فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

چەوساندنەوەی منداڵانی کار لەلایەن مافیای دەسەڵاتی ئیسلامی
سێشەممە ۰۳-۱۱-۱۴۰۲   |  23-01-2024

ئاماری منداڵانی کار و شەقام لە ئێران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت. کۆماری ئیسلامی بەئەنقەست نە خۆی ئامارێکی ورد لە ژمارەی ئەم منداڵانە دەدات و نە ڕێگە دەدات ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی منداڵان لەم ڕاستایەدا هەوڵ بدەن. لەم پێوەندەدا ئەندامێکی شۆرای شاری تاران مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ وتی: تەنها تاران ٧٠ هەزار منداڵی کاری تێدایە. زیادبوونی بەرچاوی ئەو منداڵانە و دیمەنە دڵتەزێنەکانی بژێو و کاریان کە ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، ویژدانی هەموو مرۆڤێک ئازار دەدات. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی منداڵان، ئەمساڵ ژمارەی ئەو بنەماڵانەی کە بەهۆی هەژاری و کێشەی بنەماڵەییەوە مەجبوور بوون منداڵەکانیان لە خوێندن بگێڕنەوە و کاریان پێ بکەن، زیادی کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی مانگی بەفرانبار، مێهدی مەلکی سەرۆکی بەناو “کارگرووپی منداڵی کار و شەقام لە وەزارەتی ناوخۆ” لە کۆبوونەوەی “کودەک یارانی ئێران”دا، ئیعترافی بەوە کرد کە لە ئێران ئامارێکی ورد سەبارەت بە منداڵانی کار بوونی نییە و ئەمەش خاڵێکی لاوازی گەورەیە. هەروەها دانی بەوە دانا کە سازمانی بێهزیستی لە بواری کۆکردنەوە و سەروساماندانی منداڵانی کار و شەقامدا زەعیف عەمەلی کردووە و وتی: ”لەنێوان دەزگا و ڕێکخراوە دەوڵەتییەکاندا ناکۆکی هەیە و پرسی ساماندان و و کۆکردنەوەی منداڵانی کار و شەقام بۆ یەکتر پاس دەدەن” ئەم ئاخوندە کە سەرۆکی کارگرووپی منداڵانی کاری ڕژیمی ئیسلامییە وتی: ”شارەداریی تاران چوار مۆدێل تەرحی بۆ ساماندانی منداڵانی کار و شەقام لەژێرناوەکانی ناوەندی شەوقی ژیانی دەزگای قەزایی، ئیقدام وعەمەلی بێهزیستی، بەشداریی خەلک و ساماندانی منداڵانی کار و شەقام، خستووەتە ڕێ.

ئەم تەرحە لە حاڵێکدایە کە زاکانی، شارەداری دزی تاران و دەستیاری تایبەتی ڕەئیسیی قاتڵ، بەقسەی خۆی دەیانهەوێ “ڕوخساری شار لە منداڵی کار و سواڵکەر” پاک بکەنەوە. ئەو باس لە تەرحێکی هاوبەش دەکات کە گۆیا لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ١٤٠٢ەوە لەلایەن شارەداری، بێهزیستی، پۆلیس و دەزگای قەزاییەوە بەکردەوە دەرهاتووە. پێکهاتەی ئەم دەزگا حکوومەتییانە بۆ ئەم کارە خۆی بەمانای هەڵسووکەوتی پۆلیسیی ڕژیم بە مەسەلەی منداڵانی کارە. وتەی تەوهین ئامێزی ئەم دزە جەنایەتکارە و ئەم هاودەستەی ڕەئیسی سەبارەت بە منداڵانی کار و شەقام، هێندە ناحەز و بێشەرمانە بوو کە ئیعتڕازی زۆرێک لە چالاکان و داکۆکیکارانی مافی منداڵانی لێکەوتەوە. ئەوان دەڵێن: ”تەرحە زەربەتییەکانی کۆکردنەوەی منداڵانی کار، بەهۆی گوشاری ئابووری و تەوەرۆمی بەرین، بێجگەلە هەزینە و زیان گەیاندنی زیاتر بە منداڵان هیچ ئاکامێکی دیکەیان نییە و دەزگا حکوومەتییەکان ناتوانن بەڕێوەی بەرن. وە بەسەرەنجدان بە پەرەسەندنی هەژاری لە ئێران، ژمارەی ئەم منداڵانە لە داهاتوودا زیاتریش دەبێت”. مودیری دامەزراوەی “یاریگەرانی منداڵی کاری پووپا” لە وڵام بە وتەکانی زاکانی وتی: شارەداری تاران بەم وتانەی نیشانی دا کە نە تەنها نیگەرانی منداڵانی کار نییە بەڵکوو دەیهەوێ سوورەتی مەسئەلەکەش پاک بکاتەوە”. ئەو ئەم پرسیارەی هێنایە گۆڕێ کە ئەگەر شارەداری ڕاست دەکات بۆچی بەربە مافیای زبڵگەڕی کە یەکێک لە سەختترین کارەکانی منداڵانە ناگرێت؟

هێنانەگۆڕی ئەم تەرحانە لەلایەن دامودەزگاکانی حکوومەتی ئیسلامی سەبارەت بە مندااڵانی کار کە ڕۆژانە لە شەقامەکان بۆ پەیداکردنی تیکەیەک نان ڕوویان کردووەتە زبڵگەڕی، دەستفرۆشی و خاوێنکردنەوەی شووشەی ماشێن و کاری هاوشێوە، نیشانەی ئەوەیە کە مەسئوولانی کۆماری ئیسلامی هیچ بایەخێک بە منداڵانی کار و شەقام نادەن. وەها تاکتیکێکی فریوکارانە سەبارەت بە چارەنووسی منداڵانی کار لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا تازە نییە و ساڵەهایە ئیدامەی هەیە. لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا کارگێڕانی ڕژیمی ئیسلامی گەلێک جار ئەم تەرحانەیان هێناوەتەوە مەیدان بەڵام هیچ کات بۆیان جێبەجێ نەکراوە و بوودجە و زەمانەتێک بۆ ئیجرا و عەمەلی کردنیان نەبووە. ئەم تەرحانە تەنها بۆ نمایش و فریوکاری بوون و هیچی تر.

لەڕاستیدا دیاردەی دڵتەزێنی منداڵانی کار و شەقام ڕیشەی لە هەژاری و برسیەتی دایە و بەرهەمی موناسباتی نیزامی سەرمایەداری لە ئێرانە. تا ئەم ڕیشەیە وشک نەبێت، دیاردەی منداڵانی کار و شەقام نەتەنها لەبەین ناچێت، بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ. کاڕگێڕانی ڕەنگاوڕەنگی حکوومەتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی بۆ نموونە کەسێکی وەک زاکانی نەتەها مانع نەبووە، بەڵکوو لە هاودەستی لەگەڵ مافیای سەرمایە لەم بەشە، قازانجیشی پێگەیشتووە. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە سەربەخۆکان، بەرپرسانی شارەداری لە هاودەستی لەگەڵ شیرکەتە پەیمانکارەکانی ژێر چاوەدێریی شارەداری، بۆ کۆکردنەوەی زبڵ ئەم منداڵانە دەچەوسێننەوە. یەکێک لە منداڵانی زبڵگەڕ وتی: ”شارەداری مانگانە نیوەی دەرئامەدەکە بۆخۆی دەبات”. پێویستە بوترێ کە چەوساندنەوەی منداڵانی کار لە حکوومەتی ئیسلامیدا تەنها بە منداڵانی کار و شەقام مەحدوود نابێتەوە. بەڵکوو ژمارەیەکی یەکجار زیاتر لە منداڵان لە کارگا ژێرزەمینی و شاراوەکاندا بە حەقدەستی یەکجار کەم لە سەنعەتی شیشەگەری، جیاکردنەوەی زبڵ، کیف دوورین، پرێسکاری و هیتر کاریان پێدەکرێت و ڕۆژانە لەگەڵ مەترسیی نائەمنیی شوێنی کار لەوانە سووتان و پەڕینی ئەنگوستی دەست و هیتر بەرەوڕوو دەبنەوە.

عەلی خامنەیی لە بارودۆخێکدا تەبلیغی زیادکردنی جەمعیەت و منداڵبوون دەکات، لە بارودۆخێکدا دەزگا دەوڵەتییەکان بۆ دابینکردنی بوودجە و ئامادەکردنی گەڵاڵەی زیادکردنی منداڵ هیدایەت دەکات کە نەسلی ئێستای منداڵانی ئێران لەم بارودۆخە دڵتەزێنەدان. ئاشکرایە بۆ خامنەیی گەشە و پشکوتنی توانای منداڵان و بەهرەمەندبوونیان لە خوێندن و پەروەردە و فێربوون هیچ گرینگ نییە. ئەوەیکە بۆ ئەو گرینگە زیادکردنی ئومەتی ئیسلام بۆ شەڕ و داگیرکاری و بەڕێوەبردنی سیاسەتی زێدەخوازانە و جەهادە. سیاسەتێک کە کرێکاران و خەڵکی ناڕازیی ئێران لەگەڵی ئاشنان و بۆ کۆتاییهێنان بەم ئەوزاعە فەلاکەتبارە ڕێگای خەباتێکی سەنگەر بە سەنگەریان گرتووەتەبەر.