فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پلینۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەڕێوەچوو؛ بەشی ٥ و کۆتایی
شەممە ۰۵-۰۹-۱۴۰۱   |  26-11-2022
پلینۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەڕێوەچوو؛ بەشی ٥ و کۆتایی

پلینۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٣ لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢١ و ٢٢ی مانگی خەزەڵوەر بەرابەر لەگەڵ ١٢ و ١٣ی مانگی نوامبری ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو. بەشی سەرەکیی باسەکان پەیوەندییان بوو بە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ئیجرایی بە پلینۆم کە لەژێرناوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و ئەرکی کۆمۆنیستەکان ئامادە کرابوو. لە درێژەی باس و هەڵوێستەکاندا، پلینۆمی سێهەم لەسەر پێویستیی هەرچی چالاکتربوونی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان وەک یەکێک لە دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران تەئکیدی لەسەر کرا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە کۆمەڵگەی ئێران چووەتە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە و چارەنووسسازەوە، ئەم بارودۆخە تازەیە لە هەموو هێزەکانی ڕێکخراو لەناو شۆرای هاوکاری دەخوازێت کە بۆ بەهێزکردن و یەکڕیزکردنی هەرچی زیاتری بەرە و بلۆکی سۆسیالیستیی تێبکۆشن. بێگومان هێزی چەپ و سۆسیالیست هێزێکی مەزنی کۆمەڵایەتییە لە کۆمەڵگەدا و حزووری لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا حاشاهەڵنەگرە. بەڵام ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە هێشتا وەک بەرەیەکی یەکڕیزی سۆسیالیستی هەنگاو هەڵناگرێت. لە دەرەوەی وڵاتیش حیزب و ڕێکخراو و ناوەندە کۆمۆنیستە سەربەخۆ و ڕادیکاڵەکان ئەگەرچی چالاکیی بەرین بەڕێوە دەبەن و خاڵی هاوبەشیان زۆرە بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە وەک بەرەیەکی بەهێز و یەکگرتووی سۆسیالیستی دەرکەون. هەلومەرجی گۆڕدراوی ئێستا لە شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان دەخوازێت کە زیاتر لە ڕابردوو لە ڕۆڵی ڕێبەری سیاسیدا دەرکەون و بۆ یەکڕیزکردنی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەشێوەی نەخشەمەند هەنگاو هەڵگرن. بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە درێژەی هەیە، کاردانەوەی سەری وەخت بەرامبەر بە ڕووداوەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، گرتنەبەری سیاسەت و تاکتیکی درووست کە هەر کامەیان دەبنە هۆی یەکڕیزیی زیاتری ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە چەپە دەتوانێ لە ئەولەوییەتەکانی چالاکیی شۆرای هاوکاری بێت لەم قۆناغەدا. بۆ وڵامدانەوە بەم پێداویستییانە شۆرای هاوکاری پێویستە ئارایشی سازمانیی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە بگرێتە بەر. ئەم بارودۆخە هەروەها لە شۆرای هاوکاری دەخوازێت کە چالاکیی میدیایی خۆی لە هەموو بوارەکاندا پەرە پێبدات. هەر بۆیە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و باقیی حیزب و ڕێکخراوەکانی ناو ئەم شۆرایە پێویستە ئامادە بن کە هێزی زیاتر بۆ چالاکییەکانی شۆرای هاوکاری تەرخان بکەن. تەئکیدی دووبارە لەسەر ئەرکەکانمان لە دەرەوەی وڵات بەشێکی تر لە باسەکانی پلینۆم بوو.

بەرپاکردن و بەشداریی چالاکانە لە ئاکسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانی لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و حزوور لە میدیاکان بۆ ناساندنی ئامانجەکانی، لە ئەولەوییەتەکانی کار و چالاکیی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە لەم قۆناغەدا. زۆرێک لە پەنابەران و کۆچبەرانێک کە خۆیان لە ناڕەزایەتی دژبە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پەنایان بردووەتە دەرەوەی وڵات ئەمڕۆ لە ڕیزی ناڕەزایەتیی گشتی دژبە ڕێژیم و بە نیشانەی هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە ئێران دێنە سەر شەقام. ئێمە وەک بەشێک لە چەپ و کۆمۆنیستەکان پێویستە بەشێوەی بەرین هەوڵ بدەین کە هەموو ئەو ئینسانە ئازادیخوازانەی کە لە ناڕەزایەتی دژبە دیکتاتۆری و زەبروزەنگ لە ئێران و بۆ ڕزگاریی کرێکاران، ژنان، لاوان، نەتەوە ژێر ستەمەکان و هەموو خەڵکی ستەملێکراو و وەگیانهاتووی ئێران دێنە مەیدان، لە ڕێزی بەهێزدا بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی بکەینەوە. بۆ کۆکردنەوەی ئەم هێزە بەرینە پێویستە شێوەکارێکی نوێ و فەراسازمانی کە لەگەڵ ئەم بارودۆخە تازەیە گونجاوبێت بگرینە بەر. لەم بوارەدا پێویستە لەسەر پێکهێنانی شۆراکانی هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێران یان هەر ناوەندێکی خەباتکارانەی دیکە کە بتوانێ هەموو ئەم پۆتانسیەلە ناڕەزایەتیە دژبە کۆماری ئیسلامی نوێنەرایەتی بکات، تەئکید بکەین و بۆ پێکهێنانی هەنگاو هەڵگرین. چەند نموونەیەک لەم شۆرا و جەمعییەتانە کە خاوەن پۆتانسیەلی جەمعی و فەراحیزبین و دەتوانن هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکان و خەڵکی ئازادیخواز کۆبکەنەوە، هەر ئێستا لە هێندێک لە وڵاتانی ئەورووپایی پێکهاتوون. سیاسەتی پێوەندیدار بەم چالاکییانە هەروەک هەتا ئێستا لە کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکاندا تەئکیدی لەسەر کراوە بریتییە لە: ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزب بەهیچ شێوەیەک لەو ئاکسیۆن و ڕێپێوانانەدا بەشداری ناکات کە لەلایەن سەڵتەنەت تەڵەبەکان و یان سازمانی موجاهدینی خەلکەوە ڕێکخراون و یان بە دەستپێشخەریی ئەوان بەرپا دەکرێن. لە ڕێپێوان و یان کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە گشتییەکان، تەنیا کاتێک بەشداری دەکەین کە تەشکیلاتی ئێمە یان نوێنەرانی هێزە چەپەکان لە سەرەتاوە تا کۆتایی لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەو حەرەکەتە دیاریکراوەدا بەشدارییان کردبێت. هێزی ئێمە یان هێزی لایەنە چەپەکانی دیکە نابێ ببنە سیاهی لەشکری هیچ هێزێکی تر. بەڕێوەبردنی کاریگەری ئەم سیاسەتە لە گرەوی ئەوەدایە کە پێشتر، هەموو هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان لەژێر یەک چەتر، هاوپەیمانی یان بەرەدا کۆببنەوە و بەشێوەی هاوبەش لەم بوارەدا سیاسەتی کردەوەیی خۆیان بگرنەبەر. ئەگەر بەشداریی ئێمە لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە گشتییانە زەربە لە یەکگرتوویی و هاوکاریی هێزە چەپ و سۆسیالیستەەکان بدات نابێ تییاندا بەشداری بکەین. پێکهێنانی شۆرای پشتیوانی لە ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران لە کۆڵنی ئاڵمان کە هاوڕێیانی ئێمە بە هاوکاری لەگەڵ باقیی هێزە سیاسییە چەپەکان و کەسانی کۆمۆنیست داهێنەری بوون، یان پێکهێنانی شۆرای هاوپشتی لەگەڵ خەباتی خەڵکی ئێران لە لەندەن کە هاوڕێیانی ئێمە بە هاوکاری لەگەڵ باقیی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان دەستپێشخەر بوون، و یان چالاکیی هاوشێوە کە هاوڕێیان لە فەنلاند یان هاومبورگی ئاڵمان ئەنجامیان داوە، نموونەگەلێکی باشن کە دەکرێ دەرسیان لێ وەربگیرێت. پەرەپێدانی ئەم چالاکییانە لە دەرەوەی وڵات و ڕەنگدانەوەی لە میدیا و چاپەمەنییەکان دەتوانێ هەزینەی سیاسیی سەرکوت بۆ ڕێژیمی ئیسلامی بەرێتە سەر، و بەڕێوەچوونی پڕۆژەی ئیمپریالیستیی سات و سەودا لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران، لەگەڵ بەربەستی زیاتر بەرەوڕوو بکاتەوە.

لە باسەکانی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبدا جەخت کرایەوە کە چالاکیی سیاسی و تەبلیغیی تەلەڤیزیۆنی حیزب و کۆمەڵە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڤارەکانی حیزب و کۆمەڵە پێویستە لەسەر بنەمای سیاسەت و ئەرک و ئەولەوییەتەکانی حیزب و کۆمەڵە لەم دەورەیەدا بن. سەرەڕای هەموو کێشە و بەربەستەکانمان، پێویستە هێزی زیاتر بۆ کاری تەلەڤیزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەرخان بکرێت. ئەگەرچی چالاکیی ئەم بەشانە لە پلینۆمی پێشووەوە هەتا ئێستا زیاتر پەرەی پێدراوە بەڵام هێستاش بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە کاری زیاتریان پێویستە.

*****

کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب دوای باس لەسەر ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ئیجرایی بە پلینۆم و پەسەندکردنی بە زۆرینەی دەنگەوە و هەروەها دوای پەسەندکردنی قەرارێکی ناوخۆیی، ڕاپۆرتی چالاکیی ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزبی دایە بەر باس و لێکۆڵینەوە کە بریتین لە ئۆرگانەکانی: کۆمیتەی تەشکیلاتی شارەکان، شۆرای تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، کۆمیتەی ئیدارەی سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حیزب، گۆڤاری جەهانی ئێمروز، کۆمیتەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، کۆمیسیۆنی ماڵی، دستەی نووسەرانی “بسوی سوسیالیم”، کۆمیسیۆنی پەروەردە، کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) و کۆمیتەی ئیجرایی حیزب. پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی وێڕای تەئکید لەسەر پێویستیی تەحکیمی حیزبییەت و پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی کاری کۆمیتەیی، جەمعی و شۆرایی لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی کە لەم قۆناغەدا کەوتووەتە دەستووری کار و چالاکیی حیزبەوە و هەروەها لەپێناو ئامانج و هەڵوێستەکانی سەرەوە، ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزبی تەقوییەت کرد و دووبارە سازمانی دانەوە.

پلینۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێزدەهەمی حیزب لە بەشی کۆتایی کارەکانیدا، بە مەبەستی هیدایەتی چالاکییە سیاسی و تەشکیلاتییەکانی حیزب لە نێوان دوو پلینۆمدا، لە نێو هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبدا کە لە لیستی کاندیدەکاندا بوون، نۆ کەسی وەک ئەندامانی کومیتەی ئیجرایی حیزب هەڵبژارد. ناوی ئەم هاوڕێیانە بریتین لە: هەڵمەت ئەحمەدیان، ڕۆژین ئەمینی، خوسرەو بۆکانی، ڕەئوف پەرستار، نوسرەت تیمورزادە، حەسەن شەمسی، ڕەحیم عەزیزپوور، ئارام فەرەجوڵڵاهی و سەڵاح مازوجی.

کۆمیتەی ئیجرایی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

خەزەڵوەری ١٤٠١

نوامبری ٢٠٢٢


تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co