ئێستا شەش حەوتوو لە هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین تێپەڕ بووە. ئەگەرچی ئەم شەڕە بە هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین دەستی پێکرد بەڵام هەروەک هەموو شەڕە ئیمپریالیستییەکانی تر لە زۆر پێشترەوە ئامادەکاریی بۆ کرابوو. ئەوەیکە ئەم شەڕە بە تەسلیمبوونی ئۆکراین کۆتایی دێت یان بەگرتنەوەی بەشی ڕۆژاوای ئۆکراین لەلایەن ڕووسیەوە بەسەرەنجام دەگات، یان ئەوەیکە ڕووسیە بە کۆنتڕۆڵی ماریۆپۆل و پەیوەست کردنی دۆنێتسک و لوهانسک بۆ هەمیشە لە دەستڕاگەیشتن بە دەریای ڕەش ڕێگری دەکات، هێستا هیچ کامیان مەعلووم نین. بایدێن لە دیداری حەوتووی ڕابردووی لەگەڵ سەرۆک کۆماری لەهستان سێناریۆی “ڕژیم چەینج” و بێدەسەڵات کردنی پووتینی هێنایە گۆڕێ. بەهەرحاڵ هەر سێناریۆیەک کە لایەنە ئیمپریالیستییەکان بۆ بەسەرەنجام گەیاندنی ئەم شەڕە بیهێننە بەرەوە، هیچ ئەو واقعییەتە ناگۆڕێت کە لەئاکامی ئەم شەڕەدا هەزاران ئینسان گیانی خۆیان لەدەست دا و ملیۆنان کەس ئاوارە بوون، ملیۆنان ئینسان بەتایبەت لە وڵاتانی دەورووبەردا لەگەڵ چوونەسەرەوەی سەرسووڕهێنەری نرخی کاڵاکان بەرەوڕوو بوونەتەوە. شەپۆلێکی بەرین لە ڕاسیسم و ناسیۆنالیسم لە ڕووسیە، لە ئۆکراین و لە هەموو وڵاتانی مێترۆپۆلی سەرمایەداری کەوتووەتە ڕێ. ئەمانە لە زۆر وڵات بزووتنەوەی دژە شەڕیان بێ ناوەرۆک کردووە. بۆ ملیۆنان کەس لە قوربانییانی شەڕ هیچ جیاوازییەکی نییە کە لەناو ئەم لایەنە ڕەقیبە ئیمپریالیستییانەدا چ کەسێک بەر لەوی تر تەقەی کردووە.
ئەگەرچی میدیاکانی ڕۆژاوا بە بەرەوپێش بردنی تەبلیغاتێکی نەخشەمەندی جەنگی فریوکارانە باس لە خواستی کۆتایی خێرای شەڕ دەکەن، بەڵام هاوکات و ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار کەرەستەی نیزامی بۆ ئۆکراین دەنێردرێت تا ئەم شەڕە هەروا درێژەی بێت. لەو نێوەدا، ئەوە بۆنگای مەزنی ماڵی و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵن کە بەردەوام بە سەروەتی خۆیان زیاد دەکەن. شەڕی لەمجۆرە بۆ سەرمایەداران هەمیشە دەرفەتێک بووە تا لەڕێگەی نووژنکردنەوەی هەموو ئەو شتانەی کە لە جەرەیانی شەڕدا لەناویان بردووە، دیسان بتوانن سەروەتی زیاتر کەڵەکە بکەن.
ساڵی ڕابردوو بەر لە دەستپێکی شەڕ و هەڵبەت لە باروودۆخێکدا کە هەم ڕووسیە و هەم ناتۆ خۆیان بۆ ئەم شەڕە ئامادە دەکرد، بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیەندراو لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی ناتۆ هەزینەی نیزامیی وڵاتانی ئەندامی ئەم پەیمانە جەنگییە هەزار و سەد و هەشتا ملیارد دۆلار بووە. ئەم ڕێژەیە لەچاو ساڵی ڕابردوو پێنج و هەشت دەهومی لەسەد بەرزبوونەوە نیشان دەدات. نوێنرین ئاماری “ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتێژیک” هەزینەی نیزامیی ڕووسیەی ٦٢ ملیارد دۆلار و هەزینەی نیزامیی چینی ٢٠٧ ملیارد دۆلار بەراورد کردووە. بەڕێوەبەری گشتیی ناتۆ هەر لەم ڕاپۆرتەدا ڕایگەیاندووە کە “ئێمە لەبەرامبەر واقعییەتێکی نوێی سیاسەتی ئەمنییەتی داین”. مانای ئاشکرای ئەم ڕستەیە شتێک نییە بێجگەلە ئەوەیکە قۆناغێکی نوێ لە کێبەرکێی تەسلیحاتی لە جیهاندا دەستی پێکردووە کە بۆ مرۆڤایەتی مەترسییەکی جیددییە. هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە قۆناغێکی نوێ لە شەڕی سارد کەوتووەتە ڕێ کە لەگەڵ قۆناغی پێشوو یەکجار جیاوازە. ئەگەر لە قۆناغی پێشوودا ئیمپریالیسمی ئەمریکا هەزاران کیلۆمیتر لە سنووری ڕووسیە وەک ڕەقیبی خاوەن هێژمۆنی دوور بوو، لەئێستادا ناتۆ دەمێکە خۆی گەیاندووەتە سنووری ڕووسیە. ئەوە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا نییە کە هێزی نیزامیی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ حزووریان هەیە بەڵکوو تەنانەت وڵاتانی وەک گورجستان و ئۆکراینیش بوونەتە مەیدانی مانۆڕی نیزامیی ناتۆ. بەڕواڵەت ئۆکراین وەک ئەندامی ناتۆ قەبووڵ نەکراوە بەڵام ئاشکرایە کە ئەمریکا پشتیوانیی نیزامی لە ئۆکریان دەکات و بۆ ئەتۆمی بوونی ئۆکراین ئامادەکاری دەکات. ڕووسیە هەموو ئەم چالاکییانە بە مەترسیی جیددی بۆ ئەمنییەتی خۆی دەزانێت. کاتێک باس لە سیاسەتەکانی قۆناغی پێش شەڕ دەکرێت کە شەڕیش درێژەی ئەوانە، درووست ئەم سیاسەتانەن کە ناتۆ دوای شەڕی سارد و لە قۆناغی دەسەڵاتی ڕووسیەدا گرتوویەتە بەر. تەنیا بۆ ساتێک بیهێنینە بەرچاو کە ڕووسیە لە ڤێنێزۆیلا، کووبا، نیکاراگۆئە و یان لە بوولیوی دەست بداتە مانۆڕی نیزامی و پایگای نیزامی دامەزرێنێت و یان هەوڵ بدات ئەوان بە چەکی ئەتۆمی تەیار بکات، کاردانەوەی ئەندامانی ناتۆ بەتایبەت ئەمریکا چ دەبێت.
بەدەر لەوەیکە شەڕ لە ئۆکراین چ چارەنووسێکی بەسەر دێت، ئەوەیکە گرینگە وێناکردنی ڕەوتی داهاتوو و ئەو دەرسانەن کە لێی وەردەگیرێت. هەر وەک دەبینین لە جەرەیانی ئەم شەڕەدا هاواری دیفاع لە وەتەن گوێ کەڕ دەکات. دەڵێی بۆ جارێکی دیکە لە ڕۆژان و مانگەکانی بەرلە دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیهانی داین. بیروڕای گشتیی لەلایەن میدیا زاڵەکانەوە بەجۆرێک کەوتوونەتە بەر بۆمبارانی هاواری وەتەن پەرستی کە بە سەختی بەقەولی لێنین دەتوانین ئەم پرسیارانە بکەین: “چ شتێک بوو بەهۆی شەڕ، چ چینێک لەم شەڕەدا بەشدارن و چ باروودۆخێکی مێژوویی و ئابووری ئەم شەڕەی لێکەوتەوە”. ئەگەر لە ڕووسیە بیت دەستبەجێ دەستگیر دەکرێی. لە ئۆکراین خائین بە وەتەن دەناسرێی و تیرباران دەکرێی و لە ڕۆژاوای پێشکەوتووش ئەگەر جیرەخۆیری پوتین نەناسرێی وەک کەسێک کە “لە پوتین حاڵییە” پێناسە دەکرێی. ئابووری، سیاسەت، کلتوور و هونەر هەر هەموویان کەوتوونەتە چوارچێوەی ئەم داوەرییانەوە. زیاتر لە هەمووان ئەوانە هاواری وەتەن پەرستییان بەرز بووەتەوە کە سەرمایەکانیان هیچ وەتەنێک ناناسێت و لەپێناو قازانجی خۆیان هەموو قەڵای بیروباوەڕێک دەڕووخێنن. لەژێر سێبەری شەڕدا سەرمایەکانیان زیاد دەکەن و ئەگەر بۆشیان بگرێت ڕەقیبەکانیان بەرەو نابوودی دەبەن.
ئەگەر لەلایەکەوە ڕۆژاوا هەوڵ دەدات کە ڕیزەکانی خۆی نەتەنیا لە بەرامبەر ڕووسیە بەڵکوو لە بەرامبەر غوولی ئابووریی چیندا پتەوتر بکات، لەلایەکی دیکەوە ڕووسیە و چین و تا ئاستێک هێندیش لێک نزیکتر دەبنەوە. هەڵبەت هەموو ئەمانەش دەرخەری ئەو نەهامەتییە تازانەن کە جیهان لەگەڵیان بەرەوڕوو دەبێتەوە. ئەگەر بۆ سەرانی ئەم لایەنانە چارەنووسی ملیۆنان مرۆڤ کە دەبنە قوربانیی ئەم کێبەرکێ و شەڕانە هیچ بایەخێکی نییە، لەبەرامبەردا کرێکاران و قوربانییانی ئەم نیزامەش هیچ ڕێگایەکیان نییە بێجگەلە ئەوەیکە خۆیان نەکەنە گۆشتی بەردەم تۆپی ئەم شەڕ و کێشمەکێشانە و هەنگاوی بەرزتر هەڵگرن و بیر لە پێکهێنانی بەرەی چینایەتیی جیهانی بۆ ڕووخاندنی گشت دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری بکەنەوە کە چوار سووچی جیهانیان کردووەتە مەیدانی ڕمبازێنی خۆیان.
https://cpiran.org/
https://alternative-shorai.tv