ئیلیزابیت شیروود ڕانداڵ، ڕاوێژکاری ئاسایشی ناوخۆ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند “ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی زریانی هێلین”ەوە گیانیان لەدەست داوە، گەیشتووەتە 600 کەس، کە هیچیان لەبارەوە نازانرێت.
پێش لێدوانی ئەو ڕاوێژکارە، ژمارەی تۆمارکراوی قوربانیانی ئەو زریانە 100 کەس بووە، تاوەکوو ئێستەش بەردەوامن لە گەڕان بەدوای قوربانییەکاندا. جێگای ئاماژەیە، لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، ٣٧ کەس گیانیان لەدەست داوە کە ٣٠ کەسیان تەنیا لە ناوچەی بانکۆمب بوون.
بەپێی دوایین ئامار، لانیکەم 25 کەس لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور، 17 کەس لە جۆرجیا، 11 کەس لە فلۆریدا، دوو کەس لە تێنسی و کەسێک لە ڤێرجینیا گیانیان لەدەست داوە. زریانی ‘هێلین’ بە خێرایی 225 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو گەیشتە باکووری ڕۆژئاوای فلۆریدا و پاشان ئاراستەکەی بەرەو باکوور گۆڕی و وێرانکارییەکی گەورەی بە ناوچەکە گەیاندووە.