رۆژی جۆمعە ١٧ی پووشپەر، کرێکارانی مسی “سۆنگونی” وەرزەقان لە چوارەمین ڕۆژی بەردەوامی مانگرتنیاندان. شەوی ڕابردوو کاتژمێر ١٢ هێزەکانی سەرکوتگەری پۆلیسی زیاتر چوونە ناو کۆبوونەوەی کریکاران و هەڕەشەی کۆکردنەوەی چادرەکانی کرێکاران و کردنەوەی دەرگای چوونە ژوورەوەی مەعدەنەکەیان کرد، کە کرێکاران بۆ ڕێگریکردن لە گرژی و ئاڵۆزی چادرەکانیان گواستەوە. کاتژمێر ١ی بەرەبەیان، حوسێن فەتحی بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی کاری ئازەربایجانی شەرقی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو شوێنە و فەرماندەی پۆلیسی ناوچەکە هاتنە لای کرێکاران و هەوڵی هێورکردنەوەی کرێکارانیان دا. بەڵام کرێکاران ئامادە نەبوون گوێ لە لێدوانە ناڕاستەکانی حۆسێن فەتحی بگرن و ڕایانگەیاند؛ کە نوێنەرانی ئێمە دەستبەسەرن و دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێن، ئەوکات ئامادە دەبین بۆ دانوستان.