فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێویستە بۆ پێکهێنانی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان پەلە بکەین
یەکشەممە ۲۲-۰۸-۱۴۰۱   |  13-11-2022
پێویستە بۆ پێکهێنانی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان پەلە بکەین

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستای ئێران کە بەناوی ژیناوە دەستی پێکرد چووەتە قۆناغێکی نوێوە. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانە و سەرانسەرییە کە لەئێستادا دوو مانگ لە تەمەنی تێپەڕ بووە، هەڵچوونی ڕق و ناڕەزایەتیی جەماوەرێکە کە لەژێر گوشاری گرانیی سەرسووڕهێنەر، هەژاری و بێکاری، توندوتیژیی جنسییەتی و بێبەشی و بێ مافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەگیان هاتوون. درێژەی دوو مانگ خەباتی شۆڕشگێڕانە و بەردەوامی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و لاوانی شۆڕشگێڕ و جەماوەری ڕاپەڕیو لە ئێران لەماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بێوێنە بووە و کۆمەڵگەی خستووەتە پێگەیەکی چارەنووسسازەوە. لەم قۆناغەدا خەڵکی خەباتکاری کوردستانیش بەتایبەت لاوانی شۆڕشگێڕ بە پێشەنگایەتیی ژنان لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا چالاکانە بەشدارییان کردووە و لە مەیدانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم لە سەر شەقام، بە بەکارهێنانی تاکتیکی جۆراوجۆر، سەران و بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامییان سەرلێشێواو و ئاڵۆز کردووە و ئاسۆیەکی ڕوونیان لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی خستووەتە بەردەم خەباتی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان. لە گشت ئەم ماوەیەدا حیزب و هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان خۆیان بە بەشێک لەم خەباتە پڕگوڕوتین و شۆڕشگێڕانەیە زانیوە و لێبڕاوانە لە خەبات و گیانفیدایی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لەسەر شەقام و لە مەیدانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی بەکرێگیراوانی ڕێژیم دیفاعیان کردووە. بەرەیەکی دیکەی خەبات دژبە حکوومەتی ئیسلامی حیزب و هێزە ناسیۆنالیستەکان پێکی دێنن. ئەم هێزانە کە زیاتر لە هاوپەیمانانی سەرانسەریی خۆیان تامی تاڵی لە ئۆپۆزیسیۆندا بوون و بێبەش بوون لە دەسەڵاتی سیاسییان چێشتووە، زیاتر لە چوار دەیەیە بە شێوازی خۆیان، دەورەیەک بە خەباتی چەکداری، دەورەیەک بە ئومێد بەستن بە دووی خۆردادی و ئیسلاح تەڵەبانی حکوومەتی و پشتیوانی کردن لێیان لە هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم، دەورەیەک بە ئومێد بەستن بە دەخاڵەتگەریی ئەمریکا و لە هێندێک قۆناغیشدا بە دانوستانی پشتی پەردە لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامی، پەیگیری ئامانجە سیاسییەکانیان بوون. ئەم هێزانە هەر لەئێستاوە لەڕێگەی هاوپەیمانییەک کە پێکیان هێناوە و بەو پڕۆژانەی کە بۆ پەرەپێدانی ئەم هاوپەیمانییانە هەیانە، بەئامانجی پێکهێنانی سوپای نیشتمانیی کوردستان و دەسەڵاتداریەتیی حیزبەکان لە “دەورەی ئینتقالی”دا بەرنامە دادەڕێژن. ئەم هێزانە نیگەران لەوەیکە “کۆنتڕۆڵ”ی دۆخەکە لە دەستیان بچێتە دەر، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتر بەردەوام هۆشدار بە خەڵکی کوردستان و لاوانی شۆڕشگێڕ دەدەن کە خەبات بەرەو توندوتیژی مەبەن. سنوورەکانی خەباتی شارستانییانە مەبەزێنن و بەمجۆرە لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان ناڕاستەوخۆ بە هۆکاری بەرەو توندوتیژی بردنی خەبات پێناسە دەکەن و جەنایاتی ڕێژیم پاساو دەکەن.

لەم بارودۆخە سیاسییەدا هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان کە بەهۆی زیاتر لە چوار دەیە خەباتی بێ ئەمان دژبە کۆماری ئیسلامی و دیفاعی پەیگیر لە کرێکاران و ژنان و باقیی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە و ڕەخنە لە بزووتنەوە بوژرواییەکان، بوونەتە هێزێکی کاریگەری کۆمەڵایەتی لە کوردستان، بەرپرسیارییەتی و ئەرکی قورسییان لەسەر شانە. لە وەها هەلومەرجێکدا بەهێزکردنی ستراتێژی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی لەلایەن هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان یەکجار گرینگە. ستراتێیژییەک کە تێیدا وێنەیەکی ڕوون لە مانای واقعیی سەرکەوتن بەسەر حکوومەتی ئیسلامی، زەمانەتکردنی بەشداریی ڕاستەوخۆی جەماوەری خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتی سیاسی و ئیدارەی شۆرایی کۆمەڵگە و وەدیهێنانی داخوازییەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش نیشان درابێت. لەم پێناوەدا کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست هەوڵێکی هاوبەشیان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان دەستپێکردووە. هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی چەپ و سۆسیالیستی بەتایبەت لە بارودۆخی گۆڕاوی ئێستای ئێراندا نەتەنیا ئەرکی پارت و لایەنە سیاسییەکانە بەڵکوو پەیوەندیی بە هەموو ئینسانێکی خەباتکار و ئازادیخوازی چەپ و کۆمۆنیستیشەوە هەیە. پێویستە بۆ بەسەرەنجام گەیاندنی ئەم پڕۆژەیە دەست بدەینە دەستی یەک.

هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، پارت و ڕێکخراوەکان، هەڵسووڕاوانی چەپ و سۆسیالیست بانگەشەی پێکهێنانی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان دەکەین.

تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co