فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی کۆنگرەی ١٤ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ زیندانیانی سیاسی
سێشەممە ۲۳-۰۵-۱۴۰۳   |  13-08-2024

گەلاوێژی ١٤٠٣

کۆنگرەی ١٤ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە سەدان کەس لە چالاکان و کەسایەتییە ناسراوەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران، موعەلیمانی خەباتکار، ژنانی ئازادە و بوێر و بەرابەری تەڵەب، خوێندکارانی ئازادیخواز، نووسەران و هونەرمەندانی پێشڕەو، تێکۆشەرانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و ناڕازییان دژبە بارودۆخی ئێستا، لە زیندان و ئەشکەنجەخانەکانی کۆماری ئیسلامیدان. لە سایەی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارەدا، ژمارەیەک لەم زیندانیە سیاسییانە لەوانە شەریفەی محەممەدی، پەخشان عەزیزی، موجاهد کورکور، عەباس دەریس و … بە تۆمەتی بێبنەما حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەم ئینسانە خەباتکارانە بەتاوانی داکۆکی لە مافی کرێکار، خستنە ژێر پرسیاری نیزامی هەڵاواردنی ڕەگەزی، دیفاع لە ئازادی و حورمەتی ئینسان، بەتاوانی کەڵک وەرگرتن لە مافی سەرەتایی خۆیان واتە ناڕەزایەتی بە نیزامی زاڵمانەی حاکم، خراونەتە زیندان و گیانیان لە مەترسیدایە.

بەڵام سەرەڕای پەرەپێدانی گوشار بۆسەر بەندکراوان و درێژەی ئێعدامەکان، بەندکراوانی سیاسی، زیندانیشیان کردووەتە سەنگەری خۆڕاگری و خەبات دژبە ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی. ئەگەر سەرانی ڕژیم هەوڵ دەدەن بە پەرەپێدانی گوشار بۆسەر زیندانیان و بە درێژەی شەپۆلی ئێعدامەکان کەشوهەوای ترس و تۆقاندن بەسەر زینداندا زاڵ بکەن و ئەم کەشوهەوایە بۆ دەرەوەی زیندان بگوازنەوە، لەبەرامبەردا، زیندانیانی سیاسی، ئەم ژن و پیاوە بێباک و ئازادیخوازانە، زیندانیان کردووەتە گۆڕەپانی خەبات لەدژی سزای ئێعدام و کردوویانەتە بنکەی دیفاع لە ئازادی و حورمەتی ئینسان و هەر ئەم گڕوتین و خەباتکارییەش بۆ دەرەوەی زیندانەکان دەگوازنەوە. بەهۆی خۆڕاگری و بوێری و خەباتی زیندانیانی سیاسی، زیندانیش هەروەک شەقام و کارخانە و زانکۆ بووەتە یەکێک لە سەنگەرەکانی خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی.

زیندانیانی سیاسی لە حاڵێکدا بەند کراون و لە حزوور لەناو بنەماڵە و کەسوکاریان بێبەری کراون کە موحاکمە و سزا شیاوی ئەو کەسانەیە کە زیاتر لە چل ساڵە لە پەنای دەسەڵاتی جەنایەتکاری ئیسلامیدا خەریکی تاڵانکردنی سەروەت و ئەمنیەت و ئازادیی خەڵکن. کەسانێک شیاوی سزادانن کە ڕۆڵەکانی خەڵک ئێعدام دەکەن و لە گۆڕی بێ ناو و نیشاندا دەیاننێژن. نەک ئەو چالاکە کرێکارییانەی کە لە مافی ژیانی کرێکاران دیفاع دەکەن. نەک ئەو ژنە ئازادیخوازانەی کە هەڵاواردنی ڕەگەزی و حیجابی ئیجبارییان خستووەتە ژێر پرسیارەوە. نەک ئەو نووسەر و فیلمساز و هونەرمەندانەی تەسلیمی سانسۆڕ نابن و بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە مافی ئینسانی و سەرەتایی و بنەڕەتیی خۆیان واتە ئازادی ڕادەربڕین کەڵک وەردەگرن. نەک ئەو لاوانەی کە خوازیاری مافی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و خوازیاری مافی دیاریکردنی شێوازی ژیانی خۆیانن.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەک داکۆکیکاری لێبڕاوی ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی و بیروباوەڕ، وەک ڕەوتێک کە وەدیهێنانی وەها ئازادیگەلێک بە پێشمەرجی گەشە و پشکووتنی توانا و داهێنانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی ئینسانەکان و بە هەنگاوێک لە مەسیری شۆڕشی کرێکاری و سۆسیالیستی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر و خۆشبژێو دەزانێت، بۆ جارێکی دیکە لە تریبوونی کۆنگرەی ١٤ەوە هاوپشتیی خۆی لەگەڵ زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی ئەم ئازیزانە و دایکان و بنەماڵە دادخوازەکان ڕادەگەیەنێت. بەشداربووانی کۆنگرەی ١٤ وێڕای ڕاگەیاندنی هاوپشتیی قووڵی خۆیان لەگەڵ ئەم ئازیزانە لەسەر گرینگیی سیاسیی بەرزکردنەوەی ئاڵای خەبات بۆ ئازادیی بێ شەرت و مەرجی هەموو زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام لە خەباتی کرێکاری و جەماوەری تەئکیدیان کرد.

ئێمە، هەموو خەڵکی تێکۆشەری ئێران بۆ پشتیوانیکردن لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و بنەماڵە دادخوازەکان بانگەشە دەکەین. ئێمە بەش بەحاڵی خۆمان هەوڵ دەدەین لە کەشوهەوای شۆڕشگێڕانەی ئێستادا، لە بارودۆخێکدا کە گڕوتینی خەبات سەرتاسەری کۆمەڵگای داگرتووە، خواستی ئازادیی زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بکەوێتە سەرووی خواستەکانی خەباتی کرێکاران و جەماوەری ناڕازییەوە. بە هیوای ئەو ڕۆژەی کە هێزی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری هوشیار و یەکگرتوو، ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن، دەرگای زیندانەکان بشکێنن و زیندانیانی سیاسی لە باوەشی گەرمی ئازیزانی خۆیان و جەماوەری ڕاپەڕیودا سروودی ئازادی و سەرکەوتن بڵێنەوە.

کۆنگرەی ١٤ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی

ئاگۆستی ٢٠٢٤ی زایینی