فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

چوارشەممەسووری، درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە
یەکشەممە ۲۸-۱۲-۱۴۰۱   |  19-03-2023
چوارشەممەسووری، درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە

لە ئیدامەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ناڕەزایەتیی سەرانسەری، هەفتەی ڕابردوو چەندین بانگەواز بۆ بەرپاکردنی مەراسم و ئیعتڕازاتی سێ ڕۆژە بەبۆنەی چوارشەممەسووری بڵاوکرایەوە. لە وڵام بەم بانگەوازانە لە ڕۆژانی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە (٢٢، ٢٣، ٢٤)ی ڕەشەممە لە زیاتر لە سەد شاری ئێران جەماوەری خەڵکی وەگیانهاتوو بەشێوەی مانگرتن و ناڕەزایەتی، دژبە کۆماری ئیسلامی هاتنە سەر شەقامەکان.

لەم سێ ڕۆژەدا بەبۆنە و بەبیانووی چوارشەممەسووری، لەگەڵ تاریکبوونی هەوا خەڵکی ناڕازی دژبە هەژاری و برسیەتی و دیکتاتۆری و سەرکوت بە پێشەنگایەتیی ژنانی خەباتکار، دووبارە ڕژانە سەر شەقامەکان و بە وتنەوەی دروشمی بەهێز لەدژی ڕێبەران و گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. ژنان و کچانی ئازادیخواز بە ئاگرتێبەردانی ڕووسەرییەکانیان وەک هێمای یاسای کۆیلەتی و دژی ژن، بە سووتاندنی وێنەی خومەینی و خامنەیی و قاسم سولەیمانیی تیرۆریست وەک هێمای دەسەڵاتی ئیسلامی، بۆ جارێکی دیکە عەزم و ئیرادەی خۆیان بۆ درێژەدانی خەبات هەتا ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی نیشان دا. ڕۆژی چوارشەممە لە چەندین ناوچەی تاران لەوانە شارەکی ئێکباتان، جەوادیە، مەیدانی ئینقلاب، تێهرانپارس، سەتارخان، پونەک، نارمەک، مەنتەقەی گیشا، سەعادەت ئاباد، فەلاح، نازی ئاباد، هەفت حەوز، مەرزداران، و سەرداری جەنگەڵ، ناڕەزایەتیی بەرین وێڕای هەڵکردنی ئاگر و وتنەوەی درووشم لەدژی حکوومەتی ئیسلامی بەرپا کرا. بێجگەلە ناوچەکانی تاران، لە شارەکانی ڕەشت، مەشهەد، تەورێز، ئیسفەهان، شیراز، ئەراک، گوڵشەهر و گەوهەردەشتی کەرەج، شاهین شار، قەزوین، زەنجان، لاهیجان، شاری ڕەی، گورگان، گۆنبەدی کاووس، ساری، بوشێهر، ئاستارا، ئەردەبیل، کرمان، خۆرەم ئاباد، مەلایر و لە شارەکانی کوردستان سنە، سەقز، کامیاران، کرماشان، ئیلام، پیرانشار، مەریوان، دیواندەرە، جوانڕۆ، ڕەوانسەر، بۆکان، دەرەی شار و ئابدانان و شوێنەکانی تر، خەڵکی ناڕازای بەشێوەی جۆراوجۆر و بە وتنەوەی دروشمی سیاسی و موتالباتی دەستیان دایە ئێعتڕاز و بەرانبەر بە هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی بەشێوەی جۆراوجۆر موقاومەت و بەرەنگاربوونەوەیان نیشان دا. لە زۆرێک لە زانکۆکان خوێندکارانیش بەرەنگاری هێزە جیرەخۆرەکانی بەسیج و هێزە ئەمنیەتییەکان بوونەوە. هەروەها ڕۆژی سێشەممە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی پارێزەران بەرەوڕووی پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی بووەوە و ژمارەیەکیان دەستبەسەرکران.

دروشمەکانی ژنان و پیاوانی ناڕازی، کرێکاران و باقیی توێژەکانی کۆمەڵگە، کە لەم دورەیە لە ناڕەزایەتییەکاندا بەبێ ترس و نیگەرانی لە تەوەحوشی ڕژیمی ئیسلامی بە دەنگی ڕەساوە دژبە حکوومەت وترایەوە، ئابووری، سیاسی، چینایەتی و هەمەلایەنەتر لە ڕابردوو بوون. خەڵکی ناڕازی بە وتنەوەی دروشمی وەک “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “ژن، ژیان، ئازادی”، “نان، کار، ئازادی”، “وەعدە و وەعید کافیە، سفرەکانمان خاڵیە”، “کرێکاری نەوتمان، ڕێبەری سەرسەختمان”، “کۆماری ئیسلامیمان ناوێ”، “ئازادی، ئازادی”، “زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ”، “کرێکار، خوێندکار، مامۆستا، یەکگرتن، مانگرتن”، نیشانیان دا کە ڕژیمی دەرماندە و وەرشکستەی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێک نییە کە بێجگەلە سەرکوت و کوشتار و زیندان، وڵامێکی تری بۆ خواست و موتالباتی خەڵکی وەگیانهاتوو هەبێت.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم کە نەیدەتوانی بە خۆگێلکردن، ناڕەزایەتیی بەرینی سێ ڕۆژە ئینکار بکات و پێشتر هێزی سەرکوتگەر و موتۆڕسواری بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خەڵک ئامادە کردبوو، زەبوونانە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنێک وەک هەمیشە ئیعتڕازات و موتالباتی خەڵکی “پیلانی خرابکارانە و چەندلایەنەی دوژمن” ناو لێنا و ئیدیعای کرد کە “توانیویەتی چەندین تیمی تیرۆریست شناسایی و دەستگیر بکات و مەواد و کەرەستەی تەقینەوە، نارنجۆکی دەستی و خۆمپارەی دەستساز” زەوت بکات. ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ڕێبەندان فەرماندەی بەکرێگیراوی هێزی ئینتزامی کە دەیزانی ناتوانێ بەرەنگاری جەماوەری ناڕازی بێتەوە، ڕایگەیاند کە: ”ئەمساڵ قەرارە لە مەئموورانی لیباس شەخسی و زەرفیەتی مزگەوتەکانیش کەڵک وەربگیرێت”. بەمجۆرە بۆ جارێکی دیکە دەرکەوت کە مزگەوت و باقیی ناوەندە مەزهەبییەکانی تر ئامرازەکانی سەرکوت و سیخوڕین لە دەستی ڕژیمدا. بەیاناتی هیستریک و ئیقداماتی کاربەدەستان و دەزگاکانی ڕژیمی ئیسلامی نیشانەی ئەوەن کە قۆناغی نوێی مانگرتن و ناڕەزایەتی هێندە بەرین دەبێت کە خەون و خەیاڵی سادەلەوحانەی مەسئوولان و ئەو کەسانەی تێکداوە کە لایان وابوو کۆماری ئیسلامی توانیویەتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەراسەری سەرکوت بکات و فەزای ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت.

بەڵام سەرەڕای هۆشداری پێشوو و تەبلیغاتی بێ ئاکامی کاربەدەستان و دەزگا ئەمنی و نیزامییەکان، حزووری بەرینیان لە شەقامەکان و ناوەندە هەستیارەکانی ڕژیم و هێرشی وەحشیانە بۆسەر خەڵکی ناڕازی، ڕژیم نەیتوانی بەربە مەراسمی چوارشەممە سووریی ئیعتڕازیی کرێکاران، ژنانی ئازادە، خوێندکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، پارێزەران و باقی توێژەکانی تری کۆمەڵگە بگرێت. ژنان و پیاوانی ناڕازی لە هەموو شوێنێک بەرەنگاری هێرش و کردەوەی وەحشیانەی هێزە سەرکوتگەرەکان و مۆتۆرسوارانی ڕژیمی ئسیلامی بوونەوە. بەداخەوە لەم ئیعتڕازاتەدا زیاتر لە ٢٠ کەس بەهۆی تەقەی گولـلە و گازی فرمێسکڕێژ و توندوتیژیی هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕژیم و بەهۆی ڕووداوەکانی تر گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٧٠٠ کەس برینداربوون و پتر لە ٢٥٠٠ کەسیش دەستبەسەرکران.

ئیعتڕازاتی چوارشەممەسووری بۆ جارێکی تر ئەم واقعیەتەی بەباشی نیشان دا کە فەزای سیاسی کۆمەڵگا هەروا شۆڕشگێڕانەیە. نیشانی دا کە سەرکوت و زەبروزەنگ ناتوانێ کرێکاران و توێژە بێبەشکراوەکانی کۆمەڵگە لە بەدواداچووانی خواست و داخوازیی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییان پاشگەز بکات. نیشانی دا کە ئەوان بۆ گەیشتن بە خواست و موتالباتیان پێویستە خەباتی خۆیان، یەکگرتووتر، سازماندراوتر و بەپێی بەرنامە و ستراتێژی و تەنانەت بەبێ ترس بەشێوەی عەلەنی و وێڕای ڕاگەیاندنی پێشوو بەڕێوەبەرن. نیشانی دا کە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەراسەری، بەستێنی گونجاوی بۆ پەیوەستبوونی زیاتری توێژەکانی تری کۆمەڵگە لەپێناو دیفاع لە مافی خۆیان بۆ بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی شایستەی ئینسان فەراهەم کردووە. نیشانی دا کە ئەگەر کرێکاران و جەماوەری خەڵک ئیرادە بکەن، پچڕاندنی ئینتێرنێت و هەوڵی بێوێنەی ڕژیم بۆ ئامادەکردنی هێزی سەرکوتگەر و ڕەوانەکردنیان بۆ سەر شەقام و کەڵک وەرگرتنی لە وردەخۆرانی بەسیج و مزگەوت و باقیی شوێنە ئەمنیەتی و سیخوڕیەکانی تر، ناتوانێ بەربە پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بگرێت. بێگومان ئەم بزووتنەوەیە بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هەنگاوێکی ئەساسی لەپێناو گەیشتن بە داخوازییەکانیدا هەڵدەگرێت.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co