فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پلاتفۆرمی سەندیکای کرێکارانی سوید و ئێران بۆ ئازادیی هەڵسووڕاوانی مافی ژن
سێشەممە ۱۵-۱۲-۱۴۰۲   |  05-03-2024

پلاتفۆرمی سەندیکای کرێکارانی سوید و ئێران لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی هەموو هەڵسووڕاوانی مافی ژنان، نووسەران، هەڵسووڕاوانی سەندیکای کرێکاران و مامۆستایان، هەڵسووڕاوانی مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی کرد.
لەو بەیاننامەدا بە ئاماژەدان بە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” هاتووە: ئاڵوگۆڕ و خۆپیشاندانەکان لەژێر کاریگەریی بزووتنەوەی ژینا تاکوو ئێستاش لە ئێران بەردەوامە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لە خۆپیشاندانەکان بۆ جارێکی تر هەموو هێزە سەرکوتگەرەکانی خۆی هێناوەتە مەیدان و هاوکات بە پشتبەستن بە گەڵاڵەی “عیفاف و حیجاب” لە هەوڵدایە تا درێژەی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” سەرکوت بکات.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بە بەشدارینەکردنی زۆرینەی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیمدا کراوە و ئەوەش بە بڕگەیەکی دیکە لە بەردەوامیی خەبات لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ژینا لە قەڵەم دراوە.
پلاتفۆرمی سەندیکای کرێکارانی سوید و ئێران ڕایگەیاندووە: سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی، ژنانی شۆرشگێر لە ئێران نە تەنیا بێدەنگ نەبوون بەڵکوو لە ڕێگەی نافەرمانیی مەدەنی و ئەزموونەکانی بزووتنەوەی ژینا درێژەیان بە خەباتی جۆراوجۆری خۆیان داوە کە لەلایەن ئەنجومەنە سەربەخۆ کرێکارییەکان، هونەرمەندان، نووسەران، خانەنشینکراوان، پەرستاران، هەڵسووڕاوانی مەدەنی و سیاسییەوە بۆ کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنی ڕەگەزی و مافی بەرابەر و هەڵوەشاندنەوەی منداڵ هاوسەری، پشتیوانییان لێکراوە.