. مامۆستایان پایەیەکی سەرەکی بوون بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای داخوازییە لانیکەمەکانی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان. بۆ نموونە: ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی، ئازادیی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، جیایی دین لە دەوڵەت و سیستەمی پەروردە، خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموو منداڵان و نەمانی هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن و بردنەسەری حەقدەست و مووچە بۆ سەرووی هێڵی هەژاری و خواستی ڕێگریکردن لە خسووسی سازی و کاڵایی بوونی پەروەردە و دەرمانی بەخۆڕایی و هتد.
مامۆستایانی ئێران لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا نیشانیان داوە کە زەرفییەتێکی بەرینیان لە بواری ڕێکخستن و هاوپشتیدا هەیە. کۆبوونەوە، ناڕەزایەتی و بەرنامە جەمعییەکانیان، مەدرەسەکانی کردووەتە مەیدانی ئیعتراز و مافخوازی. ٥ی ئۆکتۆبر ڕۆژی جیهانیی مامۆستا دەرفەتێکە بۆ پەیوەنددانی خەباتی مامۆستایانی ئێران لەگەڵ بزووتنەوە جیهانییەکانی دژی سەرمایەداری و خسووسی سازی و سەرکوت. بێگومان پەروەردەی ڕاستەقینە تەنیا بە یەکڕیزی، هاوپشتی و کردەوەی بەکۆمەڵ دێتە دی. پێشڕەویی خەباتی مامۆستایان بۆ داسەپاندنی داخوازییەکانیان لەگرەوی یەکڕیزی و هاوپشتیی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و لەگرەوی گرتنەبەری تاکتیکی گونجاو بۆ یەکگرتوویی و سەرتاسەری کردنەوەی زیاتری ئەم ناڕەزایەتییانەدایە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە