پێشەکی
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان بەو مافانە دەزانێت کە ماف و ئارمانی هاوبەشی هەموو ئینسانەکانە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان و خۆشبژێو.
کۆمەڵگە پێویستە ئازادی، بەرابەری و ڕەفاهی ئینسانەکان زەمانەت بکات. ئازادی بەمانای ڕزگاری لە سەرکوت و زەبروزەنگی سیاسی، ڕەهایی لە ئیجبار و بەربەستی ئابووری، ڕزگاری لە دیلیەتیی فکری، ئازادیی گەشەی تواناییەکانی مرۆڤ. کۆمەڵگە پێویستە بەرابەریی ئینسانەکان زەمانەت بکات. بەرابەری نە تەنیا بەرانبەر بە یاسا، بەڵکوو بەرابەری لە بەهرەمەندبوون لە ئیمکانات و بەرهەمی ماددی و مەعنەوەیی کۆمەڵگە، بەرابەری لە پاراستنی حورمەت و ئەرزشی ئینسانەکان. بە باوەڕی ئێمە مافی ئینسانەکان بابەتێکی جیهانییە. مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستانیش بەشێکی جیانەکراوە لەم مافانە. لەم ڕووەوە ئێمە هەر لەئێستاوە هەوڵ دەدەین کە مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان بەکردەوە دەربێت و ئەوەیکە لە خوارەوە هاتووە وەک یاسای پەسندکراو لە دەسەڵاتی دوای کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بەڕەسمی بناسرێت.
١ – ئازادیی بێ شەرت و مەرجی ڕادەربڕین مافی هەموو هاووڵاتییانە. خەڵک لە هەبوونی هەرجۆرە بیروباوەڕێک و پێکهێنان یان پەیوەست بوون بە هەر ڕێکخراوێک ئازادن. ڕەخنە و ناڕەزایەتی و مانگرتن مافی هەموو هاووڵاتییانە. پشکنینی بیروباوەڕ و یان داسەپاندنی عەقیدە قەدەغەیە. تاکەکان لە دەرنەبڕینی بیروباوەڕیشیاندا ئازادن.
٢ – بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە، خۆپیشاندان، هەبوون و کەڵک وەرگرتن لە چاپەمەنی و ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن بۆ دەربڕینی ئازادانەی بیروڕا، ئازادیی کامڵ لەبواری پێکهێنانی ڕێکخراو و حیزب یان پەیوەست بوون بە هەر جۆرە ڕێکخراوێکی سیاسی، پیشەیی وجەماوەری مافی ڕەوای خەڵکە.
٣ – ژیان و گوزەرانی هەموو هاووڵاتییان بە بێ لەبەرچاوگرتنی توانای ئەنجامدانی کار و هەبوونی پیشە، پێویستە بەپێی پێوەرەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دابین بکرێت.
٤ – بەرقەرارکردنی پێکهاتەیەکی سیاسی شۆرایی لەسەر بنەمای دەخاڵەتدانی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی خەڵک لە دەسەڵات. دابینکردنی ماف و ئازادیی سیاسی و مەدەنیی بەرین، بێ شەرت و مەرج و زەمانەتکراو و بەرابەر بۆ هەمووان، هەڵوەشانەوەی هەرجۆرە هەڵاواردنێک لەسەر بنەمای جنسیەت، تابعیەت، نەتەوە، ڕەگەز، ئایین، تەمەن و هیتر.
٥ – هەڵبژاردنی سەرجەم بەرپرس و پۆستە سیاسی و ئیدارییەکان لەلایەن خەڵکەوە و لابردنیان لە هەر کاتێکدا کە زۆرینەی دەنگدەران ئیرادە بکەن. هەموو کەس لە تەمەنی یاساییدا بەشێوەی بەرابەر دەتوانن دەنگ بدەن و بۆ هەر ناوەند و ئۆرگانێکی نوێنەرایەتی و یان بۆ هەر پۆست و مەقامێک کاندید بن. هەر گەورەساڵێک دەتوانێت بەشداری هەڵبژاردنەکانی هەر ئۆرگانێکی نوێنەرایەتی بکات.
تێبینی: تەمەنی یاسایی لەلایەن دەزگای یاسادانانەوە دیاری دەکرێت.
٦ – بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی چەوسانەوەی نەتەوەیی لە کوردستان لە لایەن دەسەڵاتەکانی سەڵتەنەتی و کۆماری ئیسلامییەوە، هەر جۆرە هەڵاواردن و چەوساندنەوە و نایەکسانییەک پێویستە هەڵوەشێتەوە. ئەم بابەتە تەنیا لەڕێگەی بەڕەسمی ناسینی مافی جیابوونەوە یان مانەوە لە چوارچێوەی وڵاتێکی واحید بە مافی یەکسانەوە دابین دەکرێت. ئێمە لە هەمان حاڵدا لەسەر هاوپشتی وهاوچارەنووسیی خەباتکارانەی خەڵکی کوردستان و سەرانسەری ئێران تەئکید دەکەین. یەکسانی مافی هاوڵاتیبوون لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵگا، مافی ڕەوای خەڵکی کوردستانە. بۆ بڕیارێکی لەمجۆرە، خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە لە ڕیفراندۆمێکی بەڕەسمی ناسراودا، بە سەرپەرشتی دامەزراوە نێونەتەوەییەکان چارەنووسی سیاسی خۆیان دیاری بکەن.
٧ – ئیدارەی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا لە ئەستۆی ئۆرگانە هەڵبژێردراوەکانی خەڵکە. بەکارهێنانی هێز لەلایەن هەر حکومەت و هێزێکی سیاسییەوە بۆ ڕێگریکردن لە مومارەسەی ئازادانەی ئیرادەی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا قەدەغەیە.
٨ – هەموو ئەو یاسا و ناوەندانەی کە هێما و یان پارێزەری ستەمی نەتەوەیین پێویستە هەڵوەشێنەوە. هەرجۆرە هەڵاواردنێکی ئابووری، سیاسی و کولتووری دژبە خەڵک کوردستان ڕەتدەکرێتەوە. بەکارهێنانی زمانی دایک لە نووسینی ڕەسمی و لە ناوەندە دەوڵەتییەکان و فێرکردنی زمان و کولتوور لە مەدرەسەکان و کەڵک وەرگرتن لە ئیمکاناتی بەرابەر لەگەڵ هەموو هاووڵاتییان مافی حاشاهەڵنەگری خەڵکی کوردستانە.
٩ – قازی، دادگا و دەزگای قەزایی لەبواری یاساییەوە پێویستە سەربەخۆ بن. لە هەموو دادگاییکردنەکاندا ئەسڵ بێتاوانبوونی تۆمەتبارە. مافی هەموو کەسێکە دادپەروەرانە دادگایی بکرێت و پارێزەری هەبێت. هەر جۆرە ئەشکەنجە و تۆقاندن و سووکایەتی و گوشاری دەروونی و فیکری قەدەغەیە و بە تاوان دێتە ئەژمار. هەر جۆرە دانپێدانانێکی زۆرەملێ بێ ئیعتبارە.
١٠ – مافی ژیان سەرەتاییترین مافی مرۆڤە. سزای لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی لە هەموو بارودۆخێکدا قەدەغەیە. مرۆڤەکان پێویستە لە هەر جۆرە دەستدرێژییەکی جەستەیی و دەروونی پارێزراو بن.
١١ – پێویستە ئایین لە حکوومەت و پەروەردە و سیستەمی دادوەری جیا بێت. سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا پێویستە بەتەواوی سەربەخۆ بێت لە نەریت و یاسای نەتەوەیی و ئایینی. هەبوون یان نەبوونی ئایین بێ شەرت و مەرج ئازادە.
١١ – تەندروستی و خوێندنی بێبەرامبەر لە هەموو ئاستەکاندا مافی هەموو کەسێکە. دەستڕاگەیشتن بە هەموو دامەزراوە پەروەردەیی و تەندروستییەکانی ناو کۆمەڵگا مافی هەموو هاووڵاتییانە.
١٣ – ئازادی بێ مەرجی نیشتەجێبوون و سەفەر و گواستنەوە مافی هەموو گەورەساڵێکە. ژیانی تایبەتی تاکەکان و شوێنی نیشتەجێبوون و پەیوەندی و گفتوگۆیان دوورە لە هەر جۆرە دەستوەردانێک لەلایەن هەر دەزگا یان دەسەڵاتێکەوە.
١٤ – خەڵک ئازادە لە هەڵبژاردنی جلوبەرگ. هەر جۆرە مەرج و ڕێسایەکی فەرمی یان ئاماژەپێکراو لەسەر جلوبەرگی خەڵک قەدەغەیە.
١٥ – منداڵان مافی خۆیانەوە کە ژیانێکی شاد و ئیمەن و داهێنەرانەیان هەبێت. زمانەتکردنی ڕەفاهییان وەئەستۆی دەوڵەتە. هەموو منداڵان و تازەلاوان پێویستە ستانداردێکی واحیدیان لە ڕەفاه و ئیمکاناتی گەشەی ماددی هەبێت لە بەرزترین ئاستی مومکیندا.
١٦ – هەبوونی پەیوەندی ئازادی سێکسی مافی ڕەوای هەموو کەسێکە کە گەیشتووەتە تەمەنی یاسایی. پەیوەندی سێکسیی گەورەساڵان بابەتی خسووسیی ئەوانە. هیچ کەس یان مەقامێک مافی لێکۆڵینەوە و دەخاڵەتی نییە. پەیوەندیی سێکسیی کەسانی گەورەساڵ لەگەڵ کەسانی ژێر تەمەنی یاسایی، تەنانەت ئەگەر بە ڕەزایەتی خۆشیان بووبێ، قەدەغە و تاوانە.
١٧ – ژنان پێویستە لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، لە بەرهەمهێنان، لە بنەماڵە و لە هەموو بوارێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لەگەڵ پیاوان مافی یەکسانیان هەبێت. هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی پیاو لەژێرناوی “سەرپەرستی بنەماڵە” و بەرقەرارکردنی ماف و ئەرکی بەرابەر بۆ ژن و پیاو لە پێوەند لەگەڵ سەرپەرستی و پەروەردەی منداڵان، دانانی کۆنتڕۆڵ و مودیریەتی دارایی و بواری ماڵیی بنەماڵە، میرات، هەڵبژاردنی شوێنی ژیان و نیشتەجێبوون، کاری ناوماڵ و پیشە، جیایی، سەرپەرستیی منداڵان لە ئەگەری جیابوونەوە و دابەشکردنی ئەمواڵی بنەماڵە، قەدەغەکردنی چەندهاوسەری، قەدەغەکردنی سیغە، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سوننەت و کولتووری ئیتاعەتکردنی ژن لە پیاو، داسەپاندنی سزای قورس بۆ هەرجۆرە ئازار و زەوتکردنی ئازادی، سووکایەتی و توندوتیژی دژبە ژنان و کچان لە ناو بنەماڵە.
١٨ – هاوسەرگیری بە تۆمارکردنی لەناو نووسینگە فەرمییەکاندا لەلایەن کۆمەڵگەوە بەڕەسمی دەناسرێت. هیچ کەس نابێ بەپێچەوانەی ویستی خۆی ناچار بە هاوسەرگیری بکرێت. زەوجەکان لە هەموو بوارێکی پێوەندیدار بە بنەماڵە، جودایی و سەرپەرستی منداڵان و میرات مافی تەواوەن یەکسانیان هەیە.
١٩ – هەبوونی ژینگەیەکی تەندروست و سەلامەت مافی هەموو مرۆڤێکە. ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ ڕێگری لە نابوودیی ژینگە و هەوڵی جددی و گشتی بە بەرپرسیارێتی حکومەت لەپێناو پێکهێنانی ژینگەیەکی سالم و ئیمەن بۆ بەردەوامیی ژیان.
٢٠ – گرینگترین داخوازییە کرێکارییەکان:
ا – دامەزراندن و بیمەی بێکاری بەپێی لانیکەمی حەقدەست بۆ هەر کەسێکی بێکاری سەرووی ١٨ ساڵ تەمەن دابین دەکرێت. کرێکاران پێویستە لە بەرامبەر زیانەکانی شوێنی کاردا بیمە بکرێن.
ب – لانیکەمی حەقدەست لەلایەن نوێنەرانی سەرانسەریی کرێکارانەوە دیاری دەکرێت.
ج – دەرکردنی کرێکاران لەلایەن خاوەنکارەوە قەدەغەیە. بڕیاری نیهایی لەم بوارەدا پێویستە بەپێی دەنگی کۆبوونەوەی گشتیی کرێکارانی ناوەندی پێوەندیدار بێت.
د – کاری ناوماڵ بە کاری کرێگرتە دێتە ئەژمار.
ه – پێکهێنانی ڕێکخراوەی کرێکاریی سەربەخۆ لە خاوەنکار و دەوەڵەت مافی سرووشتیی کرێکارانە.
و – کۆڵبەری وەک هێمای کۆیلەتیی ئینسان، پێویستە لەڕێگەی پێکهێنانی پیشە و دابینکردنی بژێوی کرێکارانی کۆڵبەر، نەمێنێت.
پێویستە بوترێت کە خاڵەکانی ناو ئەم پلاتفۆرمە تەنیا گرینگترین مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان لەخۆدەگرێت.
بڕووخێ کۆماری ئیسلامی!
ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی شۆرایی
بژی سۆسیالیسم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
بەفرانباری ١٤٠١ – ژانویەی ٢٠٢٣