لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی و دابەزینی دووبارەی بەهای ڕیاڵ، نرخی کاڵا پێویستەکانی خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بەرەوڕووی هەژاری و برسیەتیی زیاتر دەبێتەوە. پەرەستاندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و باقیی توێژە بێبەشکراوەکانی کۆمەڵگا، ڕێبەران و سەرانی گەندەڵی حکوومەتی ئیسلامی لەئاست درێژەی دەسەڵاتەکەیان نیگەران کردووە. لەم پێوەندەدا عەلی خامنەیی ڕۆژی سێشەممە ١٠ی مانگی ڕێبەندان ئەمجارەیان وەک کارناسی ئابووری دەرکەوت و ژمارەیەک لە بەرهەمهێنەران و چالاکانی ئابووریی ڕژیمی کۆکردەوە و لە وتارێکی فریوکارانەدا بە ئامانجی داپۆشینی قەیرانی ئابووریی ڕژیم بە بێ ئەوەیکە ناوێ بێنێ لەژێرناوی باشترکردنی کەسب و کاردا وتی: «گرینگترین ئەرکی دەوڵەت باشترکردنی کەسب و کار و لابردنی بەربەستەکانی سەر ڕێگایەتی. وە هەڵبەت دەبێ پەرەسەندن و زۆربوونی نەختینەش ڕابگیرێ”. خامنەیی دەستی کرد بە تاریفکردن و پێهەڵکوتن بە دەوڵەتی ڕەئیسی و قەیرانی بەرینی ئابووریی ئێستای خستە ئەستۆی دەوڵەتەکانی پێشوو کە گۆیا ڕێنوێنییە ئابوورییەکانی ئەویان بە باشی بەڕێوە نەبردووە. خامنەیی وتی: حکوومەت پێویستە بە جددی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی بەشی خسووسی (یان کەرتی تایبەت) بکات، لەوانە پێکهێنانی ناوەندی پیشەسازیی فرەلایەنە و دابینکردنی دارایی کۆمپانیا مامناوەند و بچووکەکان. ئەو لە درێژەی وەسفکردنی کەرتی تایبەتدا وتی: «لە بوارە باڵادەستەکانی وەک نەوت و گاز و پۆڵاشدا بەستێنی زۆر فراوان بۆ بەشداریی کەرتی تایبەت بوونی هەیە. کەرتی تایبەت توانای چارەسەرکردنی هەندێک ناکۆکی لە پرسەکانی وەک ئاو، سووتەمەنی، کارەبا و بوارەکانی دیکە هەیە و دەتوانێ ئێران بگەیەنێتە گەشەی خوازراوی لەسەدا ٨. پێویستە حکوومەت پێشکەوتنی بەرچاوی ناوەندە گەورەکانی کەرتی تایبەت بۆ خەڵک ڕوون بکاتەوە چونکە خەڵک لێی ئاگاداری نین».
ئەوەیکەی خامنەیی لەئێستادا ئاگاهانە بەشی خسووسی وەک ڕێگای نەجاتی ئابووریی نەخۆش و شکستهێناوی حکوومەتی ئیسلامی وەسف دەکات، شتێکی تازە نییە و ناتوانێ کەس فریو بدات. چونکە یەکەم، کۆماری ئیسلامی دوای ٨ ساڵ شەڕی کۆنەپەرستانە و ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق و لەکاتی دەسەڵاتی ڕەفسەنجانییەوە هەتا ئێستا بەردەوام بەپێی مۆدێلی ئابووری نیولیبڕاڵی سەرمایەداریی جیهانی ئیدارە کراوە. دووهەم، ئەوجۆرە کە ڕەوتە ڕێفۆرمخواز و ئۆپۆزیسیۆنە بورژواییەکان باسی دەکەن، قەیرانی ئابووری و بەڕێوەبردنی خسووسی سازی پەیوەندییەکی زۆری بە ناکارامەیی و بێ عورزەیی ئەم یان ئەو دەوڵەتی حکوومەتی ئیسلامییەوە نییە. سێهەم، خسووسی سازی یان بەتایبەتکردن، وەک یەکێک لە پایەکانی سیستەمی ئابووریی نێولیبڕاڵی نەتەنها لە ئێران بەڵکوو لە زۆرێک لە وڵاتانی دیکە لەوانە تورکییە، میسر، پاکستان، ئەمریکای لاتین و هیتر ئەزموونی خۆی داوە و ئاکامێکی بێجگەلە پەرەپێدانی هەژاری و نەهامەتیی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری خەڵک نەبووە. ئەم سیستمە ئەو ئیمکانەی بە سەرمایەداران داوە کە هێزی کاری هەرزان لە سەرانسەری جیهان زیاتر بچەوسێننەوە و ئەوان هەژارتر و خۆیان دەوڵەمەندتر بکەن. چوارەم، بە ئیعترافی زۆرێک لە کارناسانی ئابووری، خسووسی سازییەکان لە پێکهاتەی گەندەڵی حکوومەتی ئیسلامیدا پەرەیان بە شیرکەتە “خصولتی”یەکان داوە و بوونەتە بەستێنێک بۆ ڕانتخۆری و گەندەڵی و دزیی سیستماتیکی فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و باقیی سەرانی حکوومەتی ئیسلامی و کارگێڕانی ڕژیم. نموونەیەکی بەرچاوی فرۆشتنی کارخانەی ماشێنسازیی ١٠ هەزار ملیارد تمەنی بوو کە لەلایەن سازمانی خسووسی سازیی ڕژیمەوە بە قیمەتی ٧٠ ملیارد تمەن فرۆشترا. یان ناوەندی ٢٠٠٠ ملیارد تمەنیی نەیشەکەری حەوت تەپە کە ئەویش بە ڕانتی حکوومەتیی ١٠ ملیارد تمەنی خرایە ئیختیار ئەسەدبەیگی و ڕۆستەمییەوە. پێنجەم، هەتا ئێستا کرێکاران لە زۆرێک لە ناوەندەکانی پیشەسازی و بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری دژایەتیی خسووسی سازییان کردووە و بە بەڵگە نیشانیان داوە کە بەهۆی خسووسی سازییەوە بێجگەلە دزیی بەرینی بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی، ڕێژە و کوالیتیی بەرهەمهێنان هاتووەتە خوارێ و زۆرێک لە کارگە و کارخانەکان داخراو یان نیوە داخراون. لەلایەکی دیکەوە ساڵەها خەباتی یەکگرتووانە و لێبڕاوانەی کرێکارانی تێکۆشەری نەیشەکەر و باقیی ناوەندە سەنعەتییەکان بەدژی خسووسی سازیی ڕژیم، بە دەرکردن و زیندان و ئەشکەنجەی وەحشیانەی دەزگا سەرکوتگەرە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی وڵام دراوەتەوە. کەوابوو کرێکارانی ئێران هەروەک ناوەرۆکی سەرمایەدارانەی بەشی دەوڵەتییان تەجروبە کردووە، بەشی خسووسیشیان بە گۆشت و پێست و ئێسقانیان ناسیوە و بەپێچەوانەی قسەکەی خامنەیی، لێی بێ خەبەر نین تا مەداحەکانی ڕژیم بە پێشنیاری خامنەیی مەوعیزەیان بۆ بکەن.
ئەرکێکی دیکە کە خامنەیی لە پەیوەند لەگەڵ ئابووری بۆ دەوڵەتی ڕەئیسیی دیاری کرد ئەوە بوو کە “دەوڵەتی دەبێ زۆربوونی نەختینەش ڕابگرێ”.بێگومان ئەو لەم بوارەش خۆی لە گێلی و نەزانی دا. ئەگینا باش دەزانێ کە هەموو سیستمێکی ئابووری لەوانە سەرمایەداریی بازاڕی ئازادیش مێکانیزمی سووڕانی خۆی هەیە. “زۆربوونی نەختینە” یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی قەیرانی ئابووریی سەرمایەدارییە و بە فەرمانی وەلیی فەقیە و حوکمی حکوومەتی ڕاناگیرێت. لە بارودۆخێکدا کە توانای کڕینی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بەهۆی حەقدەستی سێ بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری و بەهۆی داهاتی کەمەوە یەکجار دابەزێوە و زۆرێک لە خۆراکەکان لەسەر سفرەیان نەماوە؛ لە بارودۆخێکدا کە بەهای تمەن لەماوەی سێ ڕۆژدا هێندە دێتە خوارێ کە قیمەتی یەک دۆلار لە ٥٠ هەزارەوە دەگاتە ٦٠ هەزار تمەن، چۆن ئەم دەوڵەتە ئیفلاسهێناوە زۆربوونی نەختینە ڕادەگرێت و کەسب و کار باشتر دەکات.
بەڵام ئامانج و نیگەرانیی سەرەکیی خامنەیی بە قەولی خۆی “بوارە باڵادەستەکانی وەک نەوت و گاز و پۆڵایە” و دەبێ لەم بوارانەدا بەستێنی بەرینی بەشداریی کەرتی تایبەت ئامادە بکەن. تا لەم ڕێگەوە حکوومەت لەئاست داخوازیی کرێکاران بەرپرسایەتی لەسەر شانی نەمێنێت و ئەوان بەرەوڕووی خاوەنکاران و هێزە سەرکوتگەرە پشتیوانەکانیان بکاتەوە. خامنەیی لە کۆتاییدا ئامانجی خۆی ڕوونتر باس کرد و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە کرێکاران کرد و وتی: «هێندێک لە بەربەستەکانی فەزای کەسب و کاریش پێویستە لەلایەن دەزگای قەزایی و هێزی چەکدارەوە چارەسەر بکرێت”. عەلی خامنەیی لە حاڵێکدا بە هێزە سەرکوتەکەی هەڕەشە لە کرێکاران دەکات کە لە بەرابەر خواست و داوای بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییەکان هیچ وڵامێکی نییە و زەبوون و داماوە. ئەوە دەبینێ کە سەرەڕای سێدارە، ڕەشبگیری، ئەشکەنجە و کردەوەی دژەئینسانیی دامودەزگا ئەمنیەتی و نیزامییەکانی حکوومەتەکەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕێکخراو و بێ ترس و واهمەی کرێکاران، ژنانی خەباتکار، خوێندکاران، خانەنشینان، ماموستایان و توێژە زەحمەتکێش و بێبەشەکانی تری کۆمەڵگا بەرەوڕوویە. خامنەیی بەڕوونی دەبینێ کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕۆن کە لە ئاخێزەکانی داهاتوودا حکوومەتی ئیسلامی بڕووخێنن و خۆیان و هەمووان لە چنگ دەسەڵاتی گەندەڵی سەدەکانی ناوەڕاست ڕزگار بکەن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn