هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەرکردنی مامۆستا ڕەخنەگرەکان لە زانکۆکان و زیندانیکردنی مامۆستایان و نەخوێندەواریی بەرچاوی دانیشتووانی ئێران و وازهێنانی خوێندکاران لە خوێندن، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پۆستی مامۆستایی لە گرنگترین زانکۆکانی ئەو وڵاتەی بە بانگ بێژان و کەسایەتییە توندڕەوەکان سپاردووە و خەریکی گۆڕینی مامۆستایانە بە مەلا. لە کاتێکدا هەموو ڕۆژێک لیستی مامۆستایانی دەرکراوی زانکۆ زیاد دەبێت، سەعید حەدادیان، یەکێک لە مەداحە نزیکەکان لە خامنەیی، بڕیارە لە زانکۆی تاران دەرس بدات، هەروەها ئەمیرحوسێن سابێتی، پێشکەشکاری توندڕەوی تەلەفیزیۆن، دەبێتە مامۆستای یەکێک لە زانکۆ گرینگەکانی ئێران کە زانکۆی شەریفە. دوو مانگ دوای ئەوەی محەممەدمێهدی ئیسماعیلی وەزیری پەروەردە لە وتارێکیدا لە ٦ی پووشپەڕدا ڕایگەیاند کە “خەریکە نەخوێندەواری لە وڵاتدا لەناو ببرێت”، یووسف نووری، وەزیری پێشووی پەروەردەی دەوڵەتی ڕەئیسی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرای کرد کە نزیکەی ٩ ملیۆن ئێرانی نەخوێندەوارن. لە لایەکی دیکەوە لە کاتێکدا کە عەلی خامنەیی چەندین جار بەڵێنی داوە کە کۆماری ئیسلامی دەبێتە زلهێزی یەکەمی ناوچەکە، ڕێژەی نەخوێندەواری لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە زیادی کردووە. بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، ساڵی ڕابردوو لەسەدا پێنجی قوتابییانی پۆلی دووەم، لەسەدا شەشی قوتابییانی پۆلی چوارەم، لەسەدا چواری قوتابییانی پۆلی پێنجەم، نزیکەی لەسەدا چواری قوتابییانی پۆلی شەشەمیش ناوی خۆیان بۆ درێژەدان بە خوێندن تۆمار نەکردووە . ساڵی ڕابردوو سێ هەزار مەلا ڕەوانەی قوتابخانەکانی ئێران کران، ئەمساڵێش بڕیارە ١٥ هەزار مەلا بکرێنە مامۆستای قوتابخانەکان.