درێژەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا و پەرەسەندنی ڕووحیاتی شۆڕشگێڕانە، کۆمەڵگەی بردووەتە پێگەیەکی شۆڕشگێڕانەوە. لە جەرەیانی ئەم ئاخێزەدا، حزووری ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە ناڕەزایەتییەکانی شەقام، لە زانکۆ و مەدرەسە و شوێنەکانی تر، لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکان و بە هێنانەگۆڕی دروشم و کردەوەی شۆڕشگێڕانەی خۆیان، بەڕوونی نیشانیان دا کە خەباتکاران لە زەروورەتی تێپەڕینی شۆڕشگێڕانە لە دەسەڵاتی ئیسلامی ئاگادارن. بەڵام ئەم ڕووحییات و گوڕوتینە شۆڕشگێڕانەیە کە خەسلەتی بەرچاوی پێگەیەکی شۆڕشگێڕانەیە، هێستا لەناو جەماوەری کرێکاری ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا بەشێوەی بەربڵاو پەرەی نەستاندووە. سەرەڕای هەوڵ و زەحمەتی هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی ڕادیکاڵی کرێکاری، بەشێکی بەرین لە کرێکاران هێستا بەوە نەگەیشتوون کە بۆ چوونەدەرەوە لەو بارودۆخە پڕ لە هەژاری و بێ مافیی سیاسییە و بۆ تێپەڕین لە حکوومەتی ئیسلامی و موناسباتی سەرمایەداری پێویستە بە چەکی بەهێزی مانگرتن بەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە پەیوەست بن. هێستا بەوە نەگەیشتوون کە پێویستە بە وەڕێخستنی ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە دژبە نەزمی مەوجوود، کۆتایی بەو هەمووە هەژاری و بێ مافییە بێنن. بەڵام هەوڵەکان بێ وەستان بەردەوامن. بێگومان ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری لە پێویستیی سیاسی و چینایەتیی هاتنە مەیدانی چینی کرێکار و هەوڵدان بۆ دابینکردنی هێژمۆنیی بزووتنەوەی کرێکاری ئاگادارن. بەڵام پێویستە ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە سەرکوتی بەرین، هەڕەشەی دەرکردن، هەژاریی بێوێنە و نیگەرانی لە ئاکامەکانی مانگرتن لەسەر ژیانی بنەماڵە کرێکارییەکان، ئەو بەربەستانەن کە چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری بۆ ڕێکخستنی مانگرتن و هێنانە مەیدانی کرێکاران لەگەڵی بەرەوڕوون. ئەوەش لە حاڵێکدا کە هێڵی هەژاریی ڕێژەیی لە سەرووی ١٨ ملیۆن تمەن لە مانگ دایە.
ئەم ئەزموونە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە هەموو پێکهاتەکانی دۆخێکی شۆڕشگێڕانە لە یەک کاتدا دابین ناکرێت. بەڵام لە ژێر کاریگەری کەشی گشتی کۆمەڵگادا، ڕووحییاتی کرێکارانیش بە خێرایی لە گۆڕاندایە. بێگومان کرێکارانیش هەنگاو دەنێنە قۆناغی هێرشبردنەوە. ئەم بارودۆخە شۆڕشگێڕانەیە کۆمەک دەکات کە بزووتنەوەی کرێکاری چەند هێندەی خێرایی ئەم بزووتنەوەیە لە دۆخی ئاساییدا، بەسەر کەموکوڕییەکانیدا زاڵ بێت و بە مانگرتنی خۆی ڕێگای پێشڕەویی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە هەموار بکات.
لەلایەکی دیکەوە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کارەساتبار و هەژاری و فەلاکەتێک کە بەسەر زۆربەی خەڵکدا سەپاوە، گۆڕانکاریی لە وشیاری و ئاراستەی وردەبورژزوازیشدا پێکهێناوە. بەرەبەرە توێژە بەرینە کۆمەڵایەتییەکان، نەتەنیا بە ڕێژیمی ئیسلامی و چینی سەرمایەدار کە پایەی کۆمەڵایەتیی ئەم دەسەڵاتەیە، متمانەیان نامێنێت، نەتەنیا نایانهەوێ ئەم بارودۆخە بپارێزن، بەڵکوو بەرەبەرە بە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە بۆ کۆتایی هێنان بە وەزعی مەوجوود هیوادار دەبن. مانگرتنی بازاڕییان و کارمەندانی ئیدارات نەتەنیا لە شارەکانی کوردستان، بەڵکوو لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران کە لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بوونەتە ناوەندی ناڕەزایەتیی شەقام، ئەم ئاراستەیە نیشان دەدات. بۆ پێشڕەوی ئاخێزی ئێستا، ئەم ئاراستەیە پێویستە. چونکە ئەگەر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و چینی سەرمایەدار کە لە کەمینە دایە درێژەی هەیە، تەنیا بەو دەلیلەیە کە بێجگەلە بەکارهێنانی هێزی سەرکوت و دامودەزگای فریو، هاوڕێیەتی یان لانیکەم بێ لایەنیی “چینی مامناوەند” و ئەو توێژانەی بەدەست هێناوە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگەدا نییە. هەڵبەت ئەگەر چینی کرێکار بتوانێ هێزی کۆمەڵایەتیی خۆی بەشێوەی ڕێکخراو بێنێتە مەیدانی خەباتی سیاسی، پشتیوانیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو خۆی ڕابکێشێت و لە پێگەی ڕێبەریی کۆمەڵگەدا دەرکەوێت، بێگومان بەخێرایی لەسەر ئاراستە و مەیلی ئەم توێژە کۆمەڵایەتییانە کاریگەری دادەنێت.
هەموو ئەوانەی باسیان لێکرا و ڕەوتی بارودۆخی سیاسیی ئێران نیشانی دەدات کە کۆمەڵگە کەوتووەتە پێگەیەکی شۆڕشگێڕانەوە. لەو جێگەوە کە شۆڕش گونجاوترین ڕێگای بەدەسەڵات گەیشتنی چینی کرێکارە، چوونە ناو قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە بۆ کۆمۆنیستەکان یەکجار گرنگە. واتە قۆناغێک کە دەرفەتی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی بورژوازی و گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی فەراهەم دەکات. دیارە کەوتنە ناو پێگەیەکی شۆڕشگێڕانە بەتەنیا سەرهەڵدانی شۆڕش و سەرکەوتنی چینی کرێکار زەمانەت ناکات. بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشێک کە نیزامی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی شۆڕشگێڕانە بڕووخێنێ، چینی کرێکار بە دەسەڵاتی سیاسی بگات و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە نیزامی سەرمایەداری بخاتە دەستووری کارەوە، بێجگەلە ئەو ئاڵوگۆڕ و زەمینە بابەتی و کۆمەڵایەتییانەی کە لە ئیرادەی حیزب و هێزە سیاسییەکان بەدەرە، پێویستە چینی کرێکار واتە لۆکۆمۆتیڤی سەرەکیی شۆڕش بەڕادەی پێویست ڕێکخراو و وشیار و بەهێز بێت تا بتوانێت ئەرکی مێژوویی خۆی بە سەرەنجام بگەیەنێت. ئەوە تەنیا بەس نییە کە چینی دەسەڵاتدار نەتوانێ وەک پێشوو درێژە بە دەسەڵاتی بدات، هەژاریی چینی ژێر دەست گەیشبێتە ئاستێکی لەتاقەت بەدەر و کرێکاران بەرەو مەیدانی کردەوەی ڕاستەوخۆ دژبە بارودۆخی زاڵ هەنگاویان هەڵگرتبێت، بەڵکوو جگە لەم پێشمەرجانە، پێویستە چینی کرێکار توانای ئەنجامدانی ئەرکی مێژوویی خۆی بەدەست هێنابێت. چینی کرێکار بە بێ خۆ سازماندان لەناو ڕێکخراوی چینایەتی و جەماوەری و حیزبی سیاسیی کۆمۆنیستیی خۆی، بە بێ پێکهێنانی ڕێکخراو و پەرەپێدانی ناوەندی وەک کۆمیتەی مانگرتن و بە بێ پێکهێنانی شۆرای کرێکاری کە مانگرتن و خەباتی ئێستای کرێکاران هیدایەت و ڕێبەری بکات، ناتوانێ زەرفییەتەکانی خۆی بۆ پێکهێنانی ئەم ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەیە بەکار بهێنێت.
لەئێستادا زاڵبوون بەسەر ئەم لاوازی و کەموکوڕییانە و ئامادەکردنی چینی کرێکار بۆ ڕێبەریی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە، ئەرکی قورس دەخاتە ئەستۆی چالاکان و ڕێبەرانی سۆسیالیستیی بزووتنەوەی کرێکاری و حیزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکان. کۆمۆنیستەکان کە داکۆکیکاری شۆڕشی بەردەوامن نابێ بۆ ساتێکیش لە ئەنجامدانی ئەم ئەرکانەیان غافڵ بن. پێویستە بە کرێکاران نیشان بدرێت کە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ژیانێکی خۆشبژێو و ئینسانی، لە ڕێژیمی سیاسی و نیزامی چینایەتیی زاڵ پێویستە تێپەڕن و گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و بێدەسەڵات کردنی سەرمایەداران بخەنە دەستووری کارەوە. لەبەر ئەوەیکە پێشمەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی شۆڕش گەیشتووەتە قۆناغێک کە مەجالی هیچ باسێکی سەبارەت بە ڕێفۆرمی سیستماتیک و باشترکردنی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەژێر دەسەڵاتی سەرمایەدارانی ئیسلامی و غەیرە ئیسلامیدا نەهێشتووەتەوە.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران