کاتێک لە بیست و چواری مانگی فێوریەدا لەگەڵ هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین چەخماخەی شەڕێکی ئیمپریالیستی لێدرا، ڕوون بوو کە جیهان بەرەو قەیرانێکی نوێ و بەرەو میلیتاریزمێکی هەوسارپچڕاو دەڕوات. تەقریبەن هەموو دەوڵەتانی سەرمایەداری و بەتایبەت ئەندامانی پەیمانی نیزامیی ناتۆ بوودجەی بەرینیان بۆ بەهێزکردنی بەشی نیزامییان تەرخان کرد. وتەبێژانی ناتۆ بەئاشکرا وتیان: ئۆکراین تا ڕادەیەک پڕچەک دەکەین کە لە جەرەیانی شەڕدا، ڕووسیە هێندە لاواز بێت کە ئیتر توانای هێرش کردنەسەر وڵاتانی دراوسێی نەمێنێ. ئەوەش لە حاڵێکدا بوو کە لانیکەم لە نیو سەدەی ڕابردوودا ئەم دەسەڵاتانە خۆیان زۆرترین شەڕیان لە ئاستی جیهاندا هەڵگیرساندووە. هەر ئەوانە بوون کە ئەفغانستان، ڕۆژهەڵاتی ناڕاست و باکووری ئەفریقایان کردە مەیدانی کێبەرکێی نێوان بەرەکانی خۆیان و کردیان بە مەیدانی ڕەقابەتی کۆنەپەرستترین ڕەوتە ئیسلامییەکان. دوای تێپەڕینی زیاتر لە یەک دەیە لە ئاخێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێندێک لەم وڵاتانە هێستاش هەروا وێرانن و هەموو ئاوات و ئارەزووەکانی جەماوەری ڕاپەڕیو بەرەوڕووی سەرکوت بووەتەوە.
ئێستا سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە هەشت مانگ بەسەر هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، ئاکامە خۆفناکەکانی ئەم شەڕە ئیمپریالیستییە لە هەمووان زیاتر بەرۆکی ئەو ملیۆنان ئینسانەی گرتووە کە هیچ ڕۆڵێکیان لە هەڵگیرساندنی ئەم شەڕەدا نەبووە. شەڕێک کە لانیکەم لە سەردەمی ڕووخانی بلۆکی شەرقەوە زەمینەکانی ئامادە دەکرێت. کاتێک کە نرخی سووتەمەنی بەشێوەی سەرسووڕهێنەر بەرزبووەوە، کاتێک نرخی کاڵا ئەساسییەکان تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریش گوشاری بەرینی خستە سەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم کۆمەڵگایانە، کاتێک ناردنی دانەوێڵە لە ڕووسیە و ئۆکراینەوە ڕاگیرا، ملیۆنان مرۆڤ لە وڵاتانی غەیری ئەورووپایی بەتایبەت لە ئاسیا و ئەفریقا هەژاریی بێسنووریان بەسەردا سەپا و بە ئاماری قوربانییانی برسییەتی جیهان زیاد بوون. بێگومان هەموو ئەم مرۆڤانە دۆڕاوەکانی ئەم شەڕە بوون. هاوکات بینیمان کە ئەم شەڕە براوەشی هەبوو. کۆمپانیاکانی نەوت و وزە ملیاردها دۆلاریان بە سەرمایەکانیان زیاد کرد. غوولەکانی ئینێرژی لە ئاڵمان، بریتانیا، فەڕانسە و سپانیا لەوانە “تۆتاڵ، شێل، بریتیش پێتڕۆلیۆم، ربسول” هەر لەمساڵدا قازانجی چەندین ملیاردییان کرد. هەڵبەت دۆڕاوەکانی ئەم بارودۆخە تەنیا لە وڵاتانی غەیرە ئەورووپاییدا نین. ئێستا ئیتر تەنانەت لە وڵاتانی مێترۆپۆلی سەرمایەداریشدا ملیۆنان ئینسان کە دەکەونە خواروەی هێرەمی کۆمەڵگە، بەسەختی دەتوانن ئاکامەکانی ئەم گرانییە تەحەمول بکەن. لە زۆرێک لەم وڵاتانە ئاماری کەسانێک کە لە هێڵی هەژاری نزیک دەبنەوە، بەردەوام زیاد دەکات. هەڵبەت لە جەرگەی ئەم بارودۆخەدا بەڕواڵەت دەوڵەتەکان باسیان لە بردنەسەرەوەی ماڵیات بۆ کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و گاز کرد، کە دەستبەجێ لەگەڵ موقاومەتی مودیران و ساماندارانی ئەم شیرکەتانە بەرەوڕوو بووەوە. ئەگەر لە جەرگەی قەیرانی کۆرۆنادا ملیۆنان مرۆڤ پیشەکانیان لەدەست دا و بوون بە قوربانییانی سەرەکیی ئەم پەتایە، ئێستاش دەبێ دیسان هەر ئەم خەڵکە، تێچووی ئاکامەکانی شەڕی ئۆکراین بدەن. بەڵام هەر لەو کاتەوە مەعلووم بوو کە ئەم جەماوەرە ملیۆنییەی کار و زەحمەت، هەنگاو بە هەنگاو دێنە مەیدان و حازر نین ئاکامی قەیرانێک بگرنە ئەستۆ کە خۆیان هیچ نەخشێکیان لە پێکهێنانیدا نەبووە. ڕاپەڕین لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مانگرتنی کرێکارانی سێ بەندەری سەرەکیی ئاڵمان، مانگرتنی کرێکارانی ڕێگەی ئاسنی بریتانیا، مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی فڕۆکەوانی لۆفت هانزا بەشێک لە خەباتی چەند مانگی ڕابردوو بووە.
