لە دوو حەوتووی ڕابردوودا، زۆربەی دەوا و دەرمانەکان بەتایبەت ئەو دەرمانانەی کە زۆر کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر نرخیان بەرز بووەتەوە.ئەوە لە حاڵێکدایە کە “ئیبراهیم ڕەئیسی” بەفەرمی وتی کە نرخی دەوا و دەرمان وەکوو نان و بێنزین گران نابێت.
لەلایەکی دیکەوە حەوتووی ڕابردوو بڵاویان کردەوە کە نرخی هەزار و ٦٣٠ جۆر دەرمانی بەرهەمی نێوخۆیی ئێران، لە ٢٣ی پووشپەڕەوە لە نێوان ٥ تا ٣٠ لەسەد هەڵکشاوە. لێکۆڵینەوەکان دەرخەری ئەوەن کە نرخی ئەو دەرمانانەی کە بەڵگەی پزیشکییان لەگەڵ نییە، لە یەک حەوتووی ڕابردوودا لانیکەم ٣٤ تا ٢٠٠ لەسەد بەرزبووەتەوە. نەبوونی چاوەدێری بەسەر بازاڕ و گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیم بوونەتە هۆی گرانییە سەرسووڕهێنەری یەک لە دوای یەک و خەڵکیش بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوە توانای دابینکردنی پێداویستییە دەرمانییەکانیشیان نییە.