فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پیامی نەورۆزی کۆمیتەی رێبەری کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
یەکشەممە ۲۹-۱۲-۱۴۰۰   |  20-03-2022

کرێکاران ، کۆمەلانی ئازادیخواز و تێکۆشەری کوردستان!
سڵاو و رێزی گەرم و بەهاری ئێمەتان پێشکەش
بە بۆنەی نەورۆز و هاتنی بەهار و بووژانەوەی سرووشت، پڕبەدڵ پیرۆزبایی تان لێدەکەین و ئاواتەخوازی تەندرووستی، خۆشی و سەرکەوتنی ئێوەی ئازیزین. رێگە بدەن لە رۆژێکی ئاوادا رێزبگرین لە یادی ئازیز و خۆشەویشتی هەزاران ئینسان و هاوڕێی کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ کە لە زیندان و شکەنجەگاکانی رژیمی ئیسلامی دا سەربەرزانە دیفاعیان لە ئارمان و بیرو باوەڕیان کرد و لە پێناو رزگاری کرێکاران و خەڵکی چەوساوە و بێبەش گیانیان لە دەس دا.
با بە چەپکە گوڵی رێز و خۆشەویستی لە بەرابەر بنەماڵەی خۆڕاگر و جگەرسووتاوی گیانبەخت کردوان دا سەری رێز و نەوازش دانەوێنین. سڵاو بنێرین بۆ بنەماڵەی سەدان کۆڵبەری زەحمەتکێش کە بە گوولەی بەکرێگیراوانی حکوومەتی ئیسلامی لە پێناو دابین کردنی پارۆە نانێک بۆ خۆیان و بنەمڵەکانیان گیانیان لە دەس دا. هەروەها هاودەردی ئەو هەزاران بنەماڵانە بین کە ساڵی رابردوو لە ئێران و کوردستان بە هۆی دەستەبەر نەکردنی خزمەتگوزاری پێویست لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە، بە پەتای کرۆنا گیانیان لە دەست دا.
پیرۆزبایی نەورۆز و ساڵی تازە لە زندانیانی سیاسی دەکەین کە بە تاوانی خەبات و دیفاع لە ئازادی و مافی ئینسانی خۆیان دەسبەسەر کراون و لە سیاچاڵەکانی رژیمی ئیسلامی دا ئازار و ئەشکەنجەدەبینن. رێز لە خەبات و خۆڕاگریان دەگرین و هیوادارین بە زوویی دەرگای زیندانەکان لە ئاخێزێکی جەماوەری دا تێک بشکێنین و ئەو ئازیزانە سەرکەوتوو و سەرئەفراز بێنەوە باوەشی بنەماڵەیان.
با رێز بگرین لە هەموو ژنان و پیاوانی کرێکار، مامۆستیان، خوێندکاران، خانەنشینان، پەرەستاران و پاریزەرانی تێکۆشەر کە لە ساڵی رابردوو دا بە مانگرتن وکۆبوونەوەی نارەزایی خۆیان لە بەرابەر زوڵم و بێدادی رژیمی ئیسلامی سەرمایە راوەستان خەباتیان کرد و لە لایەن هێزی سەرکوتی نیزامی و ئەمنییەتی دەسبەسەر و زیندان و ئەشکەنجە کران. پیرۆزبایی نەورۆز و بەهاری ساڵی تازەیان لێ دەکەین و ساڵێکی پڕدەسکەوت لە خەباتیان بۆ بە ئاوات دەخوازین.

کرێکاران ژنانی مافخواز خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ئەمساڵ لە هەلو مەرجێک دا بەرەو نەورۆز و ساڵی تازە دەچین کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا سفرەی جەژنی نەورۆزمان لە ساڵانی رابردووش بەتاڵتر و بێ رەونەق ترە. دەیان هەزار کەس لە ژنان و پیاوانی پیر و لاو، خوێندەوار و نەخوێندەواری کوردستان مەجبوورن بۆ بژێوی خۆیان و بنەماڵەیان رووبکەنە کاری پڕ مەینەتی کۆڵبەری. لە هەلو مەرجێک دا پێ دەنێینە بەهار و ساڵی نوێ کە مناڵەکانمان لە بری چوونە مەدرەسە و کایە کردن لە گەڵ هاو تەمەنەکانیان، دەبێ جەستەی ساوایان لە ژێر فشاری کار دا بژاکێ. لەش فرۆشی، فرۆشتنی گورچیلە، خەوتن لە سەر کارتۆن و ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان بەرهەمی حکوومەتی ئیسلامیە بۆ خەڵکی ئێران و کوردستان. ئەمە لە حاڵێک دایە کە سەرمایەداران و کاربەدەستانی رژیم لە ئاخوند و پاسدار و کەس وکاریان، سەروەت و سامانی کۆمەڵگایان بە تاڵان بردوە و بە ئیمکاناتی کۆمەڵگا لە ناز و نیعمەت و خۆشگوزەرانی دا دەژین.
بەڕێزان ! جمهوری ئیسلامی لە گەڵ قەیرانی قووڵی ئابووری، ناوچەیی و نێو دەوڵەتی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرەوڕووە. رێگا چارەیەکیان بۆ دەرباز بوون لەو گێژاوە نییە. توانای ئاڵوکۆڕێکی ئەرێنی لەو ژیانە مەینەتبارە کە بۆ خەڵکی ئێران و کوردستانیان دەستەبەر کردوە نییە. هەر بۆیە لە دژی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش خۆیان رێک خستوە. بە هێنانە سەرکاری مەجلیس و دەوڵەتی پادگانی و ئەمنییەتی بە خراپترین شێوە لە بەرابەر ویست و داوخوازیەکانی خەڵک دا هه ڵوێست دەگرن و یاسا و رێسا دەردەکەن، سەرکوت دەکەن و سەرەتاییترین مافەکانە خەڵک پێشێل دەکەن. لەحاڵێکدا کە خودی دەوڵەت هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەیەکی کرێکاریی ٩ ملیۆن تمەن ڕاگەیاندووە ؛ لە حاڵێک دا کە شورای رێکخستنی ئیعترازاتی کرێکارانی پەیمانی نەوت و یەکیەتی خانەنشینان و ئەوانی دی رایانگەیاندووە کەهیچ کرێکارێک نابێ حەق دەستی لە ١٦ میلیون تمەن کەمتر بێ، بە ناو ”شورای باڵای کاری رژیم” لانی کەمی حەق دەستی کرێکارانی بۆ ساڵی داهاتووی ٤ میلیون و ١٨٠ هەزار تەمەن دیاری کردوە کە ٤ جار ژێر هێڵی هەژاری دایە.
بڕیاری مەجلیس بۆ بڕینی دولاری ٤٢٠٠ تمەنی کە بۆ کرینی پێداویستی خۆراک و دەرمان تەرخان کرابوو، نیشانەی داڕمانی ئابووری جمهووری ئیسلامیە و ئەوەندی تر گرانی بەدوای خۆیدا دێنێ و بەشێکی دیکە لە کرێکاران و توێژە کەم داهاتەکانی ئێران و کوردستان لەگەڵ برسێتی و هەژاری زیاتر رووبەروو دەبن. حکوومەتی سەرمایەداری ئیسلامی دەیەوێ باری قەیرانی ئابووری، گەمارۆکان و خەرجی دامو دەزگا ئەمنییەتی و نیزامی و باری دزی و تاڵانی بەرپرسان و کارگێڕانی رژیم بخاتە سەر شانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە لە بەرابەر ئەم هێرش و تەعەروزەی رژیم دا، کرێکاران و چین وتوێژە زەحمەتکێش و کەمداهاتەکانی کۆمەڵگا بێ دەنگ نەبوون. ئەوان سەرەڕای کەشو هەوای سەرکوت و ئیعدام کە حکوومەتی ئیسلامی بە سەر کۆمەڵگای دا سەپاندوە، خەبات و بەربەرەکانی بێ پسانەوە، بەردەوام درێژە پێداوە و دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و مانگرتن و نارەزایەتی. بزووتنەوەی موتالەباتی چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ و یەک گرتووتردەبێ. لە ساڵی رابردوو سەرەڕای شەپۆلی گرتن و فشار و زەخت و زۆری رژیم، شاهیدی مانگرتنی کرێکاری، کۆبوونەوە و ئیعترازی جەماوەری خەڵک لە دژی بێ ئاوی، بێ بەرقی، سێڵاو و ئالوودە کردن و خراپ کردنی ژینگە بووین. لە هەموو ئەم خۆپیشاندان و مانگرتنانە دا، کۆماری ئیسلامی وەک خەتاکار و بەرپرس ناسراوە و درووشمی دژ بە رژیمیان داوە و کوتویانە تا گەیشتن بە داوخوازیەکانمان کۆڵ نادەین.
لە کوردستان کرێکاران و هەڵسووڕاوان و چالاکوانانی بوارە جۆراوجۆرەکان شان بە شانی هاو چارەنووسانیان لە ئاستی سەراسەری، بەشدار و لە ریزی پێشەوەی خەبات و تێکۆشان دا بوون. جێگەی ئاماژەیە کە ژنان و کچانی تێکۆشەر لە هەموو ئەم چالاکیانە دا دەور و نەخشی بەرچاویان بوە. لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان لە رێو و رەسمەکانی رۆژی کۆمەڵە، ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنیش نەخش و دەوری رێبەری و سازماندانی ژیرانە و لێهاتوانەی بەرچاو و حاشاهەڵ نەگریان بووە.
کرێکاران، هەڵسووڕاوانی پێشرەو و کۆمۆنیست!
جمهوری ئیسلامی که لە بەر ئابووری داڕماو، قیرانی هەمەلایەنە، دزی و گەندەڵی جێکەوتوو لە هەموو بەشەکانی حکوومەت دا، لە بارو دۆخێکی زۆر لاوازدایە، بێ گومان ناتوانی وڵامدەرەوەی ویست و داخوازە رەواکانی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش بێ. هەل و مەرجێکی ئاوا دەتوانێ بەستێنێکی گونجاو بێ بۆ کۆتایی هێنان بەم وەزعە فەلاکەتبارە کە رژیم پێکی هێناوە. هەوڵدان لە پێناو گرتنی پێوەندی لە گەڵ یەکتر بە مەبەستی یەکریزی و یەکگرتوویی و رێکخستن، هەوڵدان بۆ پێک هێنانی شورا و بنکەکان و رێکخراوە چینایەتی و جەماوەریەکان لە ئەولەوییەته کانی کاری ئێمەیە. رێکخستن و پتەوکردنی ریزی خەباتی کرێکاران و خەڵکانی زەحمەتکێش و هاوئاهەنگی لە گەڵ ئاستی سەراسەری هێز و توانایەک دێنێتە مەیدان کە دەتوانێ کۆتایی بە حکوومەتی نەکبەتی کۆماری ئیسلامی بێنێ. با بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم ئەرکە گرینگە قۆڵ هەڵماڵین و هەنگاوی بەکردەوە هاڵگرین.
جەماوەری خەڵکی تێکۆشەری کوردستان! جمهوری ئیسلامی چاوی دیتنی شادی و خۆشی ئێوەی نییە. بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆی هەوڵ دەدا خەڵک بە عەزاداری و پەرەدان بە خۆرافە و شیوەن و گریان سەرقاڵ بکا. بۆ بەرپەرچ دانەوەی رژیم، لە رۆژی نەورۆزدا سەردانی یاکتر بکەن، لە دەوری یەک کۆببنەوە و بە هەڵپەڕکێ و شادی رۆژێکی خۆش بەرنە سەر.
جارێکی دیکەش هاتنی بەهار و نەورۆز و ساڵی تازەتان پیرۆز بێ.

کۆمیتەی رێبەری کۆمەڵە
رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
نەورۆزی ساڵی ١٤٠١