ئەگەر لە وڵاتانی غەیری ئەورووپایی خەڵک لە ئاستی ملیۆنیدا بەرەوڕووی هەژاری بوونەوە، لە وڵاتانی مێترۆپۆلی سەرمایەداری، دەوڵەتەکان بوودجەیەکی کەمیان بۆ کەم کردنەوەی قەیران تەرخان کرد تا لە ناڕەزایەتیی جەماوەر ڕێگری بکەن. بەڵام ئەم هەوڵانە هێندە بێ بایەخ بوون کە تەنانەت بەرپرسانی دەوڵەتیش لەم وڵاتانە باسیان لە مەترسیی پاییزی داغی ناڕەزایەتی دەکرد. لەئێستادا سەرەڕای هەموو ئەو تاکتیکانەی کە سەرانی دەوڵەتانی سەرمایەداری بەکاریان هێناوە، پاییزی داغی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی سەرمایەداری دەستی پێکردووە. لە ئاڵمانەوە تا ئیتالیا، لە ئینگلیسەوە تا فەڕانسە، لە سپانیاوە تا بێلژێک” ناڕەزایەتیی بەرینی کرێکاری، ناڕەزایەتیی گشتی دژبە هەژاری و بێکاری، دژبە گرانی و شەڕ کەوتووەتە ڕێ.
لە بێلژیک ڕۆژی چوارشەممە مانگرتن لە هێڵی ڕێگەی ئاسن، هێڵی ئاسمانی و هێڵی دەریایی و مانگرتنی کارمەندانی نەخۆشخانە، چالاکیی هەموو کۆمەڵگەیان ڕاگرت. مانگرتووان خوازیاری ڕاگرتنی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و بردنەسەرەوەی حەقدەستن. بەرپرسانی ئیتحادییەکان بە تووڕەییەوە ڕایانگەیاند کە کۆنسێرنەکان سوودی نجوومی بەدەست دێنن و خاوەنانی سەهام ئەم سوودانە لە گیرفانی ئێمە دەدزن. یەکشەممەی دوو حەفتە لەمەوبەر ئیتحادیەی فلزکاران و بەرقی ئاڵمان بە سێ ملیۆن و نۆسەد هەزار کەس ئەندامەوە مانگرتنی خۆیان لە ژمارەیەک لە ئەیالەتەکان دەستپێکرد و پاشان مانگرتنەکەیان بەرەو ئەیالەتەکانی تر پەرەپێدا. لە زۆربەی مانگرتنەکاندا سەدان هەزار کەس بەشدارییان کرد. ئەوان خوازیاری زیادکردنی ٨ لەسەدی حەقدەستن. لەلایەکی ترەوە هەفتەی ڕابردوو ڕێژەی تەوەرۆم لە ئاڵمان دە و چوار دەهومی لەسەد ڕاگەیەندرا و ئەوەش بەو مانایەیە کە تەنانەت بە زیادکردنی ئەم ڕێژەیە لە حەقدەستیش، داهاتی کرێکاران بەگشتی کەم بووەتەوە. هاوکات خۆپیشاندانی جۆراوجۆر لە شارەکانی ئاڵمان دژبە گرانی و دژبە شەڕ لە ئۆکراین و ناردنی چەک بەڕێوەچوو. لە سپانیا لەسەر داوای گەورەترین یەکیەتیی کرێکاری زیاتر لە چل و پێنج هەزار کەس لە ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی نوامبردا بەمەبەستی زیادکردنی حەقدەست لە شاری مادرید دەستیان دایە مانگرتن و ڕێپێوان. لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا کارمەندانی بەشی دەوڵەت لە شاری ژنێڤی وڵاتی سویس لە ناڕەزایەتی بە گرانی دەستیان لە کار کێشایەوە و مانیان گرت. هەروەها لە زۆرێک لە شارەکان کرێکارانی بیناسازی دەستیان دایە مانگرتن. ڕۆژی پێنجشەمممە شەپۆلی مانگرتن سەرتاسەری فەڕانسەی داگرت. سەدان هەزار کەس لە بەشە جۆراوجۆرەکانەوە لەم مانگرتنەدا بەشدارییان کرد. مێترۆکان، ئۆتۆبووسەکان و قەتارە مەحەلییەکان بەم مانگرتنە پەیوەست بوون. لە پاریس تەنیا تاکسی و ئۆتۆمبێلە شەخسییەکان حەرەکەتیان دەکرد. مانگرتووان لەئاست گرانیی سەرسووڕهێنەر و هاتنەخواری حەقدەست و بارودۆخی نالەباری کار ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە هەمان حاڵدا جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش خۆیان بۆ خەباتێکی دوورودرێژ دژبە سیاسەتی دەوڵەت سەبارەت بە بردنەسەرەوەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ەوە بۆ ٦٥ ساڵ ئامادە دەکەن. لە جەرەیانی ئەم مانگرتنانەشدا هێندێک لە یەکیەتییە کرێکارییەکان خوازیاری هێنانە خوارەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ شەست ساڵ بوون. پەرستاران لە بریتانیا، سکاتلەند و ئیرلەند لە جەرەیانی گشتپرییەکدا، دەنگیان دا بە مانگرتن بە خواستی حەقدەستی عادڵانە بۆ پەرستاران. لە مێژووی سەد و شەش ساڵەی یەکیەتیی پەرستاراندا ئەوە یەکەمین مانگرتنە کە خستوویانەتە دەستووری کارەوە. بێگومان ئەوەش نیشانەی بارودۆخێکی نالەبارە کە بەشی تەندرووستی لەگەڵی بەرەوڕووە. زۆرێک لە پزیشکانیش، هەر لە ئێستاوە پشتیوانیی خۆیان لەگەڵ ئەم مانگرتنە ڕاگەیاندووە.
بێگومان هەمووی ئەوانە نیشانەی دەستپێکی ئەو ناڕەزایەتییە بەرینانەن کە لە مانگەکانی داهاتوودا دێنە ئاراوە. نابێ فەرامۆشی بکەین کە ئەگەر هەژاری و بێمافی لە وڵاتانی غەیری ئەورووپایی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی لێ دەکەوێتەوە، لە وڵاتانی مێترۆپۆلی سەرمایەداری بە هۆکاری جۆراوجۆر نابێتە هۆی ئەم ئاخێزانە. بەڵام زەمینە بۆ هاتنە مەیدانی خەڵکی ئەم وڵاتانە هەموار دەکات و لە هەمان حاڵیشدا پێگەیەکی گونجاو بۆ دیفاع و هاوپشتی لەگەڵ ئاخێزە ناڕەزایەتییەکانی وڵاتانی غەیری ئەورووپایی لەم کۆمەڵگایانەدا پێک دێنێت. نابێ ئەم ناڕەزایەتییانە کەم بایەخ نیشان بدرێن. ئەم خەباتەش بەشێکە لە خەباتی چینی کرێکاری جیهانی کە دوورنمای نەبەردەکانی داهاتوو نیشان دەدات. ئەگەر لەو باوەڕە داین کە سەرمایەداری لەگەڵ قەیرانی هاوکات بەرەوڕووە، ئەگەر لەو باوەڕە داین کە نەزمی سەرمایەدارانە هەموو قەیرانەکانی لەوانە قەیرانی ئابووری، ئاکامەکانی قەیرانی کۆرۆنا و شەڕی ئۆکراین دەخاتە سەر شانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، کەوابوو نابێ فەرامۆشی بکەین کە هەر ئەم خەباتەی ئێستا لەئارادایە خاوەنی پۆتانسیەلی خۆڕاگرییە لەبەرامبەر سەرهەڵدانی ڕەوتە ڕاسیستەکان، لە بەرامبەر میلیتاریزم و لە بەرامبەر هێرشی وەحشیانەتری دەوڵەتانی سەرمایەداری.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران