لە پلینۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٣ کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢١ و ٢٢ی مانگی خەزەڵوەر بەرابەر لەگەڵ ١٢ و ١٣ی مانگی نوامبری ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، بەشی سەرەکیی باسەکان لە دەوری ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ئیجرایی بە پلینۆم چڕ بووەوە کە لەژێرناوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و ئەرکی کۆمۆنیستەکان ئامادە کرابوو. لە بەشێک لەم ڕاپۆرتەدا وێڕای لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسی و ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان تەئکید کرا کە کۆمەڵگەی ئێران کەوتووەتە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە. بەڵام ئەم ڕووحییات و گوڕوتینە شۆڕشگێڕانەیە کە خەسلەتی بەرچاوی پێگەیەکی شۆڕشگێڕانەیە، هێستا لەناو جەماوەری کرێکاری ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا بەشێوەی بەربڵاو پەرەی نەستاندووە. سەرەڕای هەوڵ و زەحمەتی هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی ڕادیکاڵی کرێکاری، بەشێکی بەرین لە کرێکاران هێستا بەوە نەگەیشتوون کە بۆ چوونەدەرەوە لەو بارودۆخە پڕ لە هەژاری و بێ مافیی سیاسییە و بۆ تێپەڕین لە حکوومەتی ئیسلامی و موناسباتی سەرمایەداری پێویستە بە چەکی بەهێزی مانگرتن بەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە پەیوەست بن. ئەم ئەزموونە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە هەموو پێکهاتەکانی دۆخێکی شۆڕشگێڕانە لە یەک کاتدا ئامادە نابن. بەڵام لە ژێر کاریگەری کەشی گشتیی کۆمەڵگادا، ڕووحییاتی کرێکارانیش بە خێرایی لە گۆڕاندایە. بێگومان کرێکارانیش هەنگاو دەنێنە قۆناغی هێرشبردنەوە. ئەم بارودۆخە شۆڕشگێڕانەیە کۆمەک دەکات کە بزووتنەوەی کرێکاری چەند هێندەی خێرایی ئەم بزووتنەوەیە لە دۆخی ئاساییدا، بەسەر کەموکوڕییەکانیدا زاڵ بێت و بە مانگرتنی خۆی ڕێگای پێشڕەویی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە هەموار بکات.
لەو جێگەوە کە شۆڕش گونجاوترین ڕێگای بەدەسەڵات گەیشتنی چینی کرێکارە، چوونە ناو قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە بۆ کۆمۆنیستەکان یەکجار گرنگە. واتە قۆناغێک کە دەرفەتی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی بورژوازی و گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی فەراهەم دەکات. دیارە کەوتنە ناو پێگەیەکی شۆڕشگێڕانە بەتەنیا سەرهەڵدانی شۆڕش و سەرکەوتنی چینی کرێکار زەمانەت ناکات. بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشێک کە نیزامی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی شۆڕشگێڕانە بڕووخێنێ، چینی کرێکار بە دەسەڵاتی سیاسی بگات و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە نیزامی سەرمایەداری بخاتە دەستووری کارەوە، بێجگەلە ئەو ئاڵوگۆڕ و زەمینە بابەتی و کۆمەڵایەتییانەی کە لە ئیرادەی حیزب و هێزە سیاسییەکان بەدەرە، پێویستە چینی کرێکار واتە لۆکۆمۆتیڤی سەرەکیی شۆڕش بەڕادەی پێویست ڕێکخراو و وشیار و بەهێز بێت تا بتوانێت ئەرکی مێژوویی خۆی بە سەرەنجام بگەیەنێت. ئەوە تەنیا بەس نییە کە چینی دەسەڵاتدار نەتوانێ وەک پێشوو درێژە بە دەسەڵاتی بدات، هەژاریی چینی ژێر دەست گەیشبێتە ئاستێکی لەتاقەت بەدەر و کرێکاران بەرەو مەیدانی کردەوەی ڕاستەوخۆ دژبە بارودۆخی زاڵ هەنگاویان هەڵگرتبێت، بەڵکوو جگە لەم پێشمەرجانە، پێویستە چینی کرێکار توانای ئەنجامدانی ئەرکی مێژوویی خۆی بەدەست هێنابێت. چینی کرێکار بە بێ خۆ سازماندان لەناو ڕێکخراوی چینایەتی و جەماوەری و حیزبی سیاسیی کۆمۆنیستیی خۆی، بە بێ پێکهێنانی ڕێکخراو و پەرەپێدانی ناوەندی وەک کۆمیتەی مانگرتن و بە بێ پێکهێنانی شۆرای کرێکاری کە مانگرتن و خەباتی ئێستای کرێکاران هیدایەت و ڕێبەری بکات، ناتوانێ زەرفییەتەکانی خۆی بۆ پێکهێنانی ئەم ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەیە بەکار بهێنێت. لەئێستادا زاڵبوون بەسەر ئەم لاوازی و کەموکوڕییانە و ئامادەکردنی چینی کرێکار بۆ ڕێبەریی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە، ئەرکی قورس دەخاتە ئەستۆی چالاکان و ڕێبەرانی سۆسیالیستیی بزووتنەوەی کرێکاری و حیزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکان.
پلینۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە درێژەی باسەکانی خۆیدا تیشکی خستە سەر ئەرکی کۆمۆنیستەکان لە بارودۆخی ئێستادا.
یارمەتیدان بە درێژە و پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی کۆمۆنیستەکانە لەم بارودۆخەدا. لەو جێگەوە کە درێژە و پێشڕەویی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە لە گرەوی هەرچی جەماوەریتربوونەوە دایە، هەوڵ لەم ڕاستایەدا یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی کۆمۆنیستەکانە. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە تا درێژەی بێت قووڵتر دەبێتەوە و دەرفەتی زیاتر بۆ ڕێبەرانی کرێکاری بۆ هێنانە مەیدانی جەماوەری کرێکاران دەخوڵقێنێت. سەرکوتی بەرین، نیگەرانی لە چارەنووسی خەباتی جەماوەری نەبوونی بەدیلێکی بەهێزی شۆڕشگێڕانە کە جەماوەر بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و وەدیهێنانی خواستەکانیان ئومێدی پێ ببەستن، لەو فاکتۆرە چارەنووسسازانەن کە لە بەرامبەر پەرەسەندنی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەدا ڕاوەستاون. لە حاڵێکدا کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران خاوەنی هێزی ڕێکخراو و پڕچەکە و لە کوشتنی خەڵک دەست ناپارێزێت، شەڕ و تێکهەڵچوونی سەر شەقام ئەگەرچی گرنگە بەڵام بەتەنیا ناتوانێ ئەم ڕێژیمە بەچۆک دابێنێ. ئەوەیکە دەتوانێ پشتی ڕێژیم بشکێنێ، مانگرتنی سیاسیی گشتیی و یەک لەدوای یەک و سەرانسەرییە. بەڵام مانگرتن شێوازێکی دیار و جێکەوتوو و سوننەتیی بزووتنەوەی کرێکارییە. کرێکارانی پێشڕەو و مامۆستایانی خەباتکار دەتوانن ئەم شێوازە سرووشتییەی ئامرازی خەباتی خۆیان لەناو بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگەشدا پەرە پێبدەن. بەرینایی ناڕەزایەتیی زۆربەی خەڵکی ئێران لەئاست بارودۆخی ژیان و گوزەرانێکی فەلاکەتبار کە ڕێژیمی ئیسلامیی سەرمایە بەسەریانیدا سەپاندووە، بووەتە هۆی خوڵقانی هەلومەرجێک کە زەحمەتکێشان و بێبەشان، پەرستاران، خوێندکارانی زانکۆکان، هونەرمەندان و ڕۆشنبیران بەئاسانی بەم مانگرتنانە پەیوەست دەبن. مانگرتنی سیاسیی گشتی کە مانگرتنی کرێکاران بڕبڕەی پشتی پێکدێنێت بەربە هێزنواندنی ڕێژیم دەگرێت و ماشێنی سەرکوتەکەی زەمینگیر و ئیفلیج دەکات. لەڕێگەی مانگرتنی سیاسیی گشتییەوە جەماوەری ملیۆنی چالاک دەبن و لە حەرەکەتی بەکۆمەڵ و هاوئاهەنگی خۆیان هێز و هیوا وەردەگرن. ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بە بێ هاتنە مەیدانی ملیۆنیی جەماوەر دژبە بارودۆخی زاڵ مومکین نییە و مانگرتنی گشتی کە بەشێوەی سرووشتی سیاسی دەبێت، ئەو ئیمکانە فەراهەم دەکات.
لە بەشێکی دیکەی باسەکانی پلینۆمدا لەسەر زەروورەتی سیاسی و چینایەیتی هاتنە مەیدانی چینی کرێکار تەئکید کرا. ئێستا لە بارودۆخێکدا کە نزیکەی دوو مانگ لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا تێدەپەڕێت، لە ڕوانگەی بەرژەوەندی ئێستا و داهاتووی چینی کرێکار پەیوەست بوون بەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە کە ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامیی خستووەتە ئاسۆوە بۆ کرێکاران بووەتە زەروورەتێکی سیاسی و چینایەتی. گومان لەوەدا نییە کە ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری لە پێویستیی سیاسی و چینایەتیی هاتنە مەیدانی چینی کرێکار و هەوڵ بۆ دابینکردنی هێژمۆنیی بزووتنەوەی کرێکاری ئاگادارن. بەڵام پێویستە ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە سەرکوتی بەرین، هەڕەشەی دەرکردن، هەژاریی بێوێنە و نیگەرانی لە کاریگەریی ئاکامەکانی مانگرتن لەسەر ژیانی بنەماڵە کرێکارییەکان لە حاڵێکدا کە هەژاریی ڕێژەیی بنەماڵەکان لە ئێران گەیشتووەتە سەرووی ١٨ ملیۆن تمەن لە مانگدا، ئەو بەربەستانەن کە هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری بۆ ڕێکخستنی مانگرتن و هێنانە مەیدانی کرێکاران لەگەڵی بەرەوڕوون. یەکەمین شەپۆلی ناڕەزایەتیی کرێکاران لە ناوەندەکانی نەوت و پێترۆشیمی بۆ پشتیوانی لەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە بەرەوڕووی سەرکوتی بەرین و دەستبەسەرکردنی دەیان کەس لە کرێکاران بووەوە. بانگەوازی شۆرای ڕێکخستنی کرێکارانی پڕۆژەییی نەوت بۆ دەستپێکی مانگرتنی کرێکاران لە ٧ی خەزەڵوەر بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەتی شوێنی کار و ڕەشبگیریی کرێکاران خرایە کاتێکی تر. لە حەوت تەپە کرێکارانی نەیشەکەر مانگرتنێکی دوو ڕۆژەیان بەڕێوەبرد کە لەگەڵ کارشکێنی و شێواندن بەرەوڕوو بووەوە. لە فوولادی ئەهوازیش شایەدی هەوڵ و ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتن بووین. کرێکاران لە بەشە ستراتێژیکەکانی نەوت و گاز، پێترۆشیمی، پاڵاوگەکان، گواستنەوە و ناوەندەکانی دەرمان و تەندرووستی و باقیی بەشەکانی خزمەتگوزاری و هیتر، مانگرتن تاقی دەکەنەوە تا زەمینەی ماددیی مانگرتنێکی سەرانسەری و چارەنووسساز ئامادە بێت. حیزب و هێزە کۆمۆنیستەکان پێویستە هەموو توانای خۆیان بۆ یارمەتیدانی هەڵسووڕاوانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری لەپێناو لابردنی کۆسپەکانی سەر ڕێگای هێنانە مەیدانی کرێکاران بەکار بێنن.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران