فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێداویستییەکانی پێشڕەوی و سەرکەوتنی شۆڕش
چوارشەممە ۱۱-۰۸-۱۴۰۱   |  02-11-2022
پێداویستییەکانی پێشڕەوی و سەرکەوتنی شۆڕش

لە حەوتەمین حەفتەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا داین. لەو ماوەیەدا سەرکوتگەران ڕیزەکانی ئێمەیان لەسەر شەقام، لە زانکۆ و لە مەدرەسەکان داوەتە بەر گولـلە و گیانی جگەرگۆشەکانمانیان گرتووە و زۆرێک لە دایکان و باوکانیان خستووەتە ناو خەم و پەژارەی لەدەستدانی ڕۆڵەکانیانەوە. بەڵام کۆمەڵێک لە دایکانی خوێندکاران کە لە مەدرەسە و شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران چالاکیی خۆیان لەژێرناوی “کۆڕی دایکانی پێشڕەو” دەستپێکردووە لە ئاگاداریی دەستبەکاربوونیاندا لەژێرناوی “مەدرەسە ناوەندی ئازادی، زانست و حەقیقەتە”نووسییان: “ڕۆژانی پڕ لە ئاڵوگۆڕ تێدەپەڕێنین. ئەوەیکە بەسەر مەهسا ئەمینی ئازیزماندا هات، ناخی هەموو مرۆڤێکی ئەم وڵاتەی هەژاند. نەوجەوانێک کە بەهۆی یاسای حیجابی ئیجباری لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە دەستبەسەرکرابوو و دواجار تەرمەکەی ڕادەستی دایک و باوکی کرا. هاوتەمەن و هاوسۆز و هەموو ئەوانەی وا بەخاتری ئەم ستەمە ئاشکرایە تووڕەن، هاواریان بەرز بووەتەوە. بێگومان ئەم خرۆشە ڕاناوەستێت. سەرەڕای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر دەستپێکی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران، هەموو ڕۆژێ لە مەدرەسەکان، زانکۆکان و شەقامەکاندا شاهیدی پەرەسەندنی ئەم ئاخێزەین. ئەمڕۆ ئەو خوێندکارانەی کە ساڵانێک بوو لە سیستەمی پەروەردەی خۆرافیی ئێوەدا بوون، سەرپۆشەکەیان لادەبەن و هاوار دەکەن “ژن، ژیان، ئازادی”. دەبێ ڤیدیۆی ئەو خوێندکارانەتان بینیبێت کە لە وڵام بە لێپرسینەوەی سەر شەقامی هێزە ئەمنییەکان بە زیرەکی و بە شادییەوە، خۆیان بە شاگردی مەدرەسەی ئازادی دەناسێنن. شاگردانێک کە ناویان مەهسا، نیکا و سارینایە. ئەم نەسلە دژبە بە هەموو شتێکی پرتووکاو و غەیری مەنتقی ڕاپەڕیوە. ڕووحیە و سەرزیندوویی ئەم تازەلاوانە هەناسەیەکی نوێی بە باوەڕ و بە هیوا داوە. ئەوە ئومێد بە داهاتوویەکی ڕوونە کە خوێندکارانی بەمجۆرە پێداگر کردووە. ئەوان هیچیان ناوێ بێجگەلە ئازادی!“

ئێستا دەبێ بە ئەزموون فێر بووبین کە بۆ گەیشتن بە ئازادی، بۆ سەرکەوتنی شۆڕش زۆر پێداویستیمان دەوێ کە پێویستە لە جەرەیانی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەدا بتوانین دابینی بکەین. بێگومان گرینگترین خاڵ ئەوەیە کە دیدێکی ڕوونمان لە ئامانجی شۆڕش، لە ئاسۆی شۆڕش، لە هێزە شۆڕشگێڕەکان و لە ڕەوتی پێشڕەوی هەبێت. ئەگەر قەرارە تەنیا بە ڕۆیشتنی خامنەیی و دیکتاتۆر ئیکتفا نەکەین، بەڵکوو هەموو دەزگای سەرکوتی ڕێژیم لە سپای پاسداران و ئەرتەش و باقیی هێز و ناوەندەکانی سەرکوت تێکبشکێنین و هێزی چەکداری جەماوەری ڕاپەڕیو بە هیدایەتی شۆراکان ئەرکی پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش بگرنە ئەستۆ؛ ئەگەر قەرارە بارودۆخەکە وەک ڕابردوو نەمێنێت کە کەمینەیەکی بچووک لەڕێگەی چەوساندنەوە و تاڵانکردنی هێزی کاری کرێکاران سەروەتی نجوومییان زیاد بکەن؛ ئەگەر قەرارە کۆیلەتی و ستەمی ژن کۆتایی پێ بێت؛ ئەگەر قەرارە کەس شەو بە زگی برسی نەخەوێ و یان لەناو زبڵدا بۆ تێرکردنی زگی لە نانی وشک نەگەڕێت؛ ئەگەر قەرارە هیچ منداڵێک لەجیاتی چوون بۆ مەدرەسە لەناو کارگەدا خۆشیی منداڵی خۆی بە حەقدەستێکی بێ بایەخ نەفرۆشێت؛ ئەگەر قەرارە ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی زەمانەت بکرێت؛ نابێ بهێڵین ئەم شۆڕشەمان نیوەکارە بمێنێتەوە و نابێ تەنیا بە ڕۆیشتنی دیکتاتۆر و خامنەیی ڕازی بین. ئەگینا هەموو بەرهەمی ئازایەتی و فیداکاری و گیانفیدایی و هەموو ئەو دەرد و ڕەنجەی کە بۆ بە سەمەر گەیاندنی ئەم شۆڕشە ئەنجاممان داوە، بەخێرایی لەدەستی دەدەین. ئەگەر ئێستا لەسەر شەقام خەریکی نووسینی مێژووی خۆمانین، نابێ ڕێگەی بدەین لە دواڕۆژی ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامیدا، کەسانێک فریوکارانە دەستکەوتەکانی شۆڕش لەدەستمان دەربێنن. هەر ئەوانەی دەیانهەوێ سنوورە چینایەتییەکان بە قسەی بێ ناوەرۆک بشارنەوە. نابێ بهێڵین ئەوانەی تا دوێنێ لە کۆریدۆری پەرلەمانەکانی زلهێزە ئیمپریالیستەکاندا دانیشتبوون، ئەوانەی کە خوازیاری “ڕێژیم چەینج” بوون لەڕێگەی ئیمکاناتی لۆجستیکی ئەم دەسەڵاتانەی سەرمایەداری، لە دواڕۆژی ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامیدا، دەسەڵات بەدەستەوە بگرن و شکست بە شۆڕش بێنن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە دیسان قەرارە چکۆلەترین ئاڵوگۆڕ لە بارودۆخی ژیانی کرێکاراندا پێک نەیەت. دیسان قەرارە هێزی سەرکوتگەر هەروا لە جێگەی خۆی بمێنێتەوە و دیلیەتی بەرهەم بێننەوە.

ئەگەر نامانهەوێ شۆڕش شکست بهێنێت، یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی شۆڕش حزووری چینی کرێکارە لە گۆڕەپانی سیاسیدا. ئەوە تەنیا چینی کرێکاری وشیارە کە بەلەبەرچاوگرتنی پێگەیەک کە لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و لە سووخت و سازی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا هەیەتی، دەتوانێ گۆڕهەڵکەنی ئەم نیزامە بێت. کەوابوو لەبیرمان نەچێتەوە کە ئەگەر چینی کرێکار بە چەکی مانگرتنی سیاسیی سەرانسەری خۆیەوە نەیەتە مەیدان، ئەوکات شەقام لە نەبوونی حزووری بەهێزی چینی کرێکار، تەنیا دەمێنێتەوە و ناتوانێ سەرکەوتنی شۆڕش و قارەمانیەتیی ملیۆنان ژن و پیاوی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب زەمانەت بکات. حزووری بەهێزی چینی کرێکاری شۆڕشگێڕ و وشیار لە بەسەرەنجام گەیاندنی شۆڕش و لە چۆنیەتیی دیاریکردنی ئاسۆی داهاتوو و لە جۆری دەوڵەتێک کە دەمانهەوێ بیخەینە جێگای حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران و نەزمی سەرمایەدارانە و ستەمکارانەی ئێستا، ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەبینێت. ئەگەر قەرار بێت مەترسیی زەوتکران و شکستی شۆڕشی داهاتووی ئێران بڕەوێنین، یەکێک لە پێش مەرجەمانی ڕێکخستنی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەو و ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکانە. پێویستە شۆرای کرێکاری لە ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێناندا دامەزرێنین. پێویستە شۆراکان لە گەڕەک و زانکۆ و مەدرەسەکاندا پێک بێنین. ئەگەر قەراربێت شۆڕشی داهاتووی ئێران وەک وێرانە بەسەر کرێکاران و هەژاران و گشت هێزە شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستەکاندا نەڕووخێت، پێویستی بە پتەو کردنی ڕیزی چینایەتی و کۆمەڵایەتییە لە ئاستی سەرتاسەریدا. پێویستی بەوەیە کە هەر لە ئێستاوە بیر لە پێکهێنانی شۆراکان لە کوردستان بکەینەوە و ڕێگە نەدەین پارت و هێزە ناسیۆنالیستەکان لە سبەینێی ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامیدا، دەسەڵاتی حیزبەکان لەجیات دەسەڵاتی شۆرایی بەسەر خەڵکدا بسەپێنن. پێویستی بە دیاریکردنی ئاسۆی ڕوون و ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی لەپێناو ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و سۆسیالیستییە. پێویستی بە پەرەپێدان و بەهێزکردنی بەرەی چەپ و سۆسیالیستییە کە هەم گشت هێز و ڕێکخراوە شۆڕشگێڕ و چەپەکان ڕێک بخات و لێکیان نزیک بکاتەوە و هەم بزووتنەوەی چینایەتی و ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتی و هەروەها هەڵسووڕاوانی چەپ و ڕادیکاڵی تاک پێکەوە پەیوەند بدات.

تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co