لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، ڕژیمی ئیسلامیش سەرکوتگەری و ڕەشبگیریی چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی پەرەپێداوە. مێژووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی مێژووی خوێناویی سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمێکی تاوانکارە. لەماوەی هەموو ئەم ساڵانەدا هەرکات ڕژیم هەستی بە مەترسیی زیاتر کردووە، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم مەترسییە، چەکی کوشتار و زیندانی بەکارهێناوە. لەئێستاشدا ڕژیمی ئیسلامی بە دڕندەییەکی کەم وێنەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو خەڵکەی کە شکۆدارترین ئاخێزی شۆڕشگێڕانەیان ڕێکخست و ئاڵوگۆڕێکی مێژووییان لە کۆمەڵگادا پێکهێنا، ماشێنی سەرکوتەکەی خستووەتە ڕێ. لە هەشتی مانگی گەلاوێژدا هێزە ئینتزامییەکان بە توندوتیژییەکی هەرچی زیاترەوە هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ژمارەیەک لە خەڵکی ئاقدەرەی سەربە شارستانی تیکاب و سی و دوو کرێکاری دوو مەعدەنی زێڕ و بەردی ئاقدەرەیان بە تۆمەتی “تێکدانی نەزمی گشتی و هەوڵدان دژبە ئەمنیەتی وڵات” دەستبەسەرکرد. ئەوان لە ناڕەزایەتی بە کەمبوونی پیشە و دانەمەزراندنی دانیشتووانی ئەم گوندە دەستیان دابووە کۆبوونەوە. لە دوازدەی مانگی خەرماناندا جەلادانی ڕژیم بۆ تێکشکاندنی ورەی ١٥ کەس لە بەندکراوانی سیاسی، ئەوانیان لە زیندانی ئێڤین بردە دەرێ و بە دەستبەند و پێبەندەوە ڕوانەی زنیدانی قزڵحەساریان کردن و وڵامی ناڕەزایەتیی بەندکراوانیان بە لێدان و توندوتیژی دایەوە. لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم بیست و یەک کەس لە بنەماڵەی گیانبەخکردووانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە لە شارە جۆراوجۆرەکان دەستبەسەرکران. هەروەها چوار ئەندامی دادخوازی حەنانە کیا ٥ی مانگی خەرمانان لە نۆوشەهری مازەندەران دەستبەسەرکران کە بریتی بوون لە: هۆلیا کیا خوشکی شازدە ساڵانی، وەحید کیا و مەعسوومە ئازەری دایک و باوکی و ئەمیر کیای دەستگیرانی. مەهسا بەسیر تەوانا خوشکی دادخوازی مێهران بەسیر تەوانا لە شاری فوومەنی پارێزگای گیلان، فەرهاد و ڕەزا زارغ دوو برای دادخوازی میلاد زارع لە شاری بابۆلی پارێزگای مازەندەران، فەرامەرز ئابیلی ١٥ ساڵ تەمەن و برای ئیسماعیل ئابیل(براهویی) لە کوژراوەکانی “جومعەی خوێناویی زاهیدان”، ژمارەیەکی دیکە لە دادخوازانی دەستبەسەرکراوانن. ئەحمەد حەسەنزادە و سولماز حەسەنزادە، دایک و باوکی دادخوازی محەممەد حەسەنزادە ناڕازیی کوژراوی شاری بۆکانیش لە سێ ڕۆژ لەمەوبەرەوە دەستبەسەرکراون.
هەروەها هێزە ئەمنیەتییەکان ڕۆژی ١٤ی مانگی خەرمانان لە شاری سەقز سەفا عائلی خاڵی مەهسا(ژینا) ئەمنییان دەستبەسەرکرد و بەپێی ڕاپۆرتەکان کاربەدەستانی قەزایی و ئەمنیەتی لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتن و وەزعیەتی ناوبراو خۆیان بواردووە. هاوکات بانگکردن و دەرکردنی حوکم بۆ چالاکانی کرێکاری و پشتیوانانیان لەماوەی هەفتەکانی ڕابردوو بوارێکی دیکەی ئەم شەپۆلە سەرکوتەی ڕژیمە. درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنی ئەمیر عەباس ئازەروەند، تۆمەتی تەبلیغ دژبە نیزام بۆ توماج ساڵحی دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکی ستەملێکراو، تەئیدی حوکمی شەش ساڵ زیندان بۆ ئیسماعیل گرامی چالاکی دەستبەسەرکراو، مەحکوومکرانی فەرزانە زیلابی پارێزەری کرێکارنی حەوت تەپە بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و تەبانی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و سووکایەتی بە ڕێبەری”، پەروەندەسازیی دووبارە بۆ محەممەد داوەری، بانگکردنی نیگار مەسعوودی وێنەگر و موستەنەدساز و کامیار فەکور هەواڵنێر و ئاوازخوێنی ڕەپ، دەرکردنی تۆمەتی نوێ بۆ جەعفەر ئیبراهیمی بەرپرسی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان، بانگکردنی پەیمان فەرهەنگیان چالاکی کرێکاری لە شارستانی ئاستانە ئەشرەفیەی پارێزگای گیلان بۆ ئیجرای حوکمی سێ ساڵ زیندان و بانگکردنی مەحبوبە فەرحزادی مامۆستای خانەنشین بۆ لقی حەوتی لێپرسینەوەی ئێڤین، حوکمی زیندان بۆ سپیدە قولیان سەرسەختترین داکۆکیکاری کرێکارانی حەوت تەپە، تەنها نموونەیەکن لەو شەپۆلە سەرکوتەی کە ڕژیم لەماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا خستوویەتە ڕێ.
بەڵام هەموو ئەم دەستبەسەرکردن و زەبروزەنگە نەک نیشانەی توانا و هێز بەڵکوو نیشانەی داماوی و بێهیوایی ڕژیمە. وتەی بڵاوبۆوەی فەرماندەی سپای “محەممەد ڕەسووڵ ئەڵڵای تاران” لە کۆبوونەوەی ناوخۆیی فەرماندەکانی سپا لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان سەلمێنەری ئەم حەقیقەتەیە. ئەو ڕوو بە بەکرێگیراوانی ڕژیم دەڵێ: „ئەگەر خوای نەخواستە پێی خەڵک بگاتە شەقام و بەدژی نیزام کۆبوونەوە، ئەگەر توانیتان کۆنتڕۆڵی بکەن کە هیچ، بەڵام ئەگەر ئەوە نەکرێ، دڵنیا بن سانیە بە سانیە بە ژمارەیان زیاد دەبێت و بە کەس کۆنتڕۆڵ ناکرێت. ئەوکات چی ڕوو دەدا خوا دەزانێ.“
واقعیەت ئەوەیە کە پاشلەرزەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا و ترسی ڕژیم لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ساڵوەگەڕی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە خەوی لەچاوی سەرکوتگەران تاراندووە. بەیان و ڕاگەیاندنی بڵاوکراوە لەلایەن ڕێکخراوە کرێکارییەکان، خانەنشینان، بنەماڵەی گیانبەختکردووان، کۆمیتەکانی گەڕەکەکان و خوێندکاران لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو وڵامێکی گونجاو و بەجێیە بە ترسنانەوە و هەڕەشەی سەرکوتگەران. بێگومان ئەم کۆمەڵگایە ئیتر بۆ دواوە ناگەڕێندرێتەوە. ئاخێزی شۆڕشگێڕانە بۆ زەمانەتکردنی پێشڕەویی خۆی پێویستە لە ئەزموونەکانی یەک ساڵی ڕابردووی دەرس وەرگرێت و بەسەر کەموکوڕییەکانیدا زاڵ بێت. ڕەمزی پێشڕەویی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە لە بەهێزکردنی سازماندان، هەوڵ بۆ پێکهێنانی ڕێبەریی سەرانسەری، لە هاتنەمەیدانی چینی کرێکار وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی و لە هاتنە مەیدانی بەرینی کۆمەڵانی خەڵکدایە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران