فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداڕان و هێزێکی چەکدار لە شاری بۆکان
دوشەممە ۱۶-۰۷-۱۴۰۳   |  07-10-2024

بە پێی زانیارییەکان، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی ڕەزبەر، لە خاڵی پشکنینی جادەی بەنداوی بۆکان پێکدادانێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و گرووپێکی چەکداری نەناسراو ڕووی داوە.
شایانی باسە، لەم پێکدادانەدا لانیکەم ٤ ئەندامی سپای پاسداران کوژراون و ٣ کەسی دیکە بە سەختی بریندار بوون و هەموویان بۆ نەخۆشخانەی قولی پووری بۆکان گواستراونەتەوە. هەروەها یەکێک لە بریندارەکان کە کادری سپای پاسداران بووە بە هۆی سەختیی برینەکانی بە هەلیکۆپتەر بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ گواستراوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنییەکان هۆشداریان بە کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی قولی پووری بۆکان داوە لە ئەگەری بڵاوکردنی هەر زانیارییەک، تووشی لێپرسینەوە دەبن. هەروەها ئەم هێزانە دەستیان بەسەر مۆبایلی چەند پێرسۆنێلێکی نەخۆشخانەکەدا گرتووە. شایانی باسە کە دوای پێکدادانەکە ئەو ناوچەیە بە تەواوەتی مێلیتاریزە کراوە و هەرجۆرە هاتوچوویەک لە جادەی بەنداو قەدەغە کراوە و تەنانەت ڕێگەیان بەو کەسانەش نەداوە کە بۆ کاری کشتوکاڵ دەچنە ئەو ناوچەیە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، میدیا فەرمییەکانی سپای پاسداران هیچ جۆرە زانیارییەکیان لەم بارەوە بڵاو نەکردووەتەوە و هیچ حیزب و لایەنێکی کوردستانی ئەم پێکدادانەی وەئەستۆ نەگرتووە.