مانگەکانی کۆتایی ساڵ وەک هەموو ساڵەکانی دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامی، هەموو ئەوانەی وا لەڕێگەی گوشار خستنە سەر کرێکارانەوە سەروەت کەڵەکە دەکەن، وەجمووجۆڵ دەخات. ئۆرکێستێکی بەدئاهەنگ کە هەموو ژەنیارەکانی لە جێی خۆیانەوە ئاوازێکی یەکسان لێدەدەن. ئاوازێک کە قەرارە دیسان هاوشێوەی زەربەی شەللاق لە جەستەی حەقدەستوەگران بدرێت.
لە نوێنەرانی بەناو کرێکاریی شۆرای باڵای کار کە بێجگەلە باسکی دەوڵەت و سەرمایەداران شتێکی تر نین، تا نوێنەرانی دەوڵەت کە خزمەتکاری سەرمایەن و سەرەنجام نوێنەرانی ڕاستەوخۆی بورژوازیی بەتەماع، دێنە مەیدان. ئەم شانۆ دووپاتەکراو و بێ ناوەرۆکەیان سێ لایەنێتی ناولێناوە کە ئەوەش خۆی فریوکارییەکی ئاشکرایە. ئەوان لەم شۆرایەدا سەرەڕای سێ لایەن بوونی ڕواڵەتی و زۆربڵەیی کردنیان، لەڕاستیدا تەنها یەک لایەنن کە جلی جۆراوجۆریان لەبەر کردووە. لایەنەکەی دیکە ئەوانەن کە لە کارخانە و لە گوزەری گەڕەکەکان بە کۆیلەتی دەکێشرێن و حەقدەستەکانیان تەنانەت بەشی ١٠ ڕۆژی مانگێکیان ناکات. ئەگەر لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی سەرمایەداری، یەکیەتییە کرێکارییەکان لە چوارچێوەی پەرلەمانتاریسمی بورژوایی مەیدانی کایە و هێزی چەنەلێدانیان هەیە، لە ناو کۆماری ئیسلامی دا هەر لەم یەکیەتییانەش هیچ خەبەرێک نییە. لێرە خۆیان هەم دەیبڕن و هەم دەشیدوورن و تەنانەت لە بەڕێوەبردنی هەر ئەم ئاستەش خۆدەدزنەوە. ڕۆژێک بە بیانووی نەبوونی بەهرەوەری، ڕۆژێک بە خاتری تەوەرۆم کە بەرهەمی سیاسەتی ئابووریی دەوڵەتە، ڕۆژێک لەژێرناوی حەقدەستی ناوچەیی، ڕۆژێک بەناوی حەقدەستی تەوافوقی و ڕۆژێک بە بیانووی کۆرۆنا، هەر ئەم حەقدەستانەش لەسەری وەخستی خۆیاندا نادەن.
لە مانگەکانی کۆتایی ساڵدا بازاڕی ژمارە و ڕەقەم پڕ ڕەونەق دەبێت. ڕێژەی تەوەرۆم لەناکاو دەبێتە تەک ڕەقەمی، ئەویش لە باروودۆخێکدا کە نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان دوو، سێ بەرابەر بووە. هێڵی هەژاری ڕادەگەیەندرێت و لەسەر ئەم بابەتە دەدوێن تا لە ئەگەری بەناو ئینسافی خاوەنکار، بە لانیکەمی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاریی کرێکاران، چەند لەسەدێک زیاد بکرێت و ئەوکات بێشەرمانە بە تام و چێژەوە لە بڵینگۆکانیانەوە هاوار بکەن کە حەقدەستەکانیان زیاد کردووە. لە سەرتاسەری ئەم شانۆ قیزەونەدا هیچ باسێک لە خۆشبژێویی کرێکار لەگۆڕێدا نییە. باسەکە لەسەر ئەوەیە کە هەر ئەوەندەی پێ بدرێت کە بەشێکی کەم لە هێزی کارەکەی قەرەبوو بکرێتەوە و چەرخی سەرمایە هەڵسووڕێت. بەڵام ئەگەر قەرارە حەقدەستی کرێکاران دیاری بکرێت پێویستە ئەم شانۆ قیزەونە کۆتایی پێبێت. ئەوکات ئەوە نوێنەرانی کرێکارین کە لایەنی حیسابن. نەک خانەی کاریگەر و شۆرای ئیسلامی. بێگومان لە پشت دەرگای داخراو و لە جەرگەی سات و سەودای سێ هێز کە زاتەن بەرامبەر بە کرێکاران ڕادەوەستن، ئاستی حەقدەست دیاری ناکرێت.
لەبیرمان نەچێتەوە کە مەسەلەی حەقدەست تەنیا مەسەلەی کرێکاران نییە. مەسەلەی کرێکارانی بێکار، کرێکارانی وەرزی، کرێکارانی گرێبەست، کرێکارانی ڕۆژمزد، مامۆستایان، پەرستاران، مەسەلەی ژنان و مەسەلەی هەموو ئەوانەیە کە لەڕێگەی فرۆشتنی هێزی کاری خۆیان سەهمێکی کەم بەنەسیبیان دەبێت. ڕێک بەم هۆکارەیە کە پێویستە هەموو ئەوانەی وا دەکەونە بەر پەلاماری شۆرای سێ لایەنە، بە ڕیزی پتەوی خۆیان شەقامەکان دابگرن. کێ دەتوانێ ئیدیعای ئەوە بکات کە ژنانی بێ مزدی ناو ماڵ و یان دوور کار، نەکراونەتە ئامانجی هێرشی سەرمایە. کێ دەتوانێ ئەو ئیدیعایە بکات کە کرێکارانی ڕۆژمزد کە لە مەیدان و مەحەلات تەنانەت بۆ دزۆرینەوەی یەک ڕۆژ کار پێویستە خەریکی ڕەقابەت بن، قوربانییانی هێرشی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری نین.
لەڕاستییدا بورژوازی لێرە بە یارمەتیی دەوڵەتێکی سەرکوتگەر، تەنیا کرێکاری خامۆش و هەرزانی دەوێت. ڕاستە کە نرخی کرێکاری هەرزان هەموو ساڵێ لە دانیشتن و کۆبوونەوەکانی کۆتایی ساڵدا دیاری دەکەن، بەڵام دەمێکە لەگەڵ کرێکاری خامۆش بەرەوڕوو نین. ئێستا ئیتر دەمێکە سەردەمی بڕیاردان لەسەر ژیانی کرێکاران لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە تێپەڕیوە. مەگەر بێجگەلە ئەوەیە کە کرێکارانی حەوت تەپە لەڕێگەی مانگرتنی ڕێکخراو و ڕێپێوانی پڕگوڕوتینیان لەماوەی ٥ ساڵ نەبەرددا، کۆمەڵێک خواستیان بەسەر دوژمندا سەپاند. مەگەر بێجگەلە ئەوەیە کە کرێکارانی وەرزیی حەوت تەپە هەروا بۆ حەقدەستەکانیان خەبات دەکەن، مەگەر بێجگەلە ئەوەیە کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا مامۆستایان لە چوار گۆشەی جوگرافیای ئەم وڵاتەدا بە هاتنە سەر شەقامەکان، بە دەرکردنی ڕاگەیاندن و بانگهێشت، ئاستی حەقدەستەکانیان ڕاگەیاندووە. خانەنشینکراوان بۆ چەندین حەوتووی بەردەوام لە لەئاست مووچەیەک کە لانیکەمی ژیانیان دابین ناکات، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەدەبەن. هەمووی ئەم جەماوەرە کەسانێکن کە پێویستە ئاستی حەقدەست دیاری بکەن. بێگومان هەر ئەم مرۆڤانەن کە دەرخەری دیمەنی واقعیی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانن. ئەگەر کرێکارانی حەوت تەپە دەرگای شۆرای ئیسلامییان داخست، بۆچی ئاسۆی داخستنی دەرگای شۆرای باڵای کاریش نەکەوێتە بەرامبەر ئەرتەشی ملیۆنیی کرێکارانەوە. “شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت” لە بەیاننامەی خۆیدا بە درووستی لەسەر ئەم بابەتە پێداگری دەکات و دەنووسێت: ” یەکەم قسەی ئێمە کرێکاران ئەوەیە کە ئێمە کۆیلە نین کە لەسەر سەرمانەوە سەبارەت بە حەقدەستمان بڕیار بدەن و ئێمە شۆرای باڵای کار و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ڕێکخراوە دەستسازەکانی حکوومەت کە لەژێرناوی “کۆمەڵگەی کرێکاری” بەشداری دەکەن بەڕەسمی ناناسین و قەبووڵمان نییە”.
بۆ بردنەسەرەوەی حەقدەستی کرێکارانی قەراردادی و ڕۆژمزد، مامۆستایان، خانەنشینکراوان، ژنان، بێکاران، کرێکارانی وەرزی و هەموو ئەوانەی وا بۆ ژیانێکی خۆشبژێو و ئینسانی خەبات دەکەن پێویستە بە یەکڕیزییەوە کارخانە و شەقام بکەنە گۆڕەپانی خۆپیشاندان و هێزی چینایەتی و ئیرادەی خۆیان ڕێک بخەن